به‌ وێنه‌: مه‌راسیمی ده‌رهێنانی زه‌یتی زه‌یتون له‌ لالش

April 8, 2018 at 9:16 pm

نه‌ینه‌وا، 8ی نیسانی 2018، مه‌راسیمی ده‌رهێنانی زه‌یتی زه‌یتون له‌په‌رستگای لالش فۆتۆ: موهه‌نه‌د سنجاری

موهه‌نه‌د سنجاری – نه‌ینه‌وا

هاوڵاتیانی ئێزیدی، مه‌راسیمێكی سێ رۆژه‌یان ده‌ستپێكرد بۆ ده‌رهێنانی زه‌یتی زه‌یتون، به‌ ئامانجی به‌كارهێنانی له‌ گڕی روناككه‌ره‌وه‌كانی په‌رستگای لالش.

ئه‌و بۆنه‌یه‌ بۆته‌ به‌شێك له‌ نه‌ریته‌ باوه‌كانی پێكهاته‌ی ئێزیدی و له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خشه‌وه‌ ساڵانه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

عامر جیجۆ، یه‌كێك له‌ خۆبه‌خشه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ وه‌كو باوباپیرانیان له‌سه‌ر ئه‌و كلتوره‌ پیرۆزه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ مه‌راسیمی گوشینی زه‌یتون ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ ده‌ركردنی زه‌یته‌كه‌ی.

ئه‌و مه‌راسیم و پرۆسه‌یه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێ و دوای پێگه‌شتنی زه‌یتونی سه‌وز و گۆڕانی بۆ زه‌یتونی ره‌ش، زه‌یتونه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی دوه‌م له‌ باخی په‌رستگاكه‌ كۆده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 700 داری تێدایه‌، دوای شتنه‌وه‌ی له‌ كاگای گه‌وره‌ هه‌ڵده‌گیرێن بۆ سه‌ره‌تای مانگی نیسان.

دواتر له‌ نیساندا به‌ رێگه‌ی سه‌ره‌تایی به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ گوێنیه‌وه‌ تا بگوشرێت و دواتر زه‌یته‌كه‌ی ده‌رده‌هێنرێت، له‌ مه‌راسیمه‌كه‌شدا ژنان و پیاوان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئیزیدی نشینه‌وه‌ دیاریده‌كرێن تا به‌شداربن.

خه‌یری كه‌دی، خۆبه‌خش له‌و مه‌راسیمه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت به‌و پیێه‌ی داری زه‌یتون پیرۆزه‌ و تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ له‌ ئاینی ئێزیدیاندا، بۆیه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ سروته‌ ئاینییه‌كان و نه‌ریتێكی مێژوییه، پێویسته‌ پارێزگاری لێبكرێت.

په‌رستگای لالش، ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی شاخاوی قه‌زای شێخان (60كم باكوری رۆژئاوای موسڵ) تێیدا جگه‌ له‌ شوێنی په‌رستشی ئێزیدییه‌كان گۆڕی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی پیرۆزی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ و باره‌گای ئه‌نجومه‌نی روحانی دیانه‌تی ئێزیدیش له‌ هه‌مان ناوچه‌دایه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن