زۆرینه‌ی كه‌ركوك جلی نه‌ته‌وه‌یی نه‌پۆشی
سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ له‌ پێناو “ئارامی”دا جلی نه‌ته‌وه‌یی قه‌ده‌غه‌كرد

March 13, 2018 at 3:42 pm

كه‌ركوك/12-3-2018/ خوێندنگه‌یه‌كی كوردی جلی نه‌ته‌وه‌یی ده‌پۆشن له‌ رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی-دا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

جگه‌ له‌ یه‌ك دوو خوێندنگه‌ی كوردی، ئه‌مساڵ له‌ رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌ییدا خه‌ڵكی كه‌ركوك جلی نه‌ته‌وه‌كانیان نه‌پۆشی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و سنورداركردنه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆوه‌ گیرایه‌به‌ر له‌ پێناو “ئارامی” بۆ شاره‌كه‌.

دووشه‌ممه‌ 12-3 رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی بوو، ساڵانه‌ له‌و رۆژه‌دا پێكهاته‌كانی كه‌ركوك‌ عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیانه‌كان جلی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌پۆشی، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌بێ پۆشینی جلی نه‌ته‌وه‌یی تێپه‌ڕبوو، جگه‌ له‌ یه‌ك دوو خوێندنگه‌ی كوردی نه‌بێت.

ره‌وف محێدین، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى له‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئاگادارى ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رانی خوێندنگه‌كانمان كرده‌وه‌ كه‌ سەرپشکبن لە ئەنجامدانى چالاکى جۆراوجۆر و پۆشینی جلی نه‌ته‌وه‌یی”.

هه‌روه‌ها خوێندنگه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان جلی نه‌ته‌وه‌ییان نه‌پۆشی، خوێندنگه‌ كوردییه‌كانیش به‌پێی پێویست نه‌بون.

ئیمان عەبدولستار، خوێندكار له‌ خوێندنی كوردی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هەموو کەس ئازادە لە پۆشینى جلوبەرگى نەتەوه‌یی خۆى، لەم رۆژەدا هیچ کەسێک ناتوانێت رێگریمان لێ بکات، وەکو دەبینین ئەمڕۆ هەموو قوتابیانی خوێندنگه‌كه‌مان بەجلوبەرگى کوردییەوە بەشداریمان لەم بۆنەیە کردوە هه‌ڵپەڕکێ و چالاکى ئەنجام دەدەین”.

خوێندنگه‌كانی تری شاره‌كه‌، ده‌وامی ئاسایی خۆیان هه‌بوو، له‌كاتێكدا له‌ ساڵانی پێشوو به‌ پۆشینی جلی نه‌ته‌وه‌یی ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا.

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كه‌ركوك، به‌ نوسراوێك داوای له‌ ته‌واوی كۆلێژ و به‌شه‌كان كردوه‌ كه‌ رێگه‌نه‌ده‌ن خوێندكاران به‌ جلی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بچنه‌ زانكۆوه‌ له‌ رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی-دا، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی خوێندكاران پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ بون، به‌ڵام به‌شێكیان بڕیاره‌كه‌یان شكاند.

هونەر محەمەد، یه‌كێك له‌و خوێندكارانه‌ی جلی نه‌ته‌وه‌یی كوردی پۆشیبوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چه‌ند خوێندكارێك وتمان نابێت ئەو بۆنەیە بەبێ له‌به‌ركردنی جلی كوردی تێپه‌ڕێت و پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ نه‌بوین”.

د. عومه‌ر ئینجه‌ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌و بڕیاره‌ماندا، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ دروستنه‌بێت له‌نێو پێكهاته‌كان، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌مان نه‌دایه‌ هه‌ر خوێندكاره‌ و به‌ جۆره‌ جلوبه‌رگێكه‌وه‌ ده‌هاتنه‌‌ زانكۆ، یه‌كێك به‌جلی حه‌شدی شه‌عبیی و یه‌كێك به‌ جلی ئاسایشی كوردی، ئیتر كێشه‌ دروستده‌بوو”.

كه‌ركوك/12-3-2018/ خوێندنگه‌یه‌كی كوردی جلی نه‌ته‌وه‌یی ده‌پۆشن له‌ رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی-دا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

“ماوه‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌ نێوان خوێندكارانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان دروستبووه‌ و نامانه‌وێت كێشه‌ی سیاسی دروستبێته‌وه بۆیه‌ رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ئاسایی تێپه‌ڕی”، عومه‌ر‌ ئینجه‌ وای وت.

له‌به‌رده‌م زانكۆی كه‌ركوك دوو هه‌مه‌ری سه‌ربازیی له‌ رۆژی جلی نه‌ته‌وه‌ی-دا راگیرابون و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چاودێری دۆخه‌كه‌یان ده‌كرد.

هونه‌ر محه‌مه‌د وتی “ئه‌و خوێندكاره‌ی به‌ جلی نه‌ته‌وه‌یی بهاتایه‌ته‌ زانكۆ ناویان ده‌نوسین”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری