سەرۆك كۆمار یاسای بودجە دەگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان

March 13, 2018 at 4:30 pm

بەغدا، 2018، دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

كەركوك ناو
فواد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عیراق بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان، بە ئامانجی پێداچونەوە ناوەڕۆكەكەی لەڕووی دەستوریی ‌و دارایییەوە.

پرۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراق، سەرەتای ئەم مانگە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند كرا، ئەوەش لە دانیشتنێكدا كە فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتیان كرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئەمڕۆ سێشەممە 13-3 لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فواد مەعسوم بڕیاریداوە بە گەڕاندنەوەی بودجە بەئامانجی سەرلەنوێ وردبینیكردن و پیاداچوونەوە بە ناوەرۆكی قانونەكە لەرووی دەستوری و دارایی و قانونییەوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوە “نزیكەی 31 خاڵی یاساكە ناكۆكە لەگەڵ قانونە كارپێكراوو پەیڕەوكراوەكانداو لەگەڵیاندا ناگونجێت”، گەراندنەوەشی دوای توێژینەوەی ژمارەیەك لە پسپۆڕان و راوێژكارانی قانونی و دارایی بووە.

ئەو هەنگاوەی سەرۆك كۆمار دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عیراق ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی یاساكەیان رەتكردەوە، بەهۆی كەمبونەوەی پشكی سەدا 17ی هەرێم ‌و چەند پرسێكی ترەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی گەراندنەوەی یاسای بودجە وتی “شك لەوەدا نییە هاوڵاتیانی هەرێم زۆر نیگەرانن لە یاساكە.. هیوادارین دەرفەت هەبیت بۆ دوبارە پێداچونەوە ‌و بەهەندوەرگرتنی داواكارییەكان”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن