کێبڕکێی شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران

March 30, 2018 at 10:15 am

نه‌جه‌ف/هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق له‌ ساڵی 2014/ ژنێك له‌ كاتی ده‌نگدان-دا بۆ دیاریكردنی نوێنه‌ری خۆی له‌ په‌رله‌مان بۆ چوار ساڵ فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

یاسین تەها

هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی عیراق لە ئایاری 2018دا به‌ په‌رتبونی ته‌واوی پێکهاتەکان جیادەکرێتەوە، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشتر کە پێکهاتەکان بەشێوەی هاوپەیمانی تایەفی و نەتەوەیی پتەو و توندوتۆڵ، بەشدارییان تیادا کرد.

سەرەڕای ئەو ململانێ گەورەیەی کە هەیە بۆ بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا لەڕێی نزیکەی حەوت هەزار پاڵێوراو لە 88 لیستی هەڵبژاردن، بەڵام تێڕوانینەکان زیاتر روەو لیستە شیعییەکانە کە ئەوان سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەپاڵێون و دیاریدەکەن، ئەمەش بەپێی نەریتێکی سیاسیی کارپێکراو و نەنوسراو کە لەوەتەی دەستور لە 2005دا پەسەند کراوە لە رانگەی ئەوەی پێکهاتەی شیعی زۆرینەی گەل لە عیراق پێکدەهێنن، بووەتە نەریت.

هەرچی لیستی سوننە و کوردەکانە رۆڵیان لە تەواوکردنی بنیاتە شیعییەکە و بەرکەوتنی هەندێک وەزارەت و دەستکەوت، قەتیس بوە. گۆڕەپانە شیعییەکەش کە شێوە و شکڵی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیاریدەکەن، لەڕوی هەڵبژاردنەوە بەسەر پێنج هاوپەیمانیی سەرەکی و ژمارەیەک لیستی ناوچەیی پەرت و، بەهێز لەڕوی ناوچەکەیانەوە، دابەش بووە، وەک “ئیرادە”ی حەنان فەتلاوی و “کەفائات”ی هەیسەم جبوری.

دیارترین لیستی شیعی کە لە گۆڕەپانی راگەیاندندا ئیستا لەپێشەوەدایە، بریتییە لەو هاوپەیمانییەی کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی دەکات بەوپێیەی سەرکردەی جێبەجێکارە لەوڵاتدا.

ئەمەریکا و دەوڵەتانی خۆرئاوا لەڕێی ئاماژەگەل و جموجوڵێکەوە کە لێکدانەوە هەڵناگرن، پشتگیریی ئەم لیستە دەکەن. لیستەکە، ناوی “ئەلنەسر”ی لێنراوە وەک ئاماژەباشییەک بەسەرکەوتن بەسەر داعشدا، ئەو سەرکەوتنەی کە بەشێوەیەکی فەرمی لە کانونی یەکەمی 2017دا لە ناوەڕاستی موسڵی پێگەی داعشدا، ڕاگەیەندرا.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەدا، هاوپەیمانێتی “ئەلفەتح”یش ڕاگەیەندرا کە یەکە سەرەکییەکانی حەشدی شەعبی و پشتیوانەکانیان وەک ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دەگرێتەخۆ. پێکهێنەرەکانی “ئەلفەتح” دژی داعش جەنگاون و لەڕوی سەربازییەوە بەشداربون لەبەدیهێنانی سەرکەوتندا و زۆرینەیان لەسەر هەژمونی ئێران ـ بەپێچەوانەی هاوپەیمانێتییەکەی عەبادییەوە ـ ئەژمار دەکرێن، ئەوەش بەهۆی لایەنداریی پێکهاتەکانی و نزیکییان لە تاران  لەلایەک و هەوڵدانیان بۆ دوبارەکردنەوەی نمونە سیاسی و ئاینییەکەی ئێران لە فەرمانڕەواییکردنی فەقیه و مەلاکانیان و پشتگیریکردنی بوونی هێزێکی هاوتەریب بە سوپا.

نەخشی هەڵبژاردن لای شیعەکان بەهۆی گۆڕانە خێراکانی بۆچونی “هاودیدەکان”ەوە، نەچەسپا، ئەمەش بوەهۆی تێکەڵبون و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی کارتەکانی یارییەکە لەگەمەیەکی سیاسیی عیراقیی چەندساڵ ناسراودا

له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لیستی “ئەلنەسر” و “ئەلفەتح”، هاوکات ئەو هاوپەیمانێتییە شیعییە نەریتییە ناسراوانە هاتنەگۆڕەپانەکە کە یەکێکیان نوری مالکیی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و جێگری ئێستای سەرۆک کۆمار، سەرۆکایەتی دەکات بەناوی “ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا”، یەکێکی دیکەیان موقتەدا سەدری سەرکردەی شیعی سەرۆکایەتی دەکات و ناوی “بەرەو چاکسازی” لەخۆی ناوە و تێکەڵەیەک لەئیسلامییە سەدرییەکان کە لەژێر جبەی حیزبی ئیستیقامەدا کۆبونەتەوە، لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی مەدەنی و چەپی شیوعی، ئەمەش لەحاڵەتێکی بێپێشینەدا، ئەمە جگە لە لیستی “ڕەوتی حیکمە” بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیمی نەوەی موحسین حەکیمی مەرجەعی کۆچکردووی ئاینیی کە پێش زیاتر لەنیو سەدە سەرۆکایەتی تایەفەکەی خۆیانی گرتەدەست.

لایەنە سەرەکییە شیعییەکان هەوڵیان دا گەورەترین ژمارەی لایەنە شیعییەکان لە هاوپەیمانێتییەکی گەورەدا ڕێکبخەن کە هەر زوو و پێش وادەی دەنگدان لە 12ی ئایاری داهاتوو، مشتومڕ لەبارەی سەرۆکایەتی وەزیرانەوە ببڕێننەوە و یەکلای بکەنەوە. بەڵام نەخشی هەڵبژاردن لای شیعەکان بەهۆی گۆڕانە خێراکانی بۆچونی “هاودیدەکان”ەوە، نەچەسپا، ئەمەش بووە هۆی تێکەڵبون و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی کارتەکانی یارییەکە لەگەمەیەکی سیاسیی عیراقیی چەندساڵ ناسراودا کە ئامانجی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانەی دەوڵەتە کە هەژمون و پارەیان لێهەڵدەڕژێت.

سەرەڕای ئەوەی هەردوو لیستی “ئەلنەسر” و “ئەلفەتح” کە لەمنداڵدانی سەرکەوتنەکانەوە سەریان دەرهێنابوو، چوونە ناو هاوپەیمانێتییەکی هەڵبژاردنەوە بەسەرۆکایەتی عەبادی و زۆر لەلایەنگرانیان بە”سەرکەوتنێکی گەورە”یان لەقەڵەمدا، بەڵام ئەو یەکگرتنەیان کە لەبنەڕەتدا بەهۆی سروشت و روگەی هەریەکەیانەوە ناپتەو و لەرزۆک بوو، لەچەند کاتژمێرێک زیاتری نەخایاند و دابەشکاریی بوەوە خەسڵەتی ئەو هێزە شیعییانەی پاش هاتن و لەناوبردنی داعش لەڕوی سەربازییەوە، دروستبون.

هەواڵە دزەپێکراوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن مەرجەکانی عەبادی بۆ کاری هاوبەشی هەڵبژاردن، بەدڵی ئەوانە نەبووە کە دەیانویست هاوپەیمانیی لەگەڵدا ببەستن

سەرکردەی هەردوو هاوپەیمانێتییەکە، پاساوی جیابونەوەیان لەیەکتر بۆ “هۆکارە هونەرییەکانی هەڵبژاردن” گێڕایەوە، و دەرگای ئەگەرەکانیان بەکراوەیی هێشتەوە لەبەردەم هاوپەیمانیی ئایندەییدا پاش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان، بۆ پێکهێنانی “گەورەترین کوتلە”ی ناو پەرلەمان، بەڵام ئاماژە و هەواڵە دزەپێکراوەکان ئاماژە بۆئەوەدەکەن کە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پشکی وەزارەتەکان، هۆکاری پشت هەرەسە خێراکەی یەکگرتنەکەیان بووە، ئەمەش لەسایەی زیادبونی قسەوباسەکان لەبارەی ئەوەی ڕێکخراوی بەدر ئارەزوی زۆریان لەوە بووە پۆستەکە وەربگرن، جا چ بۆ هادی عامریی سەرۆکیان بێت یان هەر سەرکردەیەکی دیکەیان، ئەوەی هاندەربوو ئەو جموجوڵەی ڕێکخراوەکە بوو بۆ نزیکبوونەوە لەشانشینی عەرەبی سعودی.

هەواڵە دزەپێکراوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن مەرجەکانی عەبادی بۆ کاری هاوبەشی هەڵبژاردن، بەدڵی ئەوانە نەبووە کە دەیانویست هاوپەیمانیی لەگەڵدا ببەستن، هەروەها ئەوانەش کە نزیکبوبونەوە لێی بەمەرجیان دادەنا کە هەمویان وەک یەک و لەیەک ئاستدا بن لە هاوپەیمانی “ئەلنەسر”دا، لەکاتێکدا سەرۆکوەزیران رەتیدەکردەوە وەک هاوتا و هاوبەش و هاوئاست لەلیستی هەڵبژاردنەکەیدا، لەگەڵیان خۆی دەرخات. بەڵکو دەیویست ئەوان وەک پاڵێوراو و کەسایەتییەک دەرکەون کە ڕەگەڵ شەمەندەفەری “ئەلنەسر” کەوتون، لەسایەی هەستکردنی بەوەی ئەو خۆی خاوەنی چانسی گەورەیە بۆ راکێشانی دەنگی دەنگدەران، ئەوەش بەهۆی ئەو دەستکەوتانەی کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی ئەودا بەدەستهاتن وەک كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچەكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و تێپەڕینی قەیرانە داراییە خنکێنەرەکە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەرییەکانی جەنگەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا کرانەوەی عیراق بەڕوی دراوسێ عەرەبەکانی و بەڕوی وڵاتانی کەنداودا و کۆنترۆڵکردنی ـ بەهاوکاریی تاران و ئەنقەرە ـ هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی لە عیراق لەئەیلولی 2017دا لەڕێی ڕاپرسییەکی میلـلـییەوە.

رکابەرییەکانی ئەمدواییە و پەرتبونی هێزە شیعییەکان بۆ چەند هاوپەیمانێتییەکی نیمچەیەکسان پرۆسەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لە گۆڕەپانی شیعەکاندا قورسکردوە

سەرەڕای ئەو گەشبینییەی کە باڵی بەسەر هاوپەیمانێتییەکەی عەبادییدا کێشاوە بەوەی دەیبەنەوە، بەڵام بۆچون و گومانەکان لەبارەی ئاسانیی مسۆگەرکردنی خولێکی دیکە بۆ عەبادی، رولەزیادن، ئەوەش لەسایەی بونی نوری مالکیی ڕکابەرە نەریتییەکەی کە هێشتا وەک لە گردبونەوە جەماوەرییەکانییەوە دەردەکەوێت هەژمون و جەماوەرێکی باشی هەیە، و تێدەکۆشێت و هەوڵدەدات تا ڕێ لەعەبادی بگرێت جا چ لەڕێی خۆپاڵاوتن بێت وەک پاڵێوراوێکی ڕکابەر، یان بردنەپێشەوەی کەسایەتییەکی ڕکابەر لە بازنەکەی خۆی ئەگەر هاتو بەهۆی ئەو شکستانەی کە لەسەری کراوە بەماڵ و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەودا رویاندا لەپێشیانەوە گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، کارتی ڕەتکردنەوەی بەڕوودا بەرزکرایەوە.

بەپێی بۆچونی چاودێران، ڕکابەرییەکانی ئەمدواییە و پەرتبونی هێزە شیعییەکان بۆ چەند هاوپەیمانێتییەکی نیمچەیەکسان لەهێزدا کە سەرکردەگەلێک سەرۆکایەتییان دەکەن کە ـ هەروەک عەبادی ـ هەوڵ بۆ کورسی سەرۆکایەتی دەدەن، پرۆسەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لەگۆڕەپانی شیعەکاندا قورس کردووە، لەبەرئەوەی مەزەندەکان ئاماژە بۆ نزیکیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ هەر پێنج هاوپەیمانێتییە سیاسییە سەرەکییەکەی شیعەکان، بەلەبەرچاوگرتنی قەتیسبونی ڕکابەرییەکەیان لەنزیکەی 185 کورسی کە تەرخانکراوە بۆ بازنە شیعییەکان لەکۆی 328 کورسیی پەرلەمان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ توندبونەوەی ململانێکان بۆ وەرگرتنی خێرای کورسیی دەسەڵات لەپاش هەڵبژاردنەکان، کە بەلایەنی کەمەوە پێویستیی بە بەدەستهێنانی 165 دەنگی پەرلەمانتاران هەیە (50+1)، و لەپێکهاتە جیاوازەکان.

لەسایەی ئەم پەرتبونەی شیعەکان لەهەڵبژاردندا، پێشبینی دەکرێت کورد و سوننە ببنە ئامانجی ئەو هاوپەیمانێتییە شیعییانەی تەماحی بردنەوەیان هەیە

لەسایەی ئەم پەرتبونەی شیعەکان لەهەڵبژاردندا، پێشبینی دەکرێت کورد و سوننە ببنە ئامانجی ئەو هاوپەیمانێتییە شیعییانەی تەماحی بردنەوەیان هەیە بۆ ڕاکێشانیان تا زۆرینە تەواوبکەن، بەتایبەتی هاوپەیمانێتیی سوننەکان کە دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت، لەبەرئەوەی پەتی ملوانکەی هاوپەیمانێتی کوردەکان کە لە ماوەکانی پێشودا خاڵی یەکلاکەرەوە بون، پچڕاوە (و پەرتەوازەیی روی تێکردون).

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن