ناوەڕۆكی كۆبونەوەی كەسایەتیەكانی دوزخورماتوو لە بەغدا

February 12, 2018 at 9:25 pm

سەڵاحەدین، شوباتی 2017، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوەندی قەزای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگەیاندنی ئەو هێزە

كەركوك ناو
شاندێك لە كەسایەتییەكانی دوزخورماتوو، داوای مانەوەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە لێپرسراوانی بەغدا دەكەن و جەخت لەوەش دەكەنەوە، پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ قەرەبوی زیانلێكەوتوان.

لە دووە سەردانی شاندی ئاوارە و خەڵكی دوزخورماتوو بۆ بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ چەند لێپرسراوی ناوەند كۆبونەتەوە و بڕیارە چاویان بە ژمارەیەك وەزیری عیراقی بكەوێت، بۆ تاوتوێی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان و سەقامگیری.

مەلا هاوار داودی، ئەندامی شاندەكەی دوزخورماتوو بۆ بەغدا بە (كەركوك ناو)ی وت “لەبەرئەوەی سەردانی یەكەممان بۆ بەغدا و نەجەف و كەربەلا دەرئەنجامی هەبووە بۆیە سەردانی دووەممان ئەنجامدا، ئەمجارە داوای مانەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرامان كردووە كە توركمانەكان لە بوونیان ناڕازین و سكاڵایان تۆمار كردووە”.

شاندنی ئاوارەكانی دوزخورماتوو، سەرەتای ئەمساڵیش لەچوارچێوەی ئەنجومەنێكدا، سەردانی بەغدایان كرد، دواتر هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەوانەی قەزاكە كران.

“لیژنەی بەرگری پەرلەمان دڵنیایی پێداین لە مانەوەی هێزەكە، جگە لەمە لیژنەی داراییش بەڵێنی داوە هەر كاتێك راپۆرتی قەرەبوكردنەوەی خورماتوو بە دەستیان بگات ئەوا بڕیاری لە بارەوە دەردەكەن”، مەلا هاوار وتیشی “تائێستا سەدا 4ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە و حەشدی شەعبی لە شارەكە كشاونەتەوە”.

هەزاران خێزانی دوزخورماتوو، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە ئاوارە بوون بەهۆی دروستبونی بارگرژی لە گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان و چەند هەفتەیەكیشە، گەڕانەوەی خەڵك دەستیپێكردووە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هێوركردنەوەی دۆخەكەدا.

بەغدا، 12-2-2018، كۆبونەوەی شاندەكەی دوزخورماتوو لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان فۆتۆ: نوسینگەی راگەیاندنی ئارام شێخ محەمەد

بەپێی بەلاغێكی نوسینگەی راگەیاندنی ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندنی كەسایەتییەكانی دوزخورماتوو داوای چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان كردووە بۆ مانەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خیرا لە قەزاكە، بەوپێیەی “بەشێوەیەكی بێلایەنانە” ئاسایشی هاوڵاتیان دەپارێزن.

هەروەها داوایانكردووە جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەوڵی چارەسەری كێشەی خوێندكاران و مامۆستایانی قەزاكە بدات، بۆ ئەوەش ئارام شێخ محەمەد پەیوەندی بە لێپرسراوانەوە كردووە و بڕیارە شاندەكە لەگەڵ وەزیری پەروەردە كۆببنەوە.

سەردانی شاندەكەی دوزخورماتوو هاوكاتە لەگەڵ دەستبەكاربونی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی قەزاكە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە.

فەرهاد قادر، ئەندامی ئەو لیژنەیی پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت “دوای هاتنی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا نیوەی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە و رەوشی ئەمنی شارەكە ئارامترە بەهۆی ئەوەی كوردەكانی خورماتوو هەستدەكەن ئەو هێزە بێلایەنانە مامەڵە دەكات”.

ئەوەشی رونكردەوە شاندەكەی خورماتوو جگە لە داوای مانەوەی ئەو هێزە، بەپێویستی دەزانن سزای تاوانباران بدرێت و قەرەبووبكرێنەوە.

گەڕانەوەی هێزە عیراقیەكان بۆ دوزخورماتوو دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە چەند مانگی رابردوودا كوژرانی چەند مەدەنییەكی لێكەوتەوە، ماڵ و بازاڕی خێزانە كوردەكانی قەزاكە روبەڕوی سوتان و تاڵانكردن بوونەوە، ئەوەش بەپێی بەدواداچونێكی تیمی رۆژنامەنووسانی (كەركوك ناو).

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری