كەی كارەبای كەركوك چاك دەبێت؟
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەرج وزەی شارەكە دەگەڕێنێتەوە

February 13, 2018 at 7:58 pm

كەركوك، 11-11-2017، بەگەڕخستنەوەی وێستەگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سنوری پارێزگاكە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئارا ئیبراهیم – كەركوك ناو
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕە كارەبای كەركوك كەمدەكاتەوە ‌و سەرباری هۆشدارییەكانی ئیدارەی پارێزگاكە، مەرجی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو وزەیەی پێشتر رەوانەی دەكرد.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك، هەشت ساڵ لەمەوبەر بەپێی گرێبەستێك بڕیاریدا بە كڕینی كارەبا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام چەند مانگێكە بڕی پێدانی ئەو وزەیە تا ئاستی بڕین كەمیكردووە.

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رونیكردەوە بەپێی رێككەوتنی پێشتر لەگەڵ كۆمپانیای وەبەرهێن دەبێت رۆژانە 200 بۆ 250 مێگاوات كارەبا بنێردرێت بەڵام بە (كەركوك ناو)ی وت “لەمانگی 12ی ساڵی رابردووەوە كارەبا وردەوردە خراپ بووە”.

لە شاری كەركوك، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بەراورد بە رابردوو زۆر كەمبۆتەوە، ئەوەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێكەوتۆتەوە و سەرباری چەندین بەڵێنی لێپرسراوان، چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.

عەسكەری دەڵێت “رۆژ هەیە پێنج بۆ شەش كاتژمێر كارەبا هەیە، لەكاتێكدا پێشتر 14 بۆ 16 كاتژمێر كارەبا هەبوو”.

گرێبەستی كڕینی كارەبا پێشتر بە بودجەی پترۆدۆلار بووە و چەند ساڵێكە لە بەرانبەر پێدانی نەوتی رەشدایە، بەڵام لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە گرفت لەو رێكارەشدا دروستبووە.

ئومێد ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت ” بەڵێ ئێمە كارەبای كەركوكمان كەمكردۆتەوە، ئێمە لەڕووی هونەرییەوە كار دەكەین، چەند مێگاوات بدرێت بەكەركوك جێبەجێیی دەكەین و وەزارەت بڵێت 100 مێگاوات یان زیاتر یان كەمتر ئەوە دەكەین”.

حكومەتی هەرێم لەرێی وەبەرهێنەوە كارەبا بۆ كەركوك دابیندەكات، لە چوارچێوەی گرێبەستەكەدا دوو تۆڕباین كارەبا كە هێلێكیان لەهەولێرەوە تا دبز‌و ئەوەی تریان لەچەمچەماڵەوە بۆ كەركوك دابینكراوە 225 تا 250 مێگاوات كارەبا دابیندەكات.

كەركوك، بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانی زیاتر پشت بە مۆلیدەی گەڕەكەكان دەبەسترێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت 5-2ی ئەمساڵ لە كۆبونەوەی فەرمانگەكاندا بڕیاریداوە هۆشدارییەكی یاسایی ئاراستەی وەبەرهێنەری دابینكردنی كارەباكە بكرێت، بەهۆی لادانی لە گرێبەستەكە و كەمكردنەوەی بڕی پێدانی كارەبا لە 250 بۆ 50 مێگاوات.

كۆمپانیای ئەحمەد ئیسماعیل، دابینكەری كارەبای كەركوكە و خاوەنی وێستگەی كارەبایە لە چەمچەماڵ‌و هەولێر، لەبەرانبەر دانانی وێستگەكە‌و پێدانی كارەبا گازوایل ‌و پارە لە حكومەتی هەرێم وەردەگرێت.

محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد بەپێی گرێبەستەكە دوو تۆڕباین 225 بۆ 250 مێگاوات كارەبا دەبێـ بۆ كەركوك دلبین بكەن، ئەوكات سوتەمەنی هەرێم دابینیكردووە و دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی دەبوو حكومەتی ناوەندی سوتەمەنی تەرخانبكات.

هەروەها رونیكردەوە “تا دوای 16 ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ چەند هەفتەیەك هەر 200 مێگاوات كارەبا دەدرایە كەركوك، بەڵام لەئێستادا كەمكراوەتەوە تەنیا بۆ 50 مێگاوات”.

لە 16ی ئۆكتۆبەردا هێزە عیراقییەكان گەرانەوە بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، هێزی پێشمەرگەش كشایەوە، كاتێك پەیوەندیەكانی بەغدا و هەولێر لە ئەنجامی ریفراندۆمدا گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم دەڵێـ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رەزامەندی نیشان نەداوە بەپێدانی سوتەمەنی بۆیە كێشەی كەمی كارەبا دەمێنێت و رێككەوتنی نوێی دەوێت، نمونەی ئەوەشی هێنایەوە لە ئێستادا 300 مێگاوات رۆژانە دەدەنە موسڵ لەبەرانبەر نەوتی خاودا.

محەمەد ئەمین هەورامی جەختیكردەوە “هەركاتێك سوتەمەنی بدرێتە وەبەرهێنەرەكە ئەوكات تۆرباینەكان دابینكردنی كارەبا بۆ كەركوك ئیش پێدەكاتەوە، … حكومەتی هەرێم لەئێستادا لەتوانایدا نییە بەبێ بەرانبەر كارەبا بداتە كەركوك”.

هەوڵەكانی ئیدارەی كەركوك، بۆ زیادكردنی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان چەند مانگێكە بەردەوامی هەیە و سەرباری زیادكردنی بڕەكە لەلایەن بەغداوە، هێشتا جێی ئەو وزەیە پڕنەبۆتەوە كە لە هەرێمەوە دابیندەكرێت.

ئەحمەد ئیسماعیل، وەبەرهێنەری دابینكەری كارەبای كەركوك و راكان سەعید فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بەمنزیكانە كارەبای هەرێمی كوردستان بۆ شارەكە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشتر، ئەوەش دوای كۆبونەوەی لەگەڵ ئەحمەد ئیسماعیل، وەبەرهێنەری دابینكەری ئەو وزەیە.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئەمڕۆ سێشەممە 13-2 پارێزگار و ئەو وەبەرهێنەرە لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی كوەیت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عیراق، باسیان لە گرفتی كارەبای كەركوك كردووە و وەكو لە بەیاننامەیەكەدا هاتووە ئەحمەد ئیسماعیل بەڵێنی داوە، لە زوترین كاتدا كاربكرێت بۆ گەرانەوەی كارەبا لەبەرانبەر لادانی بەربەستەكان و چارەسەری كێشە هونەرییەكان.

حكومەتی ناوەندی عیراق، هێشتا گرەنتی نەداوە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بە ئامانجی وەبەرهێنانی كارەبا بۆ كەركوك.

سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت حكومەتی عیراق ئەو توانایەی نییە و ئەگەر هەیبوایە، نەوتی ڕەش ‌و گازوایلی دەدات بە پارێزگاكانی باشور‌و ناوەڕاست.

ئەحمەد عەسكەری وتیشی “كۆمپانیای ئەحمەد ئیسماعیل ڕازی بوو بەوەی ئەو بڕە كارەبایە بداتە كەركوك لەبەرانبەردا نەوتی ڕەشی پێ بدرێت، بەڵام دیارە حكومەتی هەرێم كارەباكەی كەمكردۆتەوە”.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست (كەركوك ناو)، كۆمپانیای ئەحمەد ئیسماعیل پارە ‌و ئیستحقاقی لای حكومەتی هەرێم هەیە‌و داوایكردووە لەبەرانبەر ئەو كارەبایەدا، گازوایل یان نەوتی پێبدرێت.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم رونیكردەوە كە وەبەرهێنەرەكانی كارەبا وەكو پێویست لەلایەن حكومەتەوە ئیستحقاقاتیان پێنادرێت‌و حكومەت، تەنها هاوكاریان دەكات بەقەدەر ئەوەی موچەی فەرمانبەرەكانیان دابینبكەن لەوێستگەكانی كارەبادا.

(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا پەیوەندی بە ئەحمەد ئیسماعیل، وەبەرهێنەری دابینكردنی كارەبا بۆ كەركوكەوە بكات بەڵام هەوڵەكان بێ‌ ئاكام بوون و لە كۆمپانیاكەیشدا هیچ كەسێك ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن