له‌سه‌ر سێ خاڵ رێككه‌وتن كراوه‌
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كانونی یه‌كه‌م ئه‌نجامده‌درێت

March 3, 2018 at 5:13 pm

2016/ ژمارەیەك ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: وریا كاكەیی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

پێكهاته‌كانی كه‌ركوك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رێككه‌وتن هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ له‌ 22ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌سه‌ر سێ خاڵی سه‌ره‌كی رێككه‌وتن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3-3 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی په‌سه‌ندكرد، له‌نێواندا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ به‌هۆی ناكۆكی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ ئه‌نجامه‌دراوه‌.

ئه‌مین به‌كر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا و پێكهاته‌كانی كه‌ركوكیش له‌سه‌ر سێ خاڵ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مان ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق دانراوه‌ له‌ كه‌ركوكیش ئه‌نجامبدرێت كه‌ 22ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵه‌”.

له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كانه‌وه‌، ئه‌مین به‌كر وتی “خاڵی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ تا ئه‌و واده‌یه‌ پێداچونه‌وه به‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا بكرێت، خاڵی دووه‌م دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كه‌ركوكه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی پیكهاته‌كانی شاره‌كه‌”.

“خاڵی سێیه‌م رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی كه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت توانای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كانی نییه‌ له‌وانه‌ خاوه‌ندارێتی كه‌ركوك و پرسی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140″، ئه‌مین وای وت.

هاوكات محه‌مه‌د عوسمان، یه‌كێك له‌ نوێنه‌رانی كه‌ركوك له‌ په‌رله‌انی عیراق، وتی “دوای 13 ساڵ، ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هاوشانی پارێزگاكانی تری عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت”.

وتیشی “به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ كریستیانه‌كانی كه‌ركوك كورسی كۆتایان له‌ ئه‌نجمومه‌نی پارێزگا ده‌بێت”.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سێشه‌ممه‌ی رابردوو 27-2 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا بە دیاریكردنی 22-12ی ئەمساڵ بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دوای ئەوەی پەرلەمان داوای دانانی وادەیەكی نوێی كرد بۆ پرۆسەكە.

پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی 5-2ی ئەمساڵ، لە بڕیارێكدا حكومەتی ناوەندی پابەند كرد بە دانانی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە مەرجێك لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت.

بەغدا، 2017، كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 13 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك.

ماددەی 37ی پرۆژەیاساكە كه‌ پێشتر ناكۆكی له‌سه‌ر بوو، تایبەتە بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی كەركوك لەنێوان پێكهاتەكاندا، بەوپێیەی شارەكە دۆخێكی تایبەتی هەیە‌و بەپێی ماددەی 140ی دەستور دەبێت چارەنووسی یەكلابكرێتەوە، ئەوەش جێی كۆدەنگی عەرەب‌و كورد‌و توركمان نییە.

بەپێی ماددەی 52یش كە بەهەمان شێوە تایبەتە بە كەركوك و پێشتر ناكۆكی له‌سه‌ر هه‌بوو، پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان داوا دەكەن دۆخی كەركوك “ئاساییبكرێتەوە”‌و ئەو كەسانە مافی دەنگدانیان نەبێت كە لەسەرژمێری ساڵی 1957دا بەشدارنەبوون، بەڵام كورد ئەوه‌ی رەتدەكرده‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن