ئاسایشی یەكێتی دەگەڕێتەوە بۆ خانەقین

February 14, 2018 at 10:32 pm

خانەقین، 8-2-2018، بڵاوبونەوەی هێزە ئەمنییەكان دوای روداوی تەقەكردن كە بەهۆیەوە 9 هاوڵاتی بونە قوربانی فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

هاوڕێ‌ ئازاد – دیالە
هێزەكانی ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جارێكیتر دەگەڕێنەوە بۆ خانەقین دوای چەند مانگێك لە جێهێشتنی ئەو قەزایە، ئەوەش بە ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆی عیراق.

گەڕانەوەی ئاسایش لە چەند رۆژی رابردوودا، دوابەدوای روداوەكەی شەوی پێنجشەممە 8-2ی ئەمساڵ بوو، كاتێك حەوت گەنج بە دەستڕێژی گولە لە گەڕەكی بەختیاری خانەقین كوژران و دوو كەسی دیكەش برینداربوون.

عەقید دیار شەوكەت، بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقین سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت “بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئاسایش لە خانەقین بە ئاگاداری وەزیری ناوخۆی عیراقە لە پێناو پاراستنی ئەمنییەتی شارۆچكەكە بە هەمانگی هەموو هێزەكان”.

ئەوەشی رونكردەوە هەموو هێزەكانی سەر بەهەرێمی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی تری ناو خانەقین، “لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدایە وەكو بەرێوبەری پۆلیسی خانەقین، جموجۆڵ و ئەركەكانیان بە هەمانگییە”.

ئەمنیەتی قەزای خانەقین و ناوچەكانی تری جێناكۆكی پارێزگای دیالە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە كەوتۆتە دەستی هێزە عیراقییەكان دوای كشانەوەی ئاسایش و پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دیالە، شوباتی 2018، ناوبازاڕی گشتی ناوەندی قەزای خانەقین فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی یەكێتی بە (كەركوك ناو)ی وت “هێزەكانی ئاسایش پاش رووداوەكەی گەڕەكی بەختیاری بڵاوكراونەتەوە، بەڵام لەژێر دەسەڵات‌و فەرمانی بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقیندان”.

“هێزەكانی ئاسایش دەسەڵاتی دەستگیركردنیان نییە، چونكە پاش ڕوداوەكانی 17ی ئۆكتۆبەر دەسەڵاتی دادوەری لە خانەقین كەوتە ژێر دەسەڵاتی دادوەری عیراق‌و بە هاوبەش لەگەڵ هێزە عیراقییەكان ئەركی خۆیان ئەنجام دەدەن، بازگەكانی دەروازەكانی قەزاكەش بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن”، بەپێی سەرچاوەكە.

هاوكات ئازاد فایەق، لێپرسراوی ئاسایشی خانەقین سەر بە یەكێتی بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە دوای روداوی تەقەكردنەكە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆی قەزاكە بەیەكەوە ئەركی پاراستنی ئاسایشی شارەكە دەگرنەئەستۆ.

هاوڵاتیانی سنوری قەزای خانەقین، لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا روبەروی دەیان رووداوی جیاواز بوونەتەوە و بەهۆیەوە، زیاتر لە 20 مەدەنی و سەرباز كوژراون و برینداربوون، ئەوەش بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو).

بەرێوەبەری پۆلیسی قەزای خانەقین وتی “لە ئێستادا ڕەوشی ئەمنی خانەقین جێگیرە و پاش ڕووداوەكەی گەڕەكی بەختیاری دوو گومانلێكراو دەستگیركراون، لێكۆڵینەوەش بەردەوامە”.

خانەقین یەكێكە لە “ناوچەی جێناكۆك”، لە نێوان حكومەتی بەغداو هەرێمی كوردستان‌و سەر بە پارێزگای دیالەیە لە خۆرهەڵاتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌، كوردو توركمان، هەروەها كاكەیی‌و كریستیانی‌و هەردوو مەزهەبی شیعەو سونە پێكدێن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن