49 كاندیدی ئێزیدی لە نەینەوا هەیە
سێ‌ لیست تەنیا كێبڕكێ‌ بۆ كورسییەكی كۆتا دەكەن

February 24, 2018 at 7:22 pm

لالش، 19-4-2017، مەراسیمی ئاینی ئێزیدییەكان لە بۆنە ی"چوارشەممەی سور"دا فۆتۆ: موهەنەد شەنگالی

موهەنەد سنجاری
چوار لیستی ئێزیدی و بەشێك لە حزبەكانی دیكەش، بە 49 كاندید دەچنە كێبڕكێی بە دەستهێنانی دەنگەكانی ئەو پێكهاتەیەوە لە نەینەوا ‌و ژمارەیەكیشیان، تەنیا چاویان لەوەیە تاكە كورسیی كۆتا مسۆگەر بكەن.

لە سنوری پارێزگای نەینەوا، چوار لیستی ئێزیدی بە جیا 21 كاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق پێشكەشكردووە ‌و 27 كاندیدی دیكەش، لە نێو لیستەكانی پارتی دیموكرات ‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندان لەگەڵ یەك كاندید لە قەواری پارێزگاری موسڵ.

عزەت كەمو، وتەبێژی فەرمی لیستی پارتی دیموكراتی ئێزیدی بۆ (كەركوك ناو) باسی لە شكستی هەوڵەكان كرد بۆ یەكلیستی ئەو پێكهاتەیە ‌و دانانی یەك كاندیدی سەربەخۆ بۆ كورسی كۆتا، بۆیە بە لیستی جیا بەشداربون.

ئەو حزبە كە حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات، دەستبەرداری تاكە كورسی كۆتا بووە ‌و بە لیستێكی 16 كاندید دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە.

هەریەك لە لیستەكانی بزوتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بەسەرۆكایەتی حەجی كندور، پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بەسەرۆكایەتی سەعید بتوش، پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی بە سەرۆكایەتی حەسەن حەجی بیسو تەنیا كێبڕكێی بەدەستهێنانی تاكە كورسی كۆتای پێكهاتەكەیان دەكەن.

عیراق، 2014، كۆكردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان فۆتۆ: كەركوك ناو

سائب خدر، كاندیدی لیستی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بۆ كورسی كۆتا لە نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت “مافی ئێزیدییەكانە پارێزگاری لە دەنگەكانیان بكەن و سود لە رابردوو وەربگرن كە هەموان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریاندەهێنان”.

ئەودەڵێت هیواخواز بووە رێككەوتنی پارتە ئێزیدییەكان هەبێت لەسەر كورسیكۆتا تا دەنگەكانیان بە فیڕۆ نەڕوات و بتوانن لە دەرەوەی كۆتاش كورسییەكی تر بەدەستبهێنن.

لە سێ خولی رابردووی پەرلەمانی عیراق، ئێزیدییەكان یەك كورسی كۆتایان هەبووە كە ئەو كورسییەش لە هەر سێ خولدا لای بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بووە، هەروەها لە ساڵی 2014دا ڤیان دەخیل لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆتە پەرلەمانتار.

سۆنیا سالم، سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی ئێزیدی دەربارەی بەشداری ‌و رێژەی ژنان لە كاندیدەكاندا بۆ (كەركوك ناو)ی رونكردەوە بە ئومێد بووە رۆڵی زیاتر بدرێـ بە ژنانی ئێزیدی و تەنیا ژمارە نەبن لە لیستەكاندا بۆ پڕكردنەوەی نیساب، پێشیوایە هەڵبژاردنی داهاتوو ئاسان نابێت و كێبڕكێیەكە بەهێزە لە هەموو ناوچەكانی ئێزیدی.

ژمارەی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە‌و كۆچیان كردووە، جگە لەوەی چارەنوسی زیاتر لە سێ‌ هەزار كەسیان دوای رفاندیان لەلایەن داعشەوە دیارنییە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەبو شەجاع دنای، وتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی ئێزیدی لە ئەوروپا بە (كەركوك ناو)ی وت “بەیەك كاندید دەچینە هەڵبژاردنەكانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئێزیدی لە ئەوروپا، ئەوەش لەچوارچێوەی لیستی پارتی دیموكراتی ئێزیدی”.

شەنگال، 16-11-2015، سەربازێكی پێكهاتەی ئێزیدی لەناوەندی قەزاكە فۆتۆ: رۆیتەرز

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، بڕیارە 12-5ی ئەمساڵ بەرێوەبچێت بە بەشداری 88 لیست و هاوپەیمانی، لە سەرتاسەری وڵاتیشدا 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ماجد حەسەن، سكرتێری دەشتی نەینەوای حزبی شیوعی كوردستان بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا لەبەرئەوەی سەدا 95 كادیرەكانیان لە پێكهاتەی ئێزیدییە، بۆیە بە كاندیدێك لە سەر لیستی پارتی دیموكراتی ئێزیدی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن لە پارێزگاكەدا.

ناوچەكانی نیشتەجێبوونی زۆرینەی ئێزیدی، بە تایبەت قەزای شەنگال ژیانی ئاسایی بۆ نەگەڕاوەتەوە، چەندین هێزی جیاواز و ناكۆك لە سنورەكەدا بونی هەیە.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن