ئاگری نەورۆز لە كەركوك دەكرێتەوە؟
دژەتیرۆری عیراق پلانی ئەمنی جەژنەكە ئاشكرادەكات

March 11, 2018 at 10:09 pm

كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەر قەڵا لەئاهەنگی نەورۆزدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك – كەركوك ناو
لە شاری كەركوك، رێگە بە هاوڵاتیان دەدرێت ئاگری نەورۆز بكەنەوە ‌و هێزە ئەمنییەكان لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی ئاسایشی گەشت ‌و سەیرانی هاوڵاتیان، ئەوەش بە وتەی پەرلەمانتارێك ‌و فەرماندەی دژەتیرۆری عیراق لە پارێزگاكە.

رۆژانی 20 ‌و 21ی ئەم مانگە، بڕیارە هاوڵاتیانی كەركوك بە تایبەت پێكهاتەی كورد بە بۆنەی نەورۆز ‌و ساڵیادی راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی شارەكەوە دژی رژێمی پێشووی بەعس، ئاهەنگ ‌و مەراسیم سازبكەن.

لیوا روكن مەعن ساعدی، لێپرسراوی دژەتیرۆر ‌و فەرماندەی سەپاندنی یاسا لە كەركوك لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، بەپێی پلانی ئەمنی بۆ جەژنەكانی نەورۆز هێزەكانیان لە ئامادەباشی تەواودا دەبن بۆ پاراستن ‌و رێكخستنی كەشی ئاەنگگێڕانی ئەو بۆنەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا هێزە ئەمنییەكان لە ناوشار ‌و دەروازەكانی كەركوك، بڵاودەبنەوە بۆ پشكنینی ئەمنی، رێگە بە هاتوچۆی ماتۆڕسكیل ‌و تەقەكردن نادرێت، هەر پێشێلكارێك بەوهۆیەوە دەستگیردەكرێت.

بە وتەی فەرماندەی سەپاندنی یاسا لە كەركوك، كەشێكی گونجاو بۆ گەشت ‌و سەیرانی هاوڵاتیان دەرەخسێنرێت لە رۆژانی 20 ‌و 21ی ئەم مانگە، تا ئەوەش ببێتە یەكێكی لەو رۆژانەی خەڵكی شارەكە بەهەموو پێكهاتەكانەوە شانازی پێوەبكەن.

ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە كەركوك، مشتومڕی زۆری دروستكردووە، بەهۆی گۆڕانكاری لە دۆسیەی ئەمنی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.

رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا لە فەیسبوك بڵاویكردەوە “بەباشی دەزانم هەمووان دڵنیا بكەمەوە كە ئێوارەی 20-3 هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لەسەر قەڵای كەركوك مەراسیمی كردنەوەی ئاگری نەورۆز و یادی ڕاپەڕین بەڕێوەدەچێت”.

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویەتی “ئامادەبوان دەتوانن بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگرن، هەموو هەوڵێكی خۆممدا تا ئەو یادە بە ئاڵای كوردستانەوە بكرێتەوە”.

ئەو رونكردنەوەیە دوای چەند دەنگۆیەك هات دەربارەی هەوڵی رێگری لە كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە كەركوك ‌و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەو بۆنەیەدا.

هەفتەی رابردووش نوێنەرانی حزبە كوردییەكان لە كەركوك، لە كۆبوونەویەكی هاوبەشدا بڕیاریاندا پێكەوە ئاهەنگ بۆ نەورۆز بگێڕن ‌و یادەكانی تر بكەنەوە، بۆ ئەوەش داوایان لە هاوڵاتیان كرد بە شێوەیەكی “مامناوەند” ئاگری نەورۆز بكرێتەوە.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە هێزە عیراقییەكان، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا گەڕانەوە بۆ كەركوك ‌و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق ‌و هەرێم بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن