پرۆژەیاسای بودجە رەتدەكەنەوە
فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ لایەنەكان: بە دەنگ بێن

March 1, 2018 at 5:51 pm

بەغدا، 1-3-2018، كۆنگرەی رۆژنامەوانی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ ناڕەزایی دژی پرۆژەیاسای بودجە فۆتۆ: لەڤیدیۆی كۆنگرەكە وەرگیراوە

كەركوك ناو
فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عیراق، پرۆژەی یاسای بودجە رەتدەكەنەوە ‌و داوا لە هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەكەن، بە دەنگ بێن بەرانبەر هەوڵەكانی پەسەندكردنی ئەو پرۆژەیە كە ئەوان بە “ناعەدالەتی” دەزانن.

ئەو هەڵوێستەی كورد ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-3، دوابەدوای دەستپێكردنی دانیشتنەكان هات بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە، سەرباری ناڕەزایی فراكسیۆنە كوردییەكان كە خاوەنی 62 كورسین لە كۆی 328 كورسی پەرلەمانی عیراق.

لە بەیاننامەی فراكسیۆنەكاندا هاتووە “لەكاتێكدا ئەم پڕۆژەیاسایە رەتدەكەینەوە داوا دەكەین سەركردایەتی سیاسی كوردستان، هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەدەنگ بێن بەرامبەر ئەو ناعەدالەتییەی كە بەرامبەر بە گەلەكەمان دەكرێت و ئەو سیاسەتە هەڵەیە راستبكرێت ئەگینا تەواوی گەلانی عێراق زەرەرمەندی یەكەمی ناكۆكییەكان دەبن”.

هەروەها ئاماژەیان بەوەدا زۆرینەی داواكارییەكانیان جێبەجێنەكراون، دوای دەیان كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عیراق و فراكسیۆنەكانی دیكە ‌و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان، بە تایبەت بۆ “راستكردنەوەی ئەو نادادپەروەرییەی لە بودجەی 2018 بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان كراوە لە كەمكردنەوەی رێژەی لەسەدا 17، مووچەی هێزی پێشمەرگە و راستكردنەوەی دەستەواژە نادەستورییەكان”.

بەبڕوای فراكسیۆنە كوردییەكان “وەكو هەمیشە ئەمڕۆیش بە سیاسەتی زۆرینە و پەراوێزخستنی توێژێكی گرنگی عیراق ، دەستیانكرد بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە بودجەكە”.

پەرلەمانی عیراق، لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندینجار شكستی هێناوە لە گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجە، بەهۆی ناكۆكی بە تایبەت ناڕەزایی كوردەوە.

فراكسیۆنە كوردییەكان داوا دەكەن پشكی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە بە سەدا 17، بودجەی تایبەت بۆ هەڵەبجە تەرخانبكرێت، پارەی پێشمەرگە بدرێت و شایستە داراییەكانی جوتیاران خەرجبكرێن، لەگەڵ چارەسەری دۆخی ئابوری كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك.

بەپێی بەلاغی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراق كە فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتیان كرد، بە ئامادەبونی 180 پەرلەمانتار گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجە كراوە و 12 ماددە پەسەندكراوە لە كۆی 48 ماددە، تەواوكاری دانیشتنەكەش دواخراوە بۆ شەممەی داهاتوو.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن