ژنان بە رۆڵ ‌و پێگەی خۆیان رازی نین

March 8, 2018 at 6:59 pm

كەركوك، گردبونەوەیەكی ناڕەزایی رێكخراوەكانی مافی ژنان دژی نەبونی ژن لە پۆستە سەرەكییەكاندا فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

سۆران محەمەد
قۆناغی ئێستای سیاسی لە هەرێمی كوردستان ‌و عیراق، بەلای بەشێك لە ژنانەوە تەحەدییەكی نوێیە، رۆڵ ‌و دەركەوتنی زیاتریشیان هەیە، بەڵام هێشتا لە ئاست پێگەی خۆیاندا نایبینن.

هاتنە پێشەوەی زیاتری ژنان، بە تایبەت لە سەركردایەتی ‌و سەرۆكایەتی بەشێك لە حزبەكاندا، هاوكاتە لەگەڵ كێبڕكێی هەڵبژاردنە گشتییەكان لە عیراق، كە لە هەندێك قەوارەدا رۆڵی یەكلاییكەرەوەیان هەیە.

ئەو توێژەی كۆمەڵگە 8ی مارسی هەموو ساڵێك، رۆژی جیهانی تایبەت بەخۆیان بە دەرفەت دەزانن تا جارێكیتر، بۆ مافەكانیان پێداگری بكەن.

تارا حوسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “تائێستا بەگشتی رۆڵی گرنگ لە دەستی ژناندا نیە، چ لە ئاستی كۆمەڵایەتی و خێزانی و بەڕێوەبردندا،.. تێكۆشانی ژنان لە ئاستی پێویستدا نیە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە حزبەكەی ناوبراو، 19-1ی ئەمساڵ لە یەكەم كۆنگرەیدا هەشت خانمی بۆ بەرێوەبردن هەڵبژارد، لە كۆی 15 ئەندام.

“دەبێت سەرەتا ژنان خۆیان بناسن، بەداخەوە لە باشوری كوردستان (هەرێم) كێشەی خودناسینی ژن بوونی هەیە، دەبێ ژنان بزانن مێژووی ژن چی بووە لە كۆمەڵگادا”، تارا پێشیوایە “ئەوەی ئەمڕۆ ژنانی گەیاندۆتە ئەم ئاستە ئەمری واقی ژنانی كوردەوە، تێكۆشانی ژنانە لەبەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتخوازی”.

سلێمانی/19-1-2018/ به‌ڕێوه‌چونی كۆنگره‌ی تاڤگه‌ری ئازادی کوردستان كە زۆرینەی سەركردایەتیان لە ژن هەڵبژارد فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

رۆژی جیهانی ژنان، لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان 8ی مارسی هەموو ساڵێكی بۆ دیاریكراوە‌و لەو رۆژەدا، لە زۆرینەی وڵاتان خەڵك بە چالاكی جۆراوجۆر یاد دەكرێتەوە.

نیاز عەبدوڵا، چالاكوانی مافەكانی ژنان پێیوایە گۆڕانكاری لە پێدان ئەرك و بەرپرسیارێتی بە ژنان نەگەیشتۆتە ئاستێكی باشە، ئەو حزبانەیشی بەشێكی زۆریان ژنان تێیدا كارا و چالاكن، دواجار بەشێوەیەكی گشتی بڕیاردەریان پیاوە.

“تائێستا لە عیراق و هەرێمی كوردستان ژنان بە سیستەمی كۆتا دەچنە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بەداخەوە پارە و لایەنی بەڕێوەبردن لە دەستی پیاودان بۆیە لە ململانێكاندا هاوسەنگی بوونی نابێت”.

نیاز عەبدوڵا ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت “كاتێك ئێمە دەتوانین باس لە گرنگی پێدان بە ژنان لە لایەن پارت و لایەنە سیاسەكان وەزارەتەكان بكەین كە نیوەی ژمارەكە لە ژنان پێكبێت، ئەگەر 100 كاندید هەبێت دەبێت 50ی لە ژنان بێت”.

ژمارەیەك هاوپەیمانی ‌و لیست بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12-5ی ئەمساڵی عیراق لەلایەن ژنانەوە سەرۆكایەتی دەكرێن، لەو نێوەندەدا حزبی شیوعی كوردستان، تەواوی كاندیدەكانی ژنن.

شلێر عەبدولمەجید، كاندیدی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بە (كەركوك ناو)ی وت “دیاریكردنی ژن وەك كاندید.. هەڵوێستێكی دڵخۆشكەر و گرنگە، چونكە بەشدارییان لە جومگە هەستیارەكانی كۆمەڵگا نیشانەی نەبوونی جیاوازییە لە نێوان ژن و پیاودا”.

موسڵ، 8-3-2018، رێپێوانی پاڵپشتی لە ژنان بەهۆی 8ی مارسەوە فۆتۆ: عەلی ئەیاد

ئەو بە سیاسەتی حزبەكەی بەرانبەر رازییە ‌و دەڵێت “هەمیشە هەوڵمانداوە ئەو هاوسەنگیە رابگرین، تا ئەوەی بتوانین كۆمەڵگا دەوری راستەقینەی خۆی ببینێت، .. هیچ كۆمەڵگایەك ناتوانێت باسی دیموكراسی بكات ئەگەر رۆڵی راستی نەدات بە ئافرەتان”.

لە هەنگاوێكی نوێی سیاسیدا، سەرەتای ئەمساڵ ژاڵە نەفتچی، یەكێك لە سەركردە ژنەكانی بەرەی توركمانی لە عیراق حزبێكی نوێی لە كەركوك دامەزراند، بە دەنگی زۆرینەی كۆنگرەی یەكەمی حزبەكەش وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا.

ئەمەل جەلال، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی كوردستان بە مافی ژنانی دەزانێت بێبەش نەبن لە ڕووی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردنەوە، وەكو چۆن لە رابردوودا ‌و شۆڕشەكان رۆڵی گرنگیان هەبووە.

“بە گشتی باوەڕم دەكرد رێژەی دیاریكردنی ژنان لە ناو حزبەكان لەم قۆناغە زیاد بكرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ كام لە حزبەكان لە موعانت و رۆڵی ژنان لە بەڕێوبردن و هەموو جومگەكانی كۆمەڵگا تێنەگەیشتوون”.

ئەمەل نمونەی ئەوەی هێنایەوە لەكاتێكدا دەبێت رێژەی ژنان لە كاندیدەكان سەدا 30ی بێت بۆ پەرلەمانی كوردستان بەڵام حزبەكان نەیانتوانیووە ئەو ژمارەیە تێپەڕینن.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای خانمان ئومێدی بەوە هەیە لەمەودوا بە بەرنامە، كاربكرێت تا ژنان رۆڵێكی كاریگەریان هەبێت لە داڕشتنی سیاسەت و بەڕێوبەردنی كۆمەڵگاوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن