پارتی: له‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك په‌شیمان نه‌بوینه‌ته‌وه‌

February 14, 2018 at 3:27 pm

كه‌ركوك/بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق ساڵی 2014 فۆتۆ: راگه‌یاندنی كۆمسیۆن

سۆران محەمەد- کەرکوک ناو

پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك په‌شیماننه‌بۆته‌وه‌.

عه‌دنان كه‌ركوكی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركوك/گه‌رمیان، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کەرکوک ناکەین و سورین له‌سه‌ر بڕیاری بایكۆتكردنمان، چونکە ئەو شارە به‌ داگیرکراو دەزانین”.

وتیشی “ئێمە لەسەرەتاوە بڕیارمانداوە بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەره‌وەی ئیدارەی هەرێم – ناوچه‌كانی تری جێناكۆك – تۆمار کردنی ناوی پارتی لە کۆمیسێۆنی کەرکوک کارێکی یاسایی وەک رێکارێک بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەوە واتای ئەوەی نییە کە ئێمە بەشداردەبین لە هەڵبژاردن لە شاری کەرکوک”.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14-1هه‌ندێك میدیای كوردی بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ پارتی ناوی خۆی له‌ لقی كه‌ركوكی كۆمسیۆن تۆماركردوه‌، به‌ڵام عه‌دنان كه‌ركوكی وتی “کۆمسیۆن ناوی  قەوارەکان دەنێرێت بۆ هەر 18 پارێزگاکەی عیراق، ناوی ئێمە کە لە کۆمیسیۆن هەیە لە کەرکوک، لەو چوارچێوەیەدا کۆمسیۆن ناوی ئێمەی بۆ کەرکوک ناردوه‌”.

هاوكات قەیس محەمەد، لێپرسراوی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە (کەرکوک ناو)ی وت “پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆمیسیۆن ناوی وەک  قەوارەیەکی سیاسی تۆمار کردوە و ته‌واوی رێکارە یاساییەکانی هه‌یه‌ بۆ هەڵبژاردنەکان، به‌ڵام ناوی هیچ كاندیدێكی نه‌ناردوه‌”.

سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ 15-2 دواواده‌ی پێشكه‌شكردنی ناوی كاندیدی لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ بریاره‌ له‌ 12ی ئایار به‌ڕێوه‌بچێت.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی دوشه‌ممه‌ 15-1 له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریاندا بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیاندا جه‌ختیانكرده‌وه‌ “ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر داگیركاریی سه‌ربازیدایه‌ و ناسه‌قامگیره‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردن له‌م دۆخه‌دا به‌ڕێوه‌ناچێت….”، هه‌روه‌ها داوای له‌ پێكهاته‌ی كورد كرد بایكۆتی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن