كۆمسیۆن: ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە وادەی دیاریكراودا

March 12, 2018 at 4:43 pm

كەركوك، نیسانی 2014، جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرایكرد، ئامادەكاریی تەواو دەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە وادەی دیاریكراودا، دوای پەسەندكردنی پێشنیارەكەیان دەربارەی كاتی بەرێوەچونی ئەو پرۆسەیە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، كۆتایی مانگی رابردوودا بڕیاریدا بە دیاریكردنی 22-12ی ئەمساڵ بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەوەش لەسەر داوای پەرلەمان ‌و كۆمسیۆن.

ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ دووشەممە 12-3 بڵاویكردەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێكاری پێویست دەگرێتەبەر ‌و كاردەكات بەپێی ئەو وادەیە، بۆ دانانی خشتەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە.

هەروەها رونیكردۆتەوە ئەو وادەیەی دانراوە، لەسەر پێشنیاری ئەوان بووە كە لە 26-2ی ئەمساڵ رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە ‌و بۆ رۆژێك دواتر، حكومەتی عیراقی پەسەندیكردووە.

پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی 5-2ی ئەمساڵ، لە بڕیارێكدا حكومەتی ناوەندی پابەند كرد بە دانانی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە مەرجێك لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە پێشتر 12-5ی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی دیاریكرابوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 13 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنەبووە، بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە.

هەر لەمساڵ ‌و لە 12ی ئایاردا، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەرێوەبچێت، ئەوەش بە بەشداری 88 لیست و هاوپەیمانی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن