گەڕانەوەی كەتیبە
ئەو كچە ئێزیدییەكەی لە ئاوارەییشدا كۆڵی نەدا

March 9, 2018 at 5:23 pm

نەینەوا، ئازاری 2018، كەتیبە حەسەن لە كاتی دورینی جلوبەرگ فۆتۆ: موهەنەد سنجاری

موهەنەد سنجاری
“بڕواناكەم گەڕامەوە، ناتوانم بڕوا بە خۆم بهێنم ئەوەی روویدا خەو بوو، سەرباری ئەوەی روبەڕوی ئەستەم بوینەوە بەڵام پێداگری بۆ گەڕانەوە بەهێزتر بوو” كەتیبە حەسەن خەڵەف، لە پێكهاتەی ئێزیدی دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەكەی خۆی وادەڵێت.

كەتیبە دوای سێ‌ ساڵ لە ئاوارەیی، كۆتایی ساڵی رابردوو گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە بەحزانی (باكوری رۆژهەڵاتی موسڵ)، لەگەڵ براكانیدا خانوەكەی دوبارە نۆژەن كردەوە دوای ئەوەی سوتێنرا‌و تاڵانكرا لەلایەن داعشەوە، كاتێك لە ئابی 2014دا دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرت.

وەكو هەموو خێزانێكی تری ئاوارە، كەتیبە (46 ساڵ) بە بارگرانی و گرفتی زۆردا تێپەڕبووە لە چركەساتی ئاوارەبونیەوە تا گەڕانەوە، ئەو ژیانی بۆ براكانی تەرخانكرد دوای كۆچی دوایی باوكی ‌و دایكی، بۆیە هەم دایك هەم باوك بوو بۆ خێزانە چوار كەسییەكەی كە خۆی گەورەترینیانە.

“هێشتا ترسم تێدا ماوە، وەكو نەخۆشی جەستە ‌و بیری داگیركردووم، چركەساتێكی زۆر قورس بوو كاتێك ترس ‌و دڵتەنگی ‌و دودڵی لەگەڵ چارەنوسێكی نادیار تێكەڵ بوون، ناتوانم هەواڵی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە لەبیر بكەم، ئەو بەیانییە تاریكترین بەیانی ژیانمان بوو”.

هەرچەندە هێرشی داعش سەرەتا بۆ شەنگال بوو لە رۆژئاوای موسڵ، بەڵام ترس لە نێو خەڵكی بەحزانی ‌و باشیك بڵاوبوو، بەوپێیەی زۆرینەیان ئێزیدی بون ‌و ئەو پێكهاتەیەش، لەلایەن رێكخراوەكەوە كرابووە ئامانج.

“دوای شەوێكی درێژ لە دڵتەنگی ‌و گریان، بڕیارماندا بەرەو پارێزگای دهۆك بڕۆین وەكو ئەو خێزانانەی تر بەهۆی هەواڵی پێشڕەوی داعشەوە خۆیان ئامادەكردبوو بۆ رۆیشتن، متمانەمان بە هیچ نەمابوو، بەر لە خۆرئاوابونی 5ی ئابی 2014 ماڵەكەمان بەجێهێشت بۆ پەرستگای لالش، كە بوو بەجێی داڵدەدانی زۆرینەی ئێزیدییەكان لەوكاتەدا”.

كەتیبە پێش ئەوەی بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەكەوە، ماڵەكەی پشكنیی ‌و تێر سەیری كرد، تەنانەت كەلوپە سادەكان ‌و ئامێری درومانەكەی خۆی، وای هەست دەكرد جارێكیتر ناگەڕێتەوە.

لالش، 11-10-2017، مەراسیمەكانی جەژنی جەمای پێكهاتەی ئێزیدی فۆتۆ: موهەنەد سنجاری

لەگەڵ گەیشتنیان بۆ پەرستگای لالش لە نزیك دهۆك، هەزاران ئێزیدی تری نیشتەجێی دەشتی نەینەوا لەوێ‌ كۆببوونەوە، دوای چەند رۆژێكی كەم ئەوەی كەتیبە لێی دەترسا روویدا، داعش دەستیگرت بەسەر قەزاكانی تلكێف ‌و باشیك ‌و ناوچەكانی تری نەینەوا، ئەوەش وایكرد هەموان پەرستگاكە بەرەو چارەنوسێكی نادیار بەجێبهێڵن.

كەتیبە دەڵێت ناچاربوو لە كۆگایەكی بازرگانی نیشتەجێ‌ بن لە ناوچەی شندوخا لە دهۆك، دوای چەند مانگێك لە سەقامگیری ئەمنی لە میحوەری قەزای شێخان لە سنوری نەینەوا، بەرەو ئەو ناوچەیە رۆیشتن ‌و لە خانویەكی گوندی ئیسیان جێگیربوون.

“خانووەكە زۆر بچوك بوو بۆمان بەڵام دۆخی ئێمە لە زۆریتر باشتر بوو، لەوماوەیەدا لەرێی رێكخراوێكی مرۆییەوە ئامێرێكی درومان دەستكەوت، دەستمكردەوە بە دورینی جلوبەرگی ژنان، دوای ماوەیەك موشتەریەكانم زیادیكرد كە زۆرینەیان ئاوارەبون لە كەمپەكانی شێخان”، ئەو كاركردنە هاوكاری كەتیبەی كرد كرێی خانووەكە بدات بەهاوبەشی لەگەڵ براكانی ‌و بژێوی رۆژانە دابینبكەن.

لە كاتی ئاوارەییدا، كەتیبە ناچاربوو بە ئامێرێكی سادە ‌و بچوكی درومان كاربكات، بەوەش ژیانی خۆیی ‌و براكانیشی بەڕێكرد، كە دوانیان هاوسەرگیرییان كردووە ‌و خێزانیان هەیە.

دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكەیان لەژێر دەستی داعش، خێزانەكەی كەتیبە بڕیاری گەڕانەوەیاندا، خانووەكەیان پاك ‌و نۆژەن كردەوە، ئێستادا كارەكەی دەستپێكردۆتەوە‌و موشتەری زۆریشی هەیە.

ئەو ئێستا لە هەوڵی فراوانكردن‌و پەرەپێدانی كارەكەیدایە، دەیەوێت ئامێری گەورەی درومان بكڕێت تا بتوانێت لە ئاست خواستی موشتەریەكانیدا بێت، كە لە زیادبووندان.

كەتیبە لەبارەی دۆخی ئێستایەوە دەڵێت “دۆخەكە گەڕاوەتەوە بۆ جاران ‌و بەردەوام لە باشبوندایە، تەنیا ئەوەی بەدەستەوە دەناڵێنین رزگاربوونە لە بیرەوەریی ئاوارەیی ‌و دەربەدەری”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن