له‌ ئاگایی و نائاگایی-دا یاری به‌ هه‌ستی خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌كرێت

March 7, 2018 at 11:21 am

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017/ فۆتۆ: بنار سه‌ردار

شۆڕش خالید

ده‌نگۆكانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هێرشی ئه‌و رێكخراوه‌ بۆ كه‌ركوك له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا راستیی تیانه‌بوو، هه‌ندێك راگه‌یاندنی كوردی و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ ئاگایی و هه‌ندێكیش له‌ نائاگاییه‌وه یاری-یان به‌ هه‌ستی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ كرد، ده‌یان خێزان ماڵه‌كانیان له‌ شه‌ودا جارێكیتر چۆڵكرد و شه‌ونخونی میوانی ماڵی زۆربه‌ی كه‌ركوكییه‌كان بوو.

بابه‌تی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان راست بوو؟

كوشتنی 27 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ سنوری ریاز باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك له‌ 18-2 جارێكی تر ترسی هێرشی ئه‌و گروپه‌ی له‌ شاره‌كه‌ زیاتر كرد، به‌تایبه‌ت پۆستی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، راكان سه‌عید پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، ده‌بوو ئه‌و ترسه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت نه‌یاره‌كانی عه‌بادی وه‌كو شكستی ناوبراو له‌ كۆنترۆڵنه‌كردنه‌وه‌ی ته‌واوی كه‌ركوك له‌ژێر ده‌ستی داعش وێنایانكرد.

عه‌بادی 21-2 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دڵنیایدایه‌ هاوڵاتیان كه‌ داعش نه‌ماوه‌ و وتی: ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویداوه‌ پێشێلكاریی و ته‌ڵه‌ بووه‌.

چوارشه‌ممه‌ 21-2 راكان سه‌عید، به ‌سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌نراو گه‌یشته‌ ناحییه‌ی زاب له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، زاب سێكوچكه‌ی كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، چونی پارێزگار بۆ ئه‌و ناحیه‌یه‌ ته‌حه‌دا‌یه‌كی گه‌وره‌بوو، یه‌كێكه‌ له‌و ناحیه‌یانه‌ی عیراق له‌ دوای روخانی رژێمی به‌عس-ه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ هیچ كات به‌ته‌واوی ئارام نه‌بووه‌، به‌رده‌وام لانكه‌ی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌كو نه‌قشبه‌ندییه‌كان و پاشماوه‌كانی به‌عس بووه‌، له‌ سه‌رده‌می داعش-یش یه‌كێك بوو له‌ناوچه‌ ستراتیژه‌كانیان كه‌ ئه‌و سێ پارێزگایه‌ی پێكه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌ و چه‌ندین مۆڵگه‌ی سه‌ربازی ئه‌و رێكخراوه‌ی لێ بوو.

بۆ پاراستنی پارێزگار و وه‌فده‌كه‌یی و بۆ ئارامی رێگا، به‌شێك له‌ هێزه‌كانی قه‌زای داقوق، ناحیه‌كانی ریاز و ره‌شادی له‌گه‌ڵ راكان سه‌عید رۆیشتن، لێره‌وه‌ هه‌واڵی كشانه‌وه‌ی پۆلیسی فیدراڵی و دژه‌ تیرۆری عیراق له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دواتریش شه‌وی هه‌ینی 23-2 له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن بڵاوبۆوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و هێزانه‌ هه‌ر ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ گه‌ڕابونه‌‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان.

پارێزگار تا رۆژی دواتر راگه‌یه‌نراوی له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كرده‌وه‌.

داعش توانای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركوكی ماوه‌؟

راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ داعش هێشتا له‌ حه‌ویجه‌ ماوه‌ و مۆڵگه‌ی هه‌یه ‌و چالاكی جۆراوجۆری هه‌یه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌و راستییه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌، له‌وانه‌ش نمونه‌ی كوشتنی 27 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی له‌ ریاز، به‌ڵام توانای كۆنترۆڵكردنی كه‌ركوك و هێرشی فراوانی نییه‌ بۆ سه‌ر ناوه‌ندی شاره‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو رۆژه‌ ده‌وترێت، حكومه‌تی عیراق و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و حزبه‌ كوردییه‌كانیش ئه‌وه‌ باش ده‌زانن.

عه‌بادی نایه‌وێت كه‌ركوك بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو شتێك ده‌كات، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ شانازی پێوه‌ده‌كات له‌ كۆتایهێنان به‌ داعش و “سه‌پاندنی یاسا له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك” له‌ده‌ستینادات، كه‌وتنی كه‌ركوك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌ كوردییه‌كانیش نییه‌ به‌تایبه‌ت یه‌كێتی كه‌ زۆرترین لایه‌نگر و جه‌ماوه‌ریی له‌و شاره‌یه‌.

داعش ئه‌گه‌ر بیتوانیایه‌ هێرشی فراوان له‌ شێوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانی دوو رۆژی رابردوو بكات، ئه‌وه‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ریاز یان حه‌ویجه‌ی راده‌گه‌یاند، هه‌روه‌ها چه‌كی پێویستیشیان پێ نییه‌، ریزه‌كانیشی له‌و ناوچه‌یه‌ ترازاون و ته‌نیا شه‌وان ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌ی گروپ گروپ، هه‌موو توانایان ئه‌وه‌یه‌ ناوبه‌ناو چالاكییه‌كییه‌ك بكه‌ن، نه‌ك كۆنترۆڵكردنی كه‌ركوك و هێرشی فراوان.

بیرماننه‌چێت ئه‌و جۆره‌ چالاكییانه‌ی ئێستای داعش ئه‌نجامیده‌دات،‌ له‌ دوای روخانی رژێمه‌وه‌ له‌ 2003وه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحییه‌كانی ریاز، ره‌شاد و زاب هه‌ر هه‌بووه‌، پێش هاتنی داعش، گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان زۆر به‌ هێزتربون له‌ چالاكی له‌ناو شاری كه‌ركوك، له‌ چ شوێنێكی كه‌ركوك بیانویستایه‌ ته‌قینه‌وه‌یان ده‌كرد، به‌رده‌م فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك، بینای پارێزگار، هه‌واڵگری شاره‌كه‌ و ئازادكردنی زیندانه‌كان له‌ دیارترین نمونه‌كانیان بوو.

راگه‌یاندن بۆ واده‌كات؟

كه‌ركوك بۆته‌ قوربانی ململانێی هێزه‌ كوردییه‌‌كان، یه‌كێتی و پارتی بۆ جێگرتنی نفوزی خۆیان له‌ شاره‌كه‌، ئاماده‌ن هه‌موو یارییه‌ك به‌ هه‌ستی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌ن و كردویانه‌، له‌ نمونه‌ی دوو رۆژی رابردوو.
ئه‌م دوو هێزه‌ راگه‌یاندنی به‌هێزیان دروستكردوه‌ و داهاتی باشیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، چونه‌ته‌ ناو خه‌ڵك و كاریگه‌رییان تائێستاش هه‌یه‌، به ‌ڕێنمایی حزبه‌كانیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌بێ گوێدانه‌ هه‌ستی خه‌ڵك.
به‌شێكی تری راگه‌یاندنه‌كان راسته‌وخۆ كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی راگه‌یاندنی ئه‌و دوو هێزه‌وه‌ به‌ نائاگاییه‌وه هه‌مان یاریی دوباره‌ده‌كه‌نه‌وه‌.
تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ سه‌رده‌می ئێستادا كاریگه‌ری زۆریان هه‌یه‌ و ئه‌و دوو هێزه‌ش له‌ كه‌ركوك پاڵپشتی ده‌یان په‌یج ده‌كه‌ن و هه‌ر به‌ رێنمایی ئه‌وان زانیاریی هه‌ڵه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

چه‌ند  شه‌وی رابردو دابه‌شبونه‌كه‌ زۆر به‌ڕونی دیاربوو، نه‌یاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هێرشی داعش، پشتیوانانی مانه‌وه‌ی سوپا و “كه‌ركوك ئارامه‌” له‌ په‌یجه‌كان و راگه‌یاندنه‌كانیان ره‌نگدانه‌وه‌ی تیابوو، ئه‌مه‌ بۆ 16ی ئۆكتۆبه‌ریش راست بوو، هه‌ندێكیان ئاواره‌بونی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌شارده‌وه‌ و هه‌ندێكی تریشیان بڵاویده‌كرده‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری