وەرزشوانانی دوبز خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییان ئەنجامدا

February 14, 2018 at 5:30 pm

كەركوك، 14-2-2018، خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەشێك لە وەرزشوانانی دوبز فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی
ژمارەیەك لە وەرزشوانانی دوبز، گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان دژی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی یانەی قەزاكە ئەنجامدا، دوای بەرێوەچوونی پرۆسەكە بەبێ‌ چاودێری لاوان‌و وەرزشی كەركوك، لێپرسراوانی ئیداریش بەڵێنیانداوە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بكەن.

خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 14-2 بە بەشداری دەیان وەرزشوان بەرێوەچوو، تێیدا بە وتنەوەی دروشمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەڵبژاردنە چوونە بەردەم ئەنجومەنی قەزای دوبز و لە بەیاننامەیەكدا، داواكارییەكانیان خوێندنەوە.

سامر شكور، بە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران بۆ (كەركوك ناو) قسەی كرد و وتی “هەڵبژاردنی دەستەی نوێی یانەی دوبز لە شاری كەركوك بە شێوەیەكی شاراوە كراوە، ئێمە ئەو ئەنجامە بەراست نازانین .. بەبێ ئاگاداری بەشێكی زۆری ئەندامانی یانەكە هەڵبژاردنەكە كرا”.

هەڵبژاردنی دەستەی نوێی یانەكە، 10-2ی ئەمساڵ ئەنجامدراوە و بە وتەی خۆپشاندەران، تەنیا 43 كەس لە كۆی 200 ئەندامی یانكە بەشداربون لە پرۆسەكەدا، كە بەشێكیان لە سەرەتای دامەزراندنەوە ‌و لەساڵی 1991وە دانەبڕاون.

كەركوك، 14-2-2018، وەرزشوانانی دوبز دژی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی یانەی قەزاكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

جاسم رەحمان، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای دوبز بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە ناوی لێنانێین خۆپیشاندان چونكە رەزامەندی دەزگا ئەمنیەكانیان وەرنەگرتبوو، بەڵكو گردبونەوەیەكی گەنجانی وەرزشوان بوو بۆ بۆ داواكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ‌و لای خۆمانەوە لێكۆڵینەوەی یاسایی لە بابەتەكە دەكەین”.

خۆپیشاندەران داوایانكرد ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەڵبوەشێنرێتەوە ‌و پرۆسەكە لە دوبز بەرێوەبچێت، ئەوەش بە ئامادەبونی نوێنەری ئیداری ‌و دادوەر.

ناسیح شوانی، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی لاوان ‌و وەرزش لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “پێموایە ئەو هەڵبژاردنە بڕوای پێناكرێت لە وەزارەت و فەرمانی لەسەر نادرێـ چونكە نوێنەری ئێمە ئامادەی نەبووە”.

هەروەها رونیكردەوە بۆ هەڵبژاردنی هەر یانەیەك، پێویستە داواكاری پێشكەش بەوان بكرێت بۆ چاودێریكردنی و دواتر بەرزكردنەوەی راپۆرتێك بۆ وەزارەت.

شوانی دەڵێت بەر لە هەڵبژاردنی یانەكە ئاگاداركراونەتەوە لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە بەهۆی سكاڵای ژمارەیەك وەرزشوانەوە، دەبێت پرۆسەكە رابگیرێت و چاودێری وەرزش و لاوان ئامادەنەبن و بۆ هەڵبژاردنەكەش لە داهاتوودا، پارێزگار ئاگاداربكەنەوە بەڵام “دواتر هەڵبژاردنەكە كرابوو”.

قەزای دوبز، بە دووری 35 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای پارێزگای كەركوك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری