عیراق ژمارەی قوربانیانی شەڕی داعش ئاشكرادەكات

February 13, 2018 at 7:12 pm

موسڵ، 27-7-2017، بەهۆی شەڕەوە زیانی زۆر لە بەری راستی شارەكەوە كەوتووە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
شەڕی تیرۆر و روبەروبونەوەی داعش لە عیراق، زیاتر لە 50 هەزار كوژراو و برینداری لێكەوتۆتەوە لەگەڵ ئاوارەبونی ملیۆنیان هاوڵاتی، ئەوەش بەپێێ‌ ئامارەكانی وەزارەتی دەرەوە.

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەویە عیراق لە كۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە كوەیت ئەمڕۆ سێشەممە 13-2 جەختیكردەوە لەوەی تیرۆر، بۆتە هۆی بەفیڕۆدانی سامان و خوێن لە وڵاتدا.

هەروەها ئاشكرایكرد “تیرۆر بووە هۆی شەهیدبوونی 18 هەزار كەس و برینداربونی 36 هەزار كەسی تر، ئەوانیش دابەشبون بەسەر ناوچە وێرانبووەكانی موسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار و ناوچەكانی تر”.

وەزیری دەرەوەی عیراق باس لەوەشكرد جگە لە كوژراو و بریندار، پێنج ملیۆن هاوڵاتی بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە ئاوارە بوون و دامەزراوە حكومییەكانیش زیانی زۆریان بەركەوت، كە تێچوەكانیان لەسەر عیراق 36 ملیار دۆلار دەكەویت، لەگەڵ 15 ملیار دۆلار زیانی كەرتی نیشتەجێبوون.

جەعفەری ئەوەشی خستەڕو كە نەینەوا بە رێژەی لەسەدا 90 زیانی بەركەوتووە، تەواوی زیانەكانی تێكدان و وێرانكاری لە عیراقیش دەگاتە زیاتر لە 88 ملیار دۆلار.

كه‌ركوك/11-11-2017/ شوێنه‌واری شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای حه‌ویجه‌ دوای سێ ساڵ له‌ حوكمڕانی داعش فۆتۆ: كاروان ساڵحی

وتەكانی ناوبراو هاوكاتە لەگەڵ كۆنگرەی كوەیتی نێودەوڵەتی بۆ دوبارە ئاوەدانكردنەوەی عیراق، بە ئامانجی كۆكردنەوەی كۆمەك و دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ ئەو پارێزگایانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە.

موسڵ و چەندین ناوچەی بەرفراوان لە پارێزگایەكی تری عیراق، لە ناوەراستی 2014دا كەوتنە دەستی رێكخراوی داعش و چەند ساڵێكە، هێزە هاوبەشەكان لە روبەروبونەوە و راوەدونانی چەكدارانی ئەو رێكخراوەدا بوون تا لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، كۆنتڕڵكردنەوەی تەواوی وڵات راگەیەندرا.

شەڕی داعش پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئاوارە كرد و تائێستا، سێ‌ ملیۆن كەس گەراونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و ئەوانی تر زۆرینەیان لە كەمپەكاندا دەژین، جگە لەو زیانە گیانی و ماڵییانەی بەر خەڵك كەوت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری