ئێزیدییەكان دەیانەوێت سیستمی كۆتا تێپەڕێنن

April 3, 2018 at 9:25 am

لالش، 11-10-2017، مەراسیمەكانی جەژنی جەمای پێكهاتەی ئێزیدی فۆتۆ: موهەنەد سنجاری

موهەنەد سنجاری
چوار لیستی ئێزیدی و ژمارەیەک لە لیستی حزبەكانی دیكەش، بە زیاتر لە 50 كاندید دەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگەكانی ئەو پێكهاتەیەوە لە پارێزگای نەینەوا ‌و زۆرینەیان بە تەنیا یەک كورسی كۆتا بۆ ئێزیدییەکان لە پەرلەمانی عیراق قایل نین.

لە پارێزگای نەینەوا، چوار لیستی ئێزیدی بە جیا 22 كاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق پێشكەشكردووە ‌و دەیان کەسی دیكەی هەمان پێکهاتەش، لە نێو قەوارە و هاوپەیمانییە عەرەبی و کوردییەکانی تری ئەو سنورە خۆیان کاندید کردووە.

“كێبڕكێ لە هەموو ناوچەكانی نیشتەجێی ئێزیدیەکان بەهێزە”

عزەت كەمو، وتەبێژی فەرمی لیستی پارتی دیموكراتی ئێزیدی بۆ (كەركوك ناو) باسی لە شكستی هەوڵەكان كرد بۆ دروستکردنی یەكلیست بۆ ئەو پێكهاتەیە ‌و دانانی كاندیدێکی سەربەخۆ بۆ كۆتای ئێزیدییەکان، بۆیە دواجار بە لیستی جیا بەشداربون.

ئەو حزبە كە حەیدەر شەشۆ -یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئێزیدی- سەرۆكایەتی دەكات، دەستبەرداری تاكە كورسی كۆتا بووە ‌و بە لیستێكی 16 كاندیدی دەچێتە هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتووەوە.

لە سێ خولی رابردووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا، ئێزیدییەكان یەك كورسی كۆتایان هەبووە كە ئەو كورسییەش لە هەر سێ خولدا لای بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بووە، لەگەڵ ئەوەشدا. لە ساڵی 2014دا ڤیان دەخیل لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆتە پەرلەمانتار.

بەغدا، 2017، كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران

سائب خدر، كاندیدی لیستی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بۆ كورسی كۆتا لە نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت “مافی ئێزیدییەكانە پارێزگاری لە دەنگەكانیان بكەن و سود لە رابردوو وەربگرن كە هەموان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریاندەهێنان”.

ئەو دەڵێت هیواخواز بووە پارتە ئێزیدییەكان لەسەر كورسی كۆتا ڕێکبکەون تا دەنگەكانیان بە فیڕۆ نەڕوات و بتوانن لەدەرەوەی كۆتاش كورسییەكی تر بەدەستبهێنن.

“مافی ئێزیدییەكانە پارێزگاری لە دەنگەكانیان بكەن”

هەریەك لە لیستەكانی بزوتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بەسەرۆكایەتی حەجی كندور، پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بەسەرۆكایەتی سەعید بتوش، پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی بە سەرۆكایەتی حەسەن حەجی بیسو تەنیا كێبڕكێی بەدەستهێنانی تاكە كورسی كۆتای پێكهاتەكەیان دەكەن.

ئەبو شەجاع دنای، وتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی ئێزیدی لە ئەوروپا بە (كەركوك ناو)ی وت “بەیەك كاندید دەچینە هەڵبژاردنەكانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئێزیدی لە ئەوروپا”، ئەوان یەك كاندیدیان هەیە ‌و چاویان لەوەیە لە دەرەوەی كۆتا كورسی تر بەدەستبهێنن.

دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، بڕیاریدا ژمارەی كورسی تەرخانكراو بۆ پێكهاتەی ئێزیدی بە پێی ژمارەیان بێت و بۆ هەر 100 هەزار كەسێك، كورسییەك دابنرێت، بەڵام پێشنیازی زیادكردنی كورسی كۆتا بۆ ئەو پێكهاتەیە لە پەرلەمان پەسەند نەكرا.

پارێزگای نەینەوا، چەكدارێكی ئێزیدی لەنێو خانوو ڕوخاوەكانی قەزای شەنگال فۆتۆ: هاوڕێ‌ خالید-سایتی جەزیرە

سۆنیا سالم، سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی ئێزیدی رەخنەی لە کەمی رێژەی ئافرەتان لە نێو كاندیدەكاندا هەیە ‌و داوایكرد تەنیا ژمارە نەبن بۆ پڕكردنەوەی رێژەی یاسایی لە لیستەكاندا، لەبارەی هەڵبژاردنەكانیشەوە بۆ (كەركوك ناو)ی رونكردەوە پرۆسەكە ئاسان نابێت و كێبڕكێیەكە لە هەموو ناوچەكانی نیشتەجێی ئێزیدیەکان بەهێزە.

ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیان كردووە، جگە لەوەی چارەنوسی زیاتر لە سێ‌ هەزار كەسیان دوای رفاندیان لەلایەن داعشەوە دیارنییە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ماجد حەسەن، سكرتێری دەشتی نەینەوای حزبی شیوعی كوردستان بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا لەبەرئەوەی سەدا 95 ئەندامەکانیان ئێزیدییە، بۆیە بە كاندیدێك لە دەرەوەی كورسی كۆتا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەكەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، بڕیارە 12-5ی ئەمساڵ بەرێوەبچێت بە بەشداری 88 لیست و هاوپەیمانی، لە سەرتاسەری وڵاتیشدا 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە ناوچەكانی نیشتەجێبوونی زۆرینە ئێزیدی، بە تایبەت قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) هێشتا ژیانی ئاسایی بۆ نەگەڕاوەتەوە، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزەکانی سوپای عیراقەوە لە تشرینی دووەمی 2015دا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن