“بكوژی” یه‌كه‌م كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌ستنیشانكرا

April 1, 2018 at 2:10 pm

عه‌لی ئه‌ڵماس غائیب فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

ئیبراهیم عوبه‌یدی – كه‌ركوك

عه‌لی ئه‌ڵماس غائیب له‌سه‌رتاشخانه‌ دڵخوازەکەی له‌ ‌ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك سه‌ری چاكدەكرد، دواتر له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ‌ لای ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ سەر ڕێگای به‌غدا ده‌ستدڕێژی گوله‌ی لێده‌كرێت و ده‌كوژرێت.

ئەڵماس یه‌كه‌م كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌‌ له‌ عیراق‌ “تیرۆربكرێت”، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكوژی سه‌ره‌كییان ده‌ستنیشانكردوه‌، به‌ڵام شوێنی نیشته‌جێبونی نادیاره‌.

روداوه‌كه‌ پاشنیوه‌ڕۆی 6ی شوبات له‌ كه‌ركوك رویدا، عه‌لی ئه‌ڵماس غائیب(30ساڵ)، مامۆستای زانكۆی كه‌ركوك و ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌ی عه‌تای توركمانی بوو، هه‌روه‌ها وه‌ك كاندیدی لیستی نه‌سر به ‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ستنیشانكرابوو، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی بزوتنه‌وه‌ی عه‌تا.

عه‌لی تا نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژهەی كوژرا، له‌ زانكۆ بوه ‌و كاره‌كانی راپه‌ڕاندوه‌، هه‌م وه‌ك مامۆستا له‌ به‌شی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و راییكردنی كاره‌كانی پۆسته‌ نوێییه‌كه‌ی وەک (لێپرسراوی رێگه‌پێدانی ئه‌منی له‌ زانكۆی كه‌ركوك).

دوای كاره‌كه‌ی به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌چێته‌ رێگای به‌غدا له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك و سه‌ری چاك ده‌كات، لەکاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ و له‌ناو ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێده‌كه‌ن و ده‌ستبه‌جێ گیانیله‌ده‌ستدا.

نه‌جات حسێن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ پێكهاته‌ی توركمان به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت “عه‌لی ئه‌ڵماس مامۆستای زانكۆ بووه‌ و كاری سیاسیشی ده‌كرد له‌ بزوتنه‌وه‌ی عه‌تا و كاندیدی ئه‌و حزبه‌ بووه‌ بۆ په‌رله‌مانی عیراق، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ نزیكه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی”.

من هو علي الماس، الاستاذ الجامعي الذي قتل في كركوك؟

من هو علي الماس، الاستاذ الجامعي الذي قتل في كركوك؟علی‌ ئه‌لماس، ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ زانكۆ كه‌ له‌ كه‌ركوك كوژرا كێ‌ بوو؟

Geplaatst door KirkukNow op woensdag 7 februari 2018

عه‌بدولعه‌زیم ئه‌ڵماس، برای عه‌لی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تائێستاش ئێمه‌ هۆكاری تیرۆركردنی نازانین، به‌ڵام پێده‌چێت په‌یوه‌‌ندی به‌ وه‌رگرتنی پۆستێكه‌وه‌ هه‌بێت له‌ زانكۆ… له‌‌چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ كرابوه‌ ئامانج، به‌تایبه‌ت دوای وه‌رگرتنی پۆستی به‌شی رێگه‌پێدانی ئه‌منی له‌ زانكۆی كه‌ركوك، ئه‌و پۆسته‌ پۆستێكی هه‌ستیار بوو”، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشكرابكات.

“نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌ستنیشان بكه‌ین كاره‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و بكوژی سه‌ره‌كیش ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌یان ده‌ستنیشانكردوه‌ كه‌ تاوانی تیرۆركردنی براكه‌میان پێ ئه‌نجامداوه‌”.

د. عومه‌ر ئینجه‌، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “مامۆستا عه‌لی ئه‌ڵماس تا نیوه‌ڕۆی 6ی شوبات‌ له‌ زانكۆ بووە، دواتر به‌ ئۆتۆمبێلی خۆی چۆته‌ده‌ره‌وه‌ و له‌ سه‌رتاشخانه‌یه‌ك له‌ رێگای به‌غدا سه‌ری چاككردوه،‌ كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆی ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و كوشتویانه‌”.

“پۆلیس له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ و وه‌ك زانكۆ چاوه‌ڕێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌م مامۆستایه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی له‌ زانكۆ نه‌بووه‌، به‌ڵام خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كاندیدكردوه‌”، عومه‌ر ئینجه‌ وای وت،”كاندیدیش بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆست”، ‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ بدات.

هه‌ر دوای روداوه‌كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو ته‌قه‌یان له‌و مامۆستایه‌ كردوه‌ و هه‌ڵاتون”، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان.

دوای نزیكه‌ی دوو مانگ به‌سه‌ر روداوه‌كه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی باڵا له‌ كه‌ركوك كه‌ له‌به‌ر هه‌ستاری دۆسییه‌كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكاته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌واوی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچون بۆ كه‌یسه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و توانیویانه‌ ئه‌و كه‌سه و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ ده‌ستنیشانبكه‌ن كه‌ تاوانه‌كیان پێ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ له‌ جۆری (چارجه‌ر 2016)ه‌یه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك گومانلێكراو به ‌تۆمه‌تی به‌شداریكردن له‌ ‌تیرۆكردنی عه‌لی ئه‌ڵماس ده‌ستگیركراون و له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه‌ توانراوه‌ بگه‌ین به‌ بكوژی سه‌ره‌كی”.

عه‌لی ئه‌ڵماس غائیب كاندید و مامۆستای زانكۆ له‌ پارێزگای كه‌ركوك و له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا

ئه‌و گومانلێكراوانه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی كه‌ركوك و ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی كه‌ركوك ده‌ستبه‌سه‌رن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو) وتی “براونه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامە”.

سه‌باره‌ت بە ناسنامه‌ی بكوژی سه‌ره‌كی وتی “پێشتر دانشیتوی شاری كه‌ركوك گه‌ڕە‌كی روناكی بووه‌، به‌ڵام نزیكه‌ی ساڵێك زیاتره‌، ئه‌و كه‌سه‌ له‌ كه‌ركوك نه‌ماوه‌ و شوێنی نیشته‌جێبونی نادیاره‌”، به‌ڵام جه‌ختیكرده‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانای دۆزینه‌وه‌ی بكوژهەكه‌یان هه‌یه‌، وه‌ك چۆن پێشتریش بکوژانی كارمه‌ندێك و ئه‌فسه‌رێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوك و  چەند بكوژێكی تریان دۆزیوەتەوە.

نه‌جات حسێن‌ وتی “لێكۆڵینه‌وه‌كان هۆكاری كوشتنی ناوبراو ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵام عه‌لی ئه‌ڵماس كاندید بووه‌، له‌ لیژنه‌ی ئه‌منی زانكۆ كاری كردووه‌ و مامۆستاش بووه‌ ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له‌و سێ هۆكاره‌وه‌ هه‌بێت”.

ته‌رمی عه‌لی ئه‌ڵماس، تورکمانە وهه‌مان رۆژ تەرمەکەی گوازرایه‌وه‌ بۆ كه‌ربه‌لا – كه‌ شوێنێكی پیرۆزی شیعه‌كانه.

بزوتنه‌وه‌ی عه‌تا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئیدانه‌كردنی “تیرۆركردنی” عه‌لی ئه‌ڵماسدا ده‌ڵێت “ناوبراو كاندیدی حزبه‌كه‌مان بوو بۆ په‌رله‌مانی عیراق و له‌لایه‌ن ده‌ستێكی پیسه‌وه‌ تیرۆركراوه‌ كه‌ نایه‌وێت ئاسایشی عیراق به‌رقه‌راربێت”، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ ئاشكرابكات.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن