كرێكارانی بیانی داوای مافەكانیان دەكەن
رۆژانە 600 تۆن خۆڵ‌و خاشاك لە كەركوك كەڵەکە دەبێت

March 30, 2018 at 2:04 am

كەركوك، 13-3-2018، ناڕەزایی كرێكارانی بیانی بۆ موچەكانیان دوای كۆتایی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیاكەیان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك
خۆڵ‌و خاشاك لە زۆربەی گەڕەكەكانی كەركوك كەڵەكە بوون، ئەوەش بەهۆی كۆتاییهاتنی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای پاككەرەوە ‌و ئیدارەی پارێزگاكەوە، بەبێ‌ خەرجكردنی موچەی چەند مانگێكی كرێكارانی بیانی.

ژمارەیەك لە كرێكارانی بیانی كۆمپانیای خالید شنكی، 13-3 لە گردبونەوەیەكی ناڕەزاییدا لە كەركوك داوایانكرد موچەی سێ‌ مانگی رابردویان بۆ خەرجبكرێت، بەوپێیەی كارەكانیان لەو شارە كۆتاییهاتووە.

ئەو كۆمپانیایە چەند ساڵێكە لەگەڵ ئیدارەی كەركوك گرێبەستی هەیە بۆ پاككردنەوەی خۆڵ‌و خاشاكی شارەكە ‌و لە مانگی رابردووەوە نوێ‌ نەكراوەتەوە.

محەمەد فەیز، یەكێك لە بەشداربوانی ناڕەزایی كرێكارەكان بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە 250 كرێكار بوین.. ماوەی سێ مانگە موچەمان وەرنەگرتوە ‌و داواكارین ئیدارەی كەركوك بۆمان دابین بكات تا مافەكانمان نەفەوتێت”.

بەپێی بەدواداچونێكی مەیدانی (كەركوك ناو)، چەند هەفتەیەك بەرێژەیەكی زۆر خۆڵ‌و خاشاك لە زۆربەی گەڕەك ‌و شەقامەكانی كەركوك كەڵەكە بون، هەندێك كات خەڵك خۆبەخشانە كۆیاندەكەنەوە ‌و لەدەرەوەی شار فڕێی دەدەن.

كه‌ركوك/شوباتی 2018/ خۆڵ و خاشاك زۆرێك له‌ گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كانی ناوه‌ندی شاری ته‌نیوه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

هارون رەشید، دانیشتوی گەڕەكی كەرامە لە كەركوك وتی “خەڵك ئێستا بێكارن، بۆیە ئەو كێشەیەی كۆمپانیای پاككەرەوەیان قۆستۆتەوە ‌و بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بچوك، لە كۆڵانەكاندا دەگەڕێن ‌و خۆڵی ماڵان بە دوو هەزار دینار فڕێدەدەن”.

لە كێشەكانی ئەو كۆمپانیایە ‌و ئیدارەی كەركوك، كرێكارە بیانیەكانیش خۆیان بە قوربانی دەبینن لەكاتێكدا كەسوكاریان چاوەڕێی ناردنی پارەیان لێدەكەن، بەڵام ئەوان موچەی پێنەدراوە.

شەرەفەدین عەلائەدین، یەكێك لە كرێكارانی بیانی دەڵێت “وادیارە كۆمپانیاكە نیازی ئەوەی نیە پارەكەمان پێبدات چونكە سەرقاڵی گواستنەوەی ئامێر و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلەكانیەتی بۆ سلێمانی”.

كۆمپانیای خالید شینكی، پێدانی مافی كرێكارە بیانییەكانی بەستۆتەوە بەو قەرزەی لای ئیدارەی كەركوكە.

دلێر ئیسماعیل، نوێنەری كۆمپانیاكە بە (كەركوك ناو)ی وت “كۆمپانیاكەمان 14 ملیار دیناری لای ئیدارەی كەركوكە، هەرچەندە ئێمە لە 28ی شوبات گرێبەستمان كۆتاییهات بەڵام تا چوار رۆژ دواتریش خۆبەخشانە كارمانكرد”.

لە ئێستادا پرۆسەی پاككردنەوەی كەركوك لە خۆڵ‌و خاشاك دراوەتە شارەوانی، بەڵام توانای بەردەستی ئەو بەرێوەبەرایەتییە بەر لە گەڕەكەكان بۆ شەقامە سەرەكییەكانە.

بەپێی سەرچاوەیەك لە شارەوانی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) “شارەوانی ئۆتۆمبێل و ئامێری پێویستی نییە، رۆژانە نزیكەی 700 تۆن خۆڵ و خاشاك لە كەركوك فڕێدەدرێت ‌و ئێمە لە تواناماندایە رۆژانە 100 تۆن هەڵبگرینەوە، ئەوەیش تەنیا لە نێو شەقامە سەرەكییەكان”.

ئیدارەی كەركوك، هەڵمەتێكی دەستپێكردووە ‌و هانی خەڵك دەدات بەشداریبكەن لە پاككردنەوەی گەڕەكەكانی خۆیان.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (كەركوك ناو) رونكردەوە بەهۆی پەككەەوتنی كارەكانی ئەنجومەنەوە نەتوانراوە بەدواداچون بۆ كێشەكان بكرێت بەڵام كۆمپانیاكە قەرزی لای حكومەت هەیە ‌و بەغدا، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەریشەوە وەكو پێشتر هەر بودجەی رەوانەی شارەكە نەكرد.

بەشێك لە هاوڵاتیان، خۆڵ ‌و خاشاكی كەڵەكەبوو دەسوتێنن، ئەوەش هۆكارێكە بۆ پیسبونی ژینگە و بڵاوبونەوەی نەخۆشی.

كه‌ركوك/شوباتی 2018/ خۆڵ و خاشاك زۆرێك له‌ گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كانی ناوه‌ندی شاری ته‌نیوه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

وزاح ریاشی، هاوڵاتی دانیشتوی كەركوك دەڵێت بڵاوبونەوەی خاشاك دیاردەیەكی زۆر ناشارستانییە ‌و ئەوەش یەكەمجار نییە دوبارە دەبێتەوە.

ئیدارەی كەركوك، دانی بەوەداناوە 14 ملیار دینار قەرزاری كۆمپانیای پاككەرەوەن ‌و بەبڕیاری حكومەتی ناوەندی دەبێت شارەوانی گەڕەكەكان پاكبكاتەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبونەوەی پارێزگاری بەوەكالەت لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لە 11-3دا.

سەردار حەسەن، بەرێوەبەری شارەوانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “نەبون ‌و نەناردنی بودجە بۆ پاككردنەوە هۆكاری سەرەكی كۆبونەوەی خۆڵ‌و خاشاكی زۆرە…، لە كۆتایی 2017وە بڕیاردراوە كاری پاككردنەوە شارەوانی ئەنجامیبدات”.

هەروەها رونیكردەوە لە ئێستادا گرێبەستی كۆمپانیای پاككەرەوە كۆتاییهاتوە ‌و هاوڵاتیان لە كەركوك، خۆیان هەڵمەتێكیان دەستپێكردووە بۆ هەڵگرتنەوە‌و لابردنی خۆڵ‌و خاشاك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن