نەمامێك بۆ هەڵەبجە ‌و نەمامێك بۆ غوتە

March 12, 2018 at 5:19 pm

باشیك، 17ی ئازاری 2017، هەڵمەتێكی نەمام چاندنی گەنجانی خۆبەخش لە شارۆچكەكە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
چالاكوانان لەسەرتاسەری جیهاندا، هەڵمەتێك بۆ چاندنی دوو نەمام بۆ یادی كیمیاییبارانی هەڵەبجە لەعیراق ‌و غوتە لەسوریا بەرێوەدەبەن، بە ئامانجی لە یادنەكردنی قوربانیانی هەردوو رووداوەكە.

ئەو هەڵمەتە، هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕینی 30 ساڵ بەسەر كیمیاییبارانی هەڵەبجە لە كوردستانی عیراق و یادی پێنج ساڵەی كیمیاییبارانی غوتە لە سوریا، كە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی كوژران.

دەقی بەیاننامەی هەڵمەتەكە:
ئەمساڵ 30ــەمین ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجە لە كوردستانی عیراق و پێنجەمین ساڵیادی كیمیاییبارانی غوتەیە لە سوریا.
ساڵی 2018 دەستیپێكرد ‌و تائێستا مرۆڤەكان دوچاری دابەشكردن و جیاكاری و روبەڕوبونەوە دەبنەوە، سیاسیەكان و حزبە رادیكاڵەكان تائێستا ئەو یاریە قێزەونە دەكەن بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و ڕق‌وكینە، جەنگ تائێستاش وەكو بەرهەمهێنان تەماشادەكرێت ‌و قوربانیەكان لە جیهانی گەشەسەند و تەنها وەك ژمارە سەیر دەكرێن، زۆركات لەبیر دەكرێن و وەكو قوربانی دەستی خۆیان سەیردەكرێن.
لە 50 ساڵی رابردوودا، زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاكێشراون بۆ ناو جەنگی بێ كۆتا ‌و روبەڕوی جیاكاری، رق‌وكینە، بۆمبارانكردن، ئازار‌و ئاوارەبون بونەتەوە.
بەتەنها چەكی ئاسایی لە دژی خەڵكی مەدەنی بەكارنەهات، بەڵكو چەكی كیمیاییش بەكارهێنراوە، خەڵكی مەدەنی كیمیاییباران كراوە لەلایەن حزبی دیكتاتۆری بەعس لە كوردستانی عیراق و لە سوریاش كە بووە هۆی كوشتنی هەزاران كەس، راپۆرتەكان باس لە بەشداری كۆمپانیاكانی وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا دەكەن لە یارمەتیدانی رژێمی سوریا و عیراق بۆ بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی.
وەڵامی ئێمە چییە، چۆن ئێمە یادی قوربانیان دەكەینەوە بەڵام لە هەمانكاتدا لەداهاتوو دەڕوانین.
لەمڕۆژەدا ئێمە بەوجۆرە وەڵام نادەینەوە كە سیاسیەكان چاوەڕوانن: ئێمە رق‌وكینە بە رق‌وكینە، جیاكاری بەجیاكاری، گشتیكردن بەگشتیكردن وەڵام نادەینەوە. ئێمە توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام نادەینەوە..
چالاكوانان لە عیراق و سوریا، كوردو عەرەب بڕیاریانداوە پێكەوە یادی قوربانیان بكەنەوە، بەرامبەر زەخت و چاوچنۆكی سیاسییەكان بوەستن ‌و بانگەشەی ئاشتی بكەن بە ناشتنی نەمام بۆ داهاتومان.
بڕیارماندا كەمپینی ناشتنی نەمام رابگەیەنین لە سەرانسەری جیهان. نەمامێك بڕوێنە لە باخچەكەی خۆتدا یان لە ئینجانەیەكدا ‌و بیر لەو بەڵێنە بكەوە بۆ لە یادنەكردن و هاوكاریكردنی رزگاربوان، بانگهێشتی ئاشتی و نا بۆ توندوتیژی بكەن، بەرەنگاری جیاكاری و ستەم ببنەوە كە بەرەو رەشەكوژیمان دەبات لە جیهاندا.
لە سەرەتادا یەك نەمام دەچێنین بۆ هەڵەبجە ‌و یەكێك بۆ غوتە، هەر بەشداربویەك دەتوانێت چەند نەمام دەیەوێت بیچێنێت بۆ یادی قوربانیانی روداوی دیكە.
بەشێك لە خانوەكەت بۆ ئاشتی تەرخانبكە، پەیمانەكەت بپارێزە بە بیرهێنانەوەت هەركاتێك گرینگیت بەنەمامەكانی ماڵەكەتدا.
بۆچی نەمام دەڕوێنین؟
جەنگ تەنها مرۆڤ ناكوژێت و شارەكان وێران ناكات. جەنگێكی توند لەناوچە دوورەدەستەكان و لادێكان رودەدات، چەكی كیمیایی دروستكراوە بە مەبەستی ناوچەیەكی بەرفراوان بۆ دروستكردنی ترس و تۆقاندنی دانیشتوان.
جوتیارەكان ئاوارەدەبن و كێڵگەكانیان جێدەهێڵن. جەنگ لەگەڵ خۆی ئابڵوقە و كەمی سوتەمەنی دەهێنێت كە پاڵ بە قوربانیانەوە دەنێت بۆ بڕینی دار لە باخچەو دارستانەكان بۆ بەردەوامییان لە ژیان. زۆرێك لە دارستانەكان لەناوچون ‌و دیمەنی سروشتی گۆڕانكاری بەسەردادێت. كاتێك جەنگ ماوە دەكێشێت، باخەكان لە شارەكاندا دەبن بە گۆڕستان، هەمو جۆرەكانی چەك بە چەكی كیمیاییشەوە مادەی كیمیایی تێدایە كە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت بە پیسكردنی خاك و ئاو.
ئەمساڵ، دانیشتوانی هەڵەبجە دەستدەكەن بە دروستكردنی پاركێك، بەدرێژایی ساڵەكە پلان دانان و ناشتنی نەمامەكان لە پاركەكەدا بەردەوام دەبێت، چالاكوانان لە سوریا بەشداردەبن بە ناشتنی یەك یان دوو نەمامی زەیتون لەو شارو گەڕەكەی لێی نیشتەجێن (یەكێك بۆ هەڵەبجە و یەكێك بۆ غوتە). بۆ ئەوەی دەرفەتێكی زیاتر بدەین بە خەڵك لە سەرانسەری جیهان بۆ بەشداریكردن، داوادەكەین لە هەموان بە ناشتنی هەر نەمامێك لە ئینجانەیەك، باخچەیەك ‌و كێڵگەیەك یان دارستانێكدا.
ئێمە نەمام دەچێنین بۆ داهاتوو، خەون بە ناوچەیەكی دوور لە جەنگ و ستەم و جیاكاری دەبینین. بەشداربن لە كەمپینی نەمام ناشتنەكەماندا.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن