پیاوان رۆژێکیان ناوێت بۆ ژنان

March 8, 2018 at 10:46 am

بیار ره‌شید (32 ساڵ) له‌گه‌ڵ سارا حه‌مه‌ساڵح (25ساڵ) فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

نارین رۆسته‌م

بیار ره‌شید (32 ساڵ)، نمونه‌ی پیاوێكی جیاوازه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یاندا، به‌یانیان به‌ شۆردنی قاپه‌كان ده‌ستپێده‌كات و له‌ بۆنخۆشكردنی ماڵ و ژه‌نینی پارچه‌یه‌ك میوزیك هێشتا كۆتایی نایات، به‌ڵكو خواردن بۆ خێزانه‌كه‌شی ئاماده‌ ده‌كات.

له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی سارا حەمەساڵح (25 ساڵ)، هاوسه‌ری بیار له‌ زانكۆ، سفره‌ی ماڵه‌كه‌ ده‌ڕازێننه‌وه ‌و ده‌ستده‌كه‌ن به‌ نانخواردن، له‌و ماڵه‌ هه‌موو شت یه‌كسانه‌، بۆیه‌ 8ی مارس لای ئه‌وان ته‌نیا یه‌ك رۆژ نییه‌.

ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌، چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چونه‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌، بیار هه‌فته‌ی دوو رۆژ له‌ به‌شی هونه‌ره‌كانی میوزیك سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌وامده‌كات و سارای هاوسه‌ریشی هه‌فته‌ی پێنج رۆژ له‌ زانكۆ ده‌خوێنێت، پێكه‌وه‌ كاری ماڵه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌یان رێكخستوه‌ و هاوكاری به‌رده‌وامی یه‌كترن.

“رۆژانه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وامم نه‌بێت، دوای نانخواردنی بەیانیان، کاری ماڵەوە ده‌كه‌م، قاپه‌كان ده‌شۆم و ماڵەکە پاکدەکەمەوە و ژورەکان بۆنخۆش دەکەم، دواتر دەستدەکەم بە میوزیک ژەنین و ماڵەکە پڕ دەکەم لە دەنگی کەمانچە”، به‌یار به‌مشێوه‌یه‌ باسی ژیانی رۆژانه‌ی خۆیكرد.

زیاتر وتی “خواردنی نیوه‌ڕۆش ئاماده‌ده‌كه‌م و چاوه‌ڕێی سارا ده‌كه‌م و پێكه‌وه‌ نان ده‌خۆین”.

به‌ بڕوای بیار، ئه‌وه‌ یارمه‌تیدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی نییه‌، “ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانمه‌… کارەکان لە ماڵی ئێمەدا جیانەکراونەتەوە بەڵکو هاوبەشین”.

ساڵانه‌ له‌ 8ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان-دا، ژنان چالاكیی جۆراوجۆر ده‌كه‌ن بۆ پێداگریكردن له‌ مافه‌كانیان و ئیدانه‌كردنی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت.

هه‌ندێك ئه‌و رۆژه‌ جیهانییه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی ژنان ده‌بینن له‌ یه‌ك رۆژدا، به‌ڵام هه‌ندێك پێیانوایه‌ رۆژێكی تایبه‌ته‌ به‌ ژنان.

هاوکار رسکن (33 ساڵ) شێوه‌كار له‌گه‌ڵ شارا بابانی هاوسه‌ری (28 ساڵ) فۆتۆگرافه‌ر فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

بیار ره‌شید، له‌وكاته‌ی خواردنی نیوه‌ڕۆی ئاماده‌كرد و سارای هاوسه‌ری گه‌ڕایه‌وه‌ وتی “8ی مارس رۆژێکی ئاساییە، وەک هەموو رۆژەکانی دیکە، چونکە دەبێت خەباتی ژن هەموو رۆژێک بێت نەک تەنیا یەك رۆژ”.

چیرۆكی سارا و بیار، چیرۆكێكی جیاوازی ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌‌ كه‌ بۆ 8ی مارس هه‌یه‌، ئه‌وان جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو رۆژه‌كان 8ی مارس بێت.

هاوکار رسکن (33 ساڵ) شێوه‌كار هه‌مان نمونه‌ی بیار و سارا له‌ماڵه‌كه‌یاندا هه‌یه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هاوژینەکەم یارمەتیدەری پڕۆژە هونەرییەکانم-ه‌، منیش لە ئێستادا لە کارە هونەرییەکانی یارمەتیدەر و پاڵپشتی ئەوم، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم کاتێک لە نێو پێشانگایەکی فۆتۆگرافی سەیری ئەو فۆتۆیانە دەکەم کە ناوی هاوژینەکەمیان لەسەرە”.

شارا بابان (28 ساڵ) هاوسه‌ری هاوكار فۆتۆگرافه‌ره‌، ده‌ڵێت ناسینی هاوكار وایكردوه‌ بیر له‌ هاوسه‌رگیری بكاته‌وه‌، “ئێمە هاوڕێین، ئەمەش هاوسەرگیرییەکەمانی بە زیندویەتی هێشتۆتەوە”.

“ژن دەبێت بۆ بە دەستهێنانی ئازادی خۆی، خولەک بە خولەک لە تێکۆشاندا بێت، چونکە ئەوە هەر خۆیەتی کە ئازادی بۆ خۆی بە دەستده‌هێنێت، ئەم کارە ئیشی کەسی تر نییە”، شارا به‌مجۆره‌ بۆچونی خۆی له‌سه‌ر رۆژی جیهانی ژنان نیشاندا.

یارمه‌تیدانی هاوسه‌ر و هاوبه‌شی له‌ كاری ماڵه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌دا له‌نێوان هاوسه‌ره‌كان، وێنه‌یه‌كی تری به‌ره‌و پێشبردنی دۆزی ژنانه‌ له‌ عیراق.

رێباز ئه‌حمه‌د (32 ساڵ) له‌گه‌ڵ خۆخ محه‌مه‌د ئەمین (25ساڵ) فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

رێباز ئه‌حمه‌د (32 ساڵ) كوتاڵفرۆشه‌ له‌ بازاڕێكی شاری هه‌ولێر، وتی “فێری جۆره‌كانی چێشتلێنان بومه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌مه‌وه‌… جاری واهه‌یه‌ ئه‌و نانی تیری دروستدەکات و من ده‌یبرژێنم”، ئه‌و به‌ خه‌نده‌وه‌ وتی ئه‌مه‌یه‌ ژیان.

رێباز داوایكرد ته‌واوی پیاوان به‌یه‌كسانی بڕواننه‌ خۆیان هاوسه‌ره‌كانیان، “پێویستە ئەم هۆشارییە لە پیاواندا هەبێت و پارمەتی خێزانەکانیان بدەن”.

له‌گه‌ڵ قسه‌كردنی رێباز، خۆخ محەمەد ئەمین هاوسه‌ری رێباز وتی “هەموو رۆژەکان هی ئێمەن”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن