250 ژن و پیاو په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی موسڵ پاكده‌كه‌نه‌وه‌

March 12, 2018 at 9:26 pm

نه‌ینه‌وا/12-3-2018/ هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی بینای په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی موسڵ له‌ پاشماوه‌كانی جه‌نگ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

250 ژن و پیاو ده‌ستیانكرد به‌ پاككردنه‌وه‌ی بینای په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی موسڵ له‌و خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ جه‌نگییه‌ی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و داعش له‌ سه‌ره‌تای ساڵی رابردوه‌وه‌ په‌یمانگه‌كه‌ی ته‌نیوه‌.

ئه‌و ژن و پیاوانه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12-3 له‌ هه‌ڵمه‌تێكیاندا له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی رێكخراوی UNDP ده‌ستیانكرد به‌ پاككردنه‌وه‌ی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی موسڵ، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی دكتۆر غه‌سان عوبه‌يدی، راگری په‌یمانگه‌كه‌.

غه‌سان عوبه‌يدی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت”هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 60 رۆژ به‌رده‌وامده‌بێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی په‌یمانگه‌كه‌ له‌ خۆڵ و خاشاك و هه‌ندێك له‌ تاقیگه‌ تێكشكاوه‌كان كه‌ به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ له‌ دژی داعش له‌ناوچوبون”.

“هه‌وڵه‌كه‌‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یمانگه‌كه‌یه‌ بۆ سروشت و جوانی خۆی، ئه‌وه‌ش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستاكان و به‌شێك له‌ خوێندكاره‌كان بۆ په‌یمانگه‌كه‌ له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی ساڵی خوێندن”، راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی موسڵ وای وت.

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 موسڵ-ی كۆنترۆڵكرد و دوای زیاتر له‌ سێ ساڵ له‌ حوكمڕانی ئه‌و رێكخراوه‌، هێزه‌ عیراقییه‌كان هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر كۆتاییهاتنی داعشیان له‌ پارێزگاكه‌ راگه‌یاند، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیشه‌وه زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن روبه‌ڕوی وێرانكاریی روخاندن بونه‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن