ئازاره‌كانی نیشتیمان له‌ كه‌ركوك نمایشده‌كرێت

March 16, 2018 at 10:06 pm

كه‌ركوك/16-3-2018/ نمایشكردنی شانۆی ئازاره‌كانی نیشتیمانی له‌ كه‌ركوك، له‌ 30 ساڵه‌ی كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا فۆتۆ: محه‌مه‌د عه‌بدولخالق

محه‌مه‌د عه‌بدولخالق – كه‌ركوك ناو

شانۆی ئازاره‌كانی نیشتیمان له‌ دوو شوێنی جیاوازی كه‌ركوك نمایشكرا، كه‌ ئامانج لێی هاندانی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بوو بۆ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كده‌نگی و رێگریكردن له‌ جینۆسایدكردنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ عیراق.

شانۆكه‌ هه‌ینی 16ی ئازار كاتژمێر چوار له‌ باخچه‌ی شارۆ نزیك قه‌ڵای كه‌ركوك له‌ 30 ساڵه‌ی كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ نمایشكراو كاتژمێر پێنجی نیو بۆ جارێكی تر له‌ گه‌ڕه‌كی شۆریجه‌ دوباره‌ نمایشكرایه‌وه‌، كه‌ بەرهەمی گروپی شانۆیی (خەونی گەنجان) بوو.

محه‌مه‌د بەرزان (حه‌مه‌ی شانۆ)، ۱۹ ساڵ كه‌ دەرهێنەری شانۆکە بوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پەیامی ئێمە ئه‌وه‌یه‌ ئازاری نیشتیمان پیشانی خەڵک بدەین کە لە سایەی دەسەڵاتەوە روبەڕوی بوینه‌ته‌وه‌، یەکێک لەو ئازارە دیارانەی کە ئه‌مڕۆ یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، دەمانەوێت بە خەڵکی شاری کەرکوک بڵێین دەبێت هەموان یەکبگرین و پێکەوەبژین نەهێڵین سیاسییەکان و ئەوانەی لە دەسەڵاتن پێکەوەژیانی نێوانمان تێکبدەن، شانۆكه‌یه‌ بۆ ئەوەیه‌ هەمومان پێکەوە رێگریبکەین لە تاوانی جینۆسایدکردن دژ بە هەر نەتەوەیەک و دژ بەهەر مرۆڤێک، پێکەوە پشتی یەکبگرین لە پێناو ئەوەی بە ئازادیی و کامەرانی بژین”.

رژێمی به‌عس به ‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، سه‌رۆكی پێشوتری عیراق له‌ ساڵی 1988 هه‌ڵه‌بجه‌ی كیماییبارانكرد، به‌هۆیه‌وه‌ پێنج هه‌زار كه‌س گیانیانله‌ده‌ستدا، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی عیراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی یادی 30 ساڵه‌ی ئه‌و تاوانه‌ كرایه‌وه‌.

ئەمەل بەکر ئەمین (۲۱ساڵ) دەرچوی ئامادەییە و یەکێک بوو لەو کەسانەی بۆ بینینی نمایشەکە هاتبووه‌ لای قه‌ڵای كه‌ركوك، وتی “ئه‌م جۆرە شانۆیانە گرنگن بۆ نیشاندانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایه‌تی و پێویسته‌ له‌ شاره‌كانی تری عیراق نمایشبكرێن”.

“بەهۆی ئەوەی کەرکوک هەمیشە بۆتە مەیدانی جەنگ خەڵک لە هونەر دابڕاوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت خەڵکی شاری کەرکوک بە هونەر ئاشتبکەینەوە” حەمەی شانۆ وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن