ڤیدیۆ و وێنه‌: به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ن پڕبوو

February 18, 2018 at 11:36 am

دیاله‌/18-2-2018/ روباری ئه‌ڵوه‌ن له‌ ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد

به‌‌نداوی ئه‌ڵوه‌ن له‌ قه‌زای خانه‌قین بۆ جاری چواره‌م له‌ دوای دروستكردنییه‌وه‌ پڕبوو، دوای به‌رده‌وامی بارانبارین له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

ئه‌حمەد وەسین دەلۆ، بەڕێوه‌بەری بەنداوی ئەڵوەن له‌ قه‌زای خانه‌قین بە (کەرکوک ناو)ی وت “بەنداوی ئەڵوەن لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر پڕبوه و ئاوی لێ ده‌ڕوا‌… له‌ ئێستادا له‌یه‌ككاتدا 35 بۆ 40 مه‌تر سێجا ئاوی لێ ده‌ڕوا به‌ره‌و ده‌ریاچه‌ی ئه‌ڵوه‌ن”.

به‌نداوه‌كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی 38 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ و له‌ ساڵی 2013 له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ دروستكرا، له‌وكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ چواره‌مجاره پڕبێت.‌

چه‌ند رۆژێكه‌ شەپۆلێكی بارانبارین پارێزگای دیاله‌ و قه‌زای خانەقینی گرتۆته‌وه‌ به‌هۆی مه‌ترسی لافاو ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18-2 كرایه‌ پشوو.

ئەحمەد دەلۆ رونیشیکردەوە “هیچ مەترسییەک له‌سەر بەنداوی ئەڵوه‌ن و شارۆچکەی خانەقین نییە، چونکە ئاوی زیادەی بەنداوەکە بەردراوەتەوە بۆ خانەقین و رێڕەوی روباری ئەڵوەن-یش له‌یه‌ككاتدا توانای تێپه‌ڕبونی 600 مەتر سێجا ئاوی هەیە”.

“هەموو ساڵێک لە وەرزی هاوین به‌تایبه‌ت مانگی 6 بۆ 10 توشی قەیرانی بێئاویی دەبین چونکە ئاوی روباری ئەڵوەن دەبڕێت بۆیە هەوڵدەدەین بۆ زۆرترین ماوە ئاوی بەنداوی ئەڵوەن گلبدەینەوه‌ و بەپڕی بمێنێت بۆ ئەوەی لە وەرزی هاوین ئاوەکەی بەربدەین و هاوڵاتیان سود لە ئاوەکەی وەربگرن”، ئه‌حمه‌د ده‌لۆ وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن