ناڕەزاییه‌كان نرخی تابلۆكه‌ی به‌رزكرده‌وه‌
تابلۆكانی دوو كچه‌ خوێندكاری هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌ زانكۆ قه‌ده‌غه‌ده‌كرێن

February 26, 2018 at 1:29 pm

كه‌لار/21-2-2018/ تابلۆی كچه‌ خوێندكار شه‌ریهان یونس 21ساڵ كه‌ رێگه‌نه‌درا له پێشانگه‌كه‌ ‌نمایشبكرێت فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

نارین رۆسته‌م

تابلۆكانی دوو كچه‌ خوێندكاری زانکۆ له‌ پێشانگه‌یه‌كدا له‌ كه‌لار لابران دوای ئەوەی هه‌ڕە‌شه‌ی شێواندنیان دەکرێت لە‌لایه‌ن چه‌ند مامۆستا و خوێندكارێكی زانكۆی گه‌رمیانەوە، روداوه‌كه‌ ناڕە‌زایی له‌ تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌دواداهات و بەڵام بەپێچەوانەی خواستی نەیاری تابلۆکان نرخەکانیان ڕۆژ بەڕۆژ بەرزدەبنەوە.

شه‌ریهان یونس 21ساڵ، كچه‌ خوێندكاری كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كفری، له‌ ‌به‌رده‌م تابلۆ نیمچه‌ ڕووته‌كه‌یدا وه‌ستاوه‌ و رونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌دا، هه‌رگیز به‌ خه‌یاڵیدا نه‌ده‌هات له‌نێو 40 شێوه‌كاردا تابلۆكه‌ی ئه‌و قه‌ده‌غه‌بكرێت و دواتریش له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوبانگ ده‌ربكات.

شه‌ریهان له‌پڕ گوێی له‌ ده‌نگه‌ده‌نگی ژماره‌یه‌ك خوێندكار و مامۆستا ده‌بێت به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێن “ئه‌و تابلۆیانه‌ دوربخه‌نه‌وه‌ ئه‌گینا ده‌یانشكێنین”، شه‌ریهان وتی “توشی شۆك بوم، قسه‌ی نه‌شیاویان ده‌وت منیش له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڕە‌شانه‌ تابلۆكانم لابردن به‌ر له‌وه‌ی بشكێنرێن”.

“پێموایه‌ کلتور بەرپرسیاری یەکه‌مه‌ بۆ ئەو هەموو نەهامەتییانەی روبەڕوی هونەر و هونەرمەندان دەبنەوە… ناکرێت لە ژێر فشاری چەند خوێندکار و مامۆستایەک هونەر قەدەغە بکرێت!”، شه‌ریهان وای وت.

پێشانگه‌كه‌ به‌ به‌شداریی 40 شێوه‌كار له زانكۆی گه‌رمیان سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌ 21-2 كرایه‌وه‌، به‌ڵام چوار تابلۆیان كشێنرانه‌وه‌.

بێریڤان محەمەد (22ساڵ)، ئه‌ویش له‌هه‌مان كۆلێژی شه‌ریهانه‌وه‌ هاتبوو و به‌چه‌ند تابلۆیه‌ك به‌شداریكردبوو روبه‌ڕوی هه‌مان هه‌ڕە‌شه‌ بۆوه‌.

“تابلۆکەم ناوی مەینەتییە، کە لە بنەڕەتدا تابلۆیەکی هونەرمەندی هۆڵەندی (ڤان کوخ)ە، باس لە ژنێکی بێ جل دەکات کە دەموچاوی لە نێو باڵەکانیدا شاردۆتەوە، ئەو تابلۆیە لە ئازار و ناخۆشییەکانی ژنێکی لەشفرۆشی بەتەمەن دەدوێ”، بێریڤان به‌م جۆره‌ وه‌سفی تابلۆ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) كرد.

مامۆستا و خوێندكاره‌كان تابلۆكانیان به‌ “نه‌شیاو و دور له‌ داب و نه‌ریت” ناوبردوه‌، لێپرسراوانی زانكۆی گه‌رمیان-یش دوای هه‌ڕەشه‌كان بڕیاری دورخستنه‌وه‌‌ی تابلۆكانیانداوه‌.

كه‌لار/21-2-2018/ كچه‌ خوێندكار بێریڤان محه‌مه‌د 22ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو تابلۆیه‌ی رێگه‌نه‌درا له‌ پێشانگه‌كه‌ ‌نمایشبكرێت فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

رۆستەم ئاغالە، هونەرمەندی شێوەکار ره‌خنه‌ی له‌و بریاره‌ی زانكۆی گه‌رمیان گرت و به‌ (کەرکوک ناو)ی وت “ئه‌م روداوه‌ له‌ناو زانكۆ پێیوتین هونەر زۆری ماوە تا قبوڵبکرێت، راستە ئەو تابلۆیانە لە ئاستێکی هونەری بەرزدانین و كۆپی کراون، بەڵام ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەقڵی ئەوانەیە کە هونەر رەتدەکەنەوە بە ناوی ئاین و دابونه‌ریت و کلتور، لە کاتێکدا هونەر هیچ یەکێک لە مانەی پێویست نییە”.

دوای ئه‌وه‌ی ناڕە‌زاییه‌كان فراوانبون و تابلۆكان خرانه‌ زیادیكردنی ئاشكراوه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی گه‌رمیان له‌ شه‌وی 25-2 له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی رویداوه‌ شڵه‌ژان و ناتێگه‌یشتنێك بووه‌، له‌لایه‌ن چه‌ند خوێندكارێكه‌وه‌ كه‌ راوبۆچونیان له‌سه‌ر نمایشكردنی چه‌ند تابلۆیه‌ك نه‌بوه‌، كه‌ نه‌گونجاو و نه‌شیاوه‌ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ و دابونه‌ریتى ئه‌وان و داوای دورخستنه‌وه‌یان كردوه‌ و دواتر نمایشه‌كه‌ به‌رده‌وام بووه‌”.

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی گه‌رمیان ناوی مامۆستای له‌ رونكردنه‌وه‌كەدا‌ نه‌هێناوه‌ كه‌ هۆكاربون بۆ دورخستنه‌وه‌ی تابلۆكان، به‌ڵام ئه‌و دوو كچه خوێندكاره‌ ته‌ئكیدده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌‌ به‌شێك له‌ مامۆستاكانیش دژی تابلۆكانیان بون.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ هیچ ئاماژە‌یه‌كی نەداوە بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ كه‌ بونه‌ته‌هۆی دورخستنه‌وه‌ی تابلۆكان و به‌ (كه‌ركوك ناو)یان وت جگه‌ له‌و رونكردنه‌وه‌یه هیچ قسه‌یه‌كی تریان نییه‌.

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ پێیوایه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌لاڕێدا براوه‌ و هاتوه‌ “ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ گوزارشت له‌ بیروبۆچونی ئه‌وان ده‌كات نه‌ك زانكۆ”، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ تابلۆكان لابراون.

بێریڤان ده‌ڵێت “گرفتی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ بەرپرسانی زانکۆی گەرمیان هیچ هەڵوێستێکی جدیان نەبوو، ئەوان بە قسەی ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکاریان کرد، کە هەر نازانن هونەر چییە!”.

تابلۆكان به‌تایبه‌ت تابلۆكه‌ی شه‌ریهان له‌ پێنج رۆژی رابردودا له‌ زۆرێك له‌ په‌یج و ئه‌كاونته‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوبۆوه‌ و وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ هونه‌ر و دژایه‌تی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی گه‌رمیان خرایه‌ زیادكردنی ئاشكراوه‌.


كه‌لار/21-2-2018/ پێشانگه‌ی 40 گه‌نجی شێوه‌كار له‌ زانكۆی گه‌رمیان فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

دووشه‌ممه 26-2 نرخی تابلۆكه‌ی شه‌ریهان تا 4000 دۆلار رۆیشت، ئه‌وه‌ش له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و كچه‌ خوێندكاره‌دا نه‌بووه‌.

شه‌ریهان و بێریڤان خه‌ڵكی قه‌زای كفرین، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆكە له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عیراق و هاوڕێی زانكۆن.

‌له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵانی رابردودا چیرۆکی دیکەی قەدەغەکردنی هونەر هه‌بون، بۆ نمونە لەساڵی د2015، لە شاری هەولێر راگری کۆلێژی هونەرە جوانەکان بریاریدا به‌ شکاندنی ژمارەیەک پەیکەری نێو کۆلێژەکە، بە بیانوی ئەوەی لەگەڵ کلتور و ئایندا ناگونجێت.

داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا سكاڵای له‌سه‌ر نوسه‌ر و مامۆستای زانكۆ د. فه‌رهاد پیرباڵ تۆماركرد، لەسەر بڵاوکردنەوەی كتێبێكی مێژویی به‌پاساوی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی نه‌شیاویی له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا به‌كارهێناوه‌.

فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم به‌ (کەرکوک ناو)ی وت “ئێمە کار بە یاسا دەکەین، کاتێک کەسێک سوکایەتی بە هونەرەکەی دەکرێت پێویستە داوا تۆماربکات یان ئێمە ئاگاداربکەنەوە، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوایدا بچین”.

وه‌‌زاره‌تی رۆشنبیری تائێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ نه‌بووه‌، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی ئاگادارنه‌بون، له‌كاتێكدا روداوه‌كه‌ زۆر به‌ فراوانی باسده‌كرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن