عه‌‌بادی بڕیاریدا به‌كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

March 13, 2018 at 1:20 pm

فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی فۆتۆ: راگه‌یاندنی فڕۆكه‌خانه‌كه‌

كه‌ركوك ناو

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، ئه‌وه‌ش دوای به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان دێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی بۆ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌كه‌، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران.

ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی هات له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی هه‌ردو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌  13-3 له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.

له ‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ “به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌‌ ده‌ستورریانه‌ی هه‌یه‌ بڕیارماندا به‌ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕوی گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی “دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی نیشاندا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی بۆ هه‌ردو فڕۆكه‌خانه‌كه‌”.

عه‌بادی له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم كارده‌كه‌ن، فه‌رمانێكی دیوانی بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان دره‌كردوه‌ و تیایدا هاتووه‌ “بریاره‌كه‌ دوای به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی بۆ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی”.

هه‌روه‌ها  هاتووه‌ “له‌پێناو ئاسانكاریی بۆ گه‌شتی هاوڵاتیان و كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستنی تایبه‌ت له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌ر‌شتی و كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدراڵیدا ده‌بێت”.

سیستمی وردبینیی و پشكنین كه‌‌ تایبه‌تن به ‌فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم و خاڵه‌ سنورییه‌كان ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ سیتسمه‌كه‌ی عیراق وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو فڕۆكه‌خانه‌كانی عیراق كاری پێده‌كرێت.

عه‌بادی هه‌روه‌ها بڕیاریداوه‌ كارمه‌ندانی ره‌گه‌زنامه‌و پاسپۆرت له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ببسه‌ترێنه‌وه‌ به وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی فیدراڵیه‌وه‌، “زۆر بڕگه‌ی تر هه‌ن دانراون له‌ په‌رۆشیمان بۆ مافی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق به‌گشتی”، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌.

ئاماژه‌ به‌پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵاش كراوه‌، بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنورییه‌كان بۆ دڵنیابونه‌وه‌ له‌ پابه‌ندبون به‌ پێوه‌ره‌كانی سیستمی فیدراڵی، كه‌ لیژنه‌كه‌ نوێنه‌ری ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تێدا ده‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی و هه‌رێم و راپۆرته‌كانیان بۆ فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ یان هه‌ركه‌سێكی تر كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ستنشیانی بكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

حكومه‌تی عیراق له‌ 29ی ئه‌یلولی ساڵی رابردو بڕیاریدا به‌ راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌ردو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه‌ له‌ 25ی هه‌مان مانگدا.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن