نێچیرڤان بارزانی: بەغدا ئێستا ئامادەنین بۆ كردنەوەی رێگای هەولێر ‌و كەركوك

March 13, 2018 at 8:13 pm

كه‌ركوك/ پردی نێوان كه‌ركوك – هه‌ولێر له‌ ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری) كە بەهۆی شەڕەوە روخاوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد حكومەتی عیراق ئێستا ئامادەنین بۆ كردنەوەی رێگای نێوان هەولێر ‌و كەركوك، ئەوەش دوای نزیكەی پێنج مانگ لە داخستنی بەهۆی شەڕەوە.

رێگای هاتوچۆی نێوان هەردوو پارێزگای كەركوك ‌و هەولێر، بەهۆی شەڕی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا داخرا‌و هەرێمی كوردستان، سەرەتای ئەم مانگە تاكلایە‌نە بڕیاری كردنەوەیدا بەڵام هێشتا هەڵوێستی ئیدارەی كەركوك و بەغدا لەوبارەیەوە رون نییە.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە 13-3 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر لەبارەی كردنەوەی رێگاكەوە وتی “چاوەڕوانی لایەنی عیراق دەكەین و رامانگەیاندووە چاوەڕێی هەندێ ڕێكاری سەربازی لە بەغدا دەكەین، لەسەر ئەو حسابەی بە ئێمە گوتراوە ئەوان ئێستا ئامادە نین بۆ كردنەوەی، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان ئامادەین و دەیكەنەوە”.

لە سنوری ناحیەی پردێ‌ لە باكوری كەركوك، كە رێگای سەرەكی پارێزگاكەیە بەرەو هەولێر، لە ئۆكتۆبەری 2017دا روبەڕوبونەوە لە نێوان پێشمەرگە ‌و هێزە عیراقییەكان رویدا، بەوهۆیەوە پردی سەرەكی رێگاكە لەسەر زێی بچوك زیانی بەركەوت.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحییەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) 28ی شوبات بە (كەركوك ناو)ی وت “لیژنەی پشكنینی پرد و رێگاوبانی كەركوك خەمڵاندنیان بۆ چاككردنەوەی پردەكە كردوە و دەڵێن بڕی 700 ملیۆن دیناری تێدەچێت، چاوەڕواندەكرێت بەڕێوەبەرایەتی پرد و رێگاوبانی كەركوك لەڕێی حكومەتی عیراقەوە هەستێت بە چاككردنەوەی”.

هەولێر، 13-3-2018، كۆنگرەی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: سایتی حكومەت

گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان لە 16ی ئۆكتۆبەردا بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، دوابەدوای ئاڵۆزیەكانی هەولێر ‌و بەغدا بوو بەهۆی ریفراندۆمەوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەربارەی داهاتووی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك وتی “ئەو شوێنانە بەو شێوەیە دەمێننەوە تا ڕێكاری دەستووری كێشەكانی چارەسەر دەكات، ئینجا ئەو شوێنە چ لە دەست ئێمە بێت، چ لە دەست بەغدا بێت، چ لە دەست هەر لایەنێك بێت، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە”.

بەپێویستیشی زانی دەستور جێبەجێبكرێت بۆ ئەوەی كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەربن.

یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی ناوچەكانی جێناكۆك، بەپێی ماددەی 140ی دەستور لەرێی سێ‌ قۆناغی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری ‌و راپرسیەوە دەبێت بەڵام تائێستا، تەنیا بەشێكی كەم لە قۆناغی یەكەم جێبەجێكراوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن