یه‌‌كه‌م كاروانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ ته‌له‌عفه‌ر

February 14, 2018 at 10:37 am

كه‌ركوك/13-2-2018/ گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م كاروانی ئاواره‌كانی ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحى – کەركوك

یه‌كه‌م قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ده‌ستیپێكرد، دوای چوار ساڵ له‌ ئاواره‌یی.

سێشه‌ممه‌ 13-2 له‌ كه‌مپی یه‌حیاوا له‌ خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك یه‌كه‌م كاروانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ده‌ستیپێكرد.

حسێن سالم یاسین، كاتێك داعش له‌ 10-6ی 2014 قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری له‌ خۆرئاوای موسڵ كۆنترۆڵكرد، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی قه‌زاكه‌ی جێهیشت به‌ره‌و موسڵ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك.

حسێن وتی “هاتینه‌ ئه‌م كه‌مپه‌ و چوار ساڵه‌ لێره‌ین، رۆژانی ناخۆش و سه‌رما و گه‌رمامان بینی… ئێستا زۆر دڵخۆشم دوای دابڕانێكی زۆر به‌ ئازادی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆمان بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ”.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش قەزاكەی كۆنترۆڵكردو خەڵكەكەی بە تایبەت توركمانەكان روبەڕوی ئاوارەیی و راوەدونان و گرتن و كوشتن بونەوە.

زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی ته‌له‌عفه‌ر له‌ كه‌مپی یه‌حیاوا نیشته‌جێكران، كه‌مپه‌كه‌ له‌ 736 خێزان پێكهاتوه‌ و سێ هه‌زار و 966 كه‌س تیایدا نیشته‌جێن.

26 خێزانى کەمپەکە سێشه‌ممه‌ 13-2 به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق گه‌ڕێنرانه‌وه‌ ته‌له‌عفه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌زایه‌ له‌ 27-8ی 2017 كۆنترۆڵكرایه‌وه‌.

شوعه‌یب محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و 26 خێزانه‌ له‌لایه‌ن وەزارەتى گواستنەوه‌وه‌‌ ئۆتۆمبێلى بارهەڵگریان بۆ ئامادەکراوە… به‌ داخەوە بەر لە بەڕێکردنیان یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان به‌هۆى سۆپاوە گڕى گرت و ته‌واوی کەلوپەلەکانیان سوتا خۆشبەختانە جگە لە زیانى مادى هیچى ترى لێنەکەوتەوە”.

“داواکارین حکومەتى عیراقی هاوکارى تەواویان بکات بۆ ئەوەى بتوانین بگەڕێینەوە شوێنى خۆیان، چونکە زۆربەیان خانوەکانیان روخێنراوە”، شوعه‌یب وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری