ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی كه‌ركوك گروپێكی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنن و سه‌ندیكاش ره‌خنه‌ی هه‌یه‌

March 14, 2018 at 10:17 am

كه‌ركوك/10-3-2018/ گروپێك له‌ رۆژنامه‌نوسانی كوردی كه‌ركوك گروپێكی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنن و ده‌ڵێن به‌رگری له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ن فۆتۆ/ راگه‌یاندنی گروپه‌كه‌

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی كوردی كه‌ركوك گروپێكی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنن به‌ ئامانجی “داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسانی شاره‌كه‌” و پێیانوایه‌ گروپ و سه‌ندیكاكان نه‌یانتوانیوه‌ به‌رگری له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان ره‌خنه‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گروپه‌.

ئۆژین جۆڵا، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی ئه‌و گروپه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بیرۆكه‌ی دروستبونی ئه‌م گروپه‌ دوای ئه‌وه‌هات كه‌ هیچ سه‌نته‌ر و سه‌ندیكایه‌كی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌نوسان هه‌ڵوێستی نه‌بوو له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دژ به‌ رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك، بۆیه‌ گفتوگۆی پێكهێنانی ئه‌م گروپه‌مان كرد”.

دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی دوو راگه‌یه‌نراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، گروپه‌كه‌ شه‌ممه‌ 7-10، یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ره‌سمی خۆی رێكخست، به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوسانی كوردی كه‌ركوك.

“دوای گفتوگۆ و وەرگرتنی تێبینی ڕۆژنامەنوسان، بڕیاردرا گروپەکە لە سنوری رۆژنامەنوسانی کورد فراوانتربکرێت و رۆژنامەنوسانی عەرەب و تورکمانیش بهێنرێنه‌ نێو گروپەکەوە”، ئۆژین زیاتر وتی “دواتر نوێنەری پێنج کەس لە ئامادەبوان پێکهێنرا بۆ نوێنەرایەتیکردنی رۆژنامەنوسان و گفتوگۆکردن لەگەڵ رۆژنامەنوسانی نەتەوەکانی تر”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ردوو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ركوك لقیان هه‌یه‌، به‌ڵام گروپه‌كه‌ پێیوایه‌ له‌ ئاست پێشێلكارییه‌كانی دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان هه‌ڵویستیان نه‌بووه‌.

مەهدى زریان، سەرۆکى لقى کەرکوکى سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان بە (کەرکوک ناو)ى وت “من نازانم نییەتى ئەو گروپە چییە، ئاخۆ ئیدارەى کەرکوک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات یاخود نا، به‌ڵام له‌كاتێكدایه‌ لقی دوو سه‌ندیكای عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ركوك بونیان هه‌یه‌ و فیدراسیۆنى نێودەوڵەتى رۆژنامه‌نوسانیش پشتیوانیان ده‌كات…”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ پێیوایه‌ ده‌بێت داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان بكرێت، مه‌هدی زریان وتی “ئیدارەى کەرکوک ئێستا و پێشوتریش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان نه‌كردوه‌، به‌هۆی كێشه‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ مافی رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌وێته‌ دواین شته‌وه‌ كه‌ ئیداره‌ی كه‌ر‌كوك بیری لێبكاته‌وه‌، چونكه‌ هێنده‌ كێشه‌ی زۆره‌”.

كه‌ركوك/10-3-2018/ گروپێك له‌ رۆژنامه‌نوسانی كوردی كه‌ركوك گروپێكی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنن و ده‌ڵێن به‌رگری له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ن فۆتۆ/ راگه‌یاندنی گروپه‌كه‌

به‌شێك له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی گروپه‌كه‌یان پێكهێناوه‌ خۆیان ئه‌ندامی سه‌ندیكان، مه‌هدی زریان وتی “به‌شێكیان ماوه‌ی سێ ساڵه‌ ئابونه‌یان نه‌داوه‌ تا سه‌ندیكاكه‌ چالاك بێت، چونكه‌ قه‌یرانی داراییمان هه‌یه‌ و ناتوانین چالاكی بكه‌ین”.

به‌ڵام رۆڵی رۆژنامه‌نوسانی گروپه‌ی له‌كاری رۆژنامه‌وانی له‌ ساڵانی رابردودا به‌رزنرخاند و وتی “ئه‌و کۆمەڵە گەنجەى نێو گروپەکە کارى زۆر باشیان کردوە لە شوێنى کارکردنى خۆیان شایەنى دەستخۆشین، بەڵام خوێندنەوەیان بۆ رەوشی ئێستاى کەرکوک خەیاڵییە”.

ئۆژین جۆڵا یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی گروپه‌كه‌ وتی “یەکەم چالاکیمان گردبونه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ پشتگیریکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی كه‌ به‌ بڕیاری حه‌شدی شه‌عبی له‌ كه‌ركوك رۆماڵكردنی روداوه‌كانیان لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن