حزبە كوردییەكان له‌ كه‌ركوك: ئاگری نه‌ورۆز ده‌كرێته‌وه‌ و ئاڵای هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵده‌كرێت

March 13, 2018 at 6:35 pm

كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەر قەڵا لەئاهەنگی نەورۆزدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك
حزبە كوردییەكان لە كەركوك، بڕیاریاندا بە هاوبەشی یادەكانی تایبەت بە شارەكە ‌و كورد بكەنەوە، بە بەشداری خەڵك بە ئاڵای هەرێمی كوردستانەوە ‌و ئاگری نەورۆزیش، وەكو ساڵانی رابردوو بكرێتەوە.

ئەو بڕیارە لە كۆبونەوەی كەسی یەكەمی لایەنە سیاسیە كوردییەكاندا هات لە كەركوك، كە ئەمڕۆ سێشەممە 13-3 لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەرێوەچوو بۆ تاوتوێی یاد ‌وبۆنەكانی مانگی ئازار، لە نێویاندا جەژنی نەورۆز.

شێخ سدیق ئەحمەد، لێپرسراوی كۆمیتەی پارێزگای كەركوكی حزبی شیوعی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “ئاگری نەوروز وەكو ساڵانی رابردوو لە شوێنی خۆی دەكرێتەوە”، باسی لەوەشكرد بڕیاریانداوە لەگەڵ پارێزگار ‌و فەرماندەی سەپاندنی یاسا، تاوتوێی كێشە ‌و گرفت ‌و دۆخی ئەمنی سنورەكە بكەن.

ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە كەركوك، مشتومڕی زۆری دروستكردووە، بەهۆی گۆڕانكاری لە دۆسیەی ئەمنی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، دەنگۆی هەوڵی رێگری لە كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە كەركوك ‌و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەو بۆنەیەدا.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو لەبارەی بڕیارەكانی كۆبونەوەكەوە وتی “بەهەماهەنگی بونە و یادەكان دەكرێنەوە، داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بە گەرمی بەشداری بۆنە و یادەكانی ئادار ‌و نەورۆز ‌و هەڵەبجە بكەن، یادەكان بەرز رابگرن ‌و پیرۆزی بكەن بە ئاڵای كوردستانەوە”.

رۆژانی 16، 20 ‌و 21ی ئەم مانگە، بڕیارە لە كەركوك مەراسیم و بۆنەی تایبەت بە یادی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، نەورۆز ‌و دواتر راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی شارەكەوە بەرێوەبچێت دژی رژێمی پێشووی بەعس.

رەوەند مەلا مەحمود لەبری حزبەكانی تر داوای لە حكومەتی عیراقی كرد دەستور جێبەجێبكەن ‌و دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، نوێنەرانی كوردیش لە بەغدا “فشاری دەستوری خۆیان لەسەر دەسەڵات دروستبكەن و ناهەقی قبوڵ نەكەن”.

داواشیكرد “سەركردایەتی كورد لەسەر كەركوك بە دەنگ بێن ‌و چیتر هیچ جۆرە دەسەڵاتداریەكی قۆرغكراو قبوڵ نەكرێت”.

لە چەند رۆژی رابردوشدا لیوا روكن مەعن ساعدی، فەرماندەی سەپاندنی یاسا لە كەركوك لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند بەپێی پلانی ئەمنی بۆ جەژنی نەورۆز، لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شار ‌و ئەو خێزانانەی دەچنە سەیران.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە هێزە عیراقییەكان، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا گەڕانەوە بۆ كەركوك ‌و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق ‌و هەرێم بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن