وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دیاریكرا

February 27, 2018 at 8:23 pm

كەركوك، نیسانی 2014، بەشداری كۆچبەران لە هەڵبژاردنە گشتیەكانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا بە دیاریكردنی 22-12ی ئەمساڵ بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دوای ئەوەی پەرلەمان داوای دانانی وادەیەكی نوێی كرد بۆ پرۆسەكە.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 27-2ی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردراوە لە 22-12-2018دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق.

پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی 5-2ی ئەمساڵ، لە بڕیارێكدا حكومەتی ناوەندی پابەند كرد بە دانانی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە مەرجێك لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە پێشتر 12-5ی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی دیاریكرابوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 13 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە.

هەر لەمساڵ ‌و لە 12ی ئایاردا، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەرێوەبچێت، ئەوەش بە بەشداری 88 لیست و هاوپەیمانی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن