“به‌خوێنی خۆم ژیانی كه‌سێك رزگار ده‌كه‌م”
كه‌ركوك رۆژانه پێویستی به‌‌ 100 بوتڵ خوێن هه‌یه‌

April 8, 2018 at 10:04 pm

كه‌ركوك. نیسانی 2018، هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشین له‌لایه‌ن خوێندكارانی زانكۆی كه‌ركوكه‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

“به‌ دڵۆپە خوێنێك كەسێك لە مردن رزگار بكە”، ئه‌و دروشمه‌ وای له‌ سه‌با یه‌حیا كرد بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداری هه‌ڵمه‌تێكی به‌خشینی خوێن بكات، بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

سه‌با قوتابی كۆلێژی یاسایه‌ له‌ زانكۆیه‌، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ ده‌یان هاوڕێی دیكه‌یدا به‌ به‌خشیی بوتڵێك خوێن هاوكاری نه‌خۆشییه‌كانی تالاسیما و شێرپه‌نجه‌ی كرد له‌ شاری كه‌ركوك.

“چەند رۆژێك بوو لە نێو زانكۆ ریكلامەكەم ده‌بینی و پێمخۆش بوو بتوانم هاوكاری كەسێك بكەم لە روی خوێنەوە، بۆیه‌ بۆ یه‌كه‌مجار خوێنم به‌خشی”، سه‌با ده‌ڵێت له‌وكاته‌دا ئه‌و دروشمه‌ی كه‌وتۆته‌وه‌ یاد كه‌ “به‌ دڵۆپه‌ خوێنێك ژیانی كه‌سێك رزگار ده‌بێت”.

له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌ هاوكاری ته‌ندروستی كه‌ركوك بۆ بانكی خوێن، ده‌یان خوێندكار و مامۆستا و كارمه‌ندی زانكۆ به‌شداربون، به‌شێكیان یه‌كه‌مجار بوو خوێن ببه‌خشن.

دیانا ریاز، قوتابی كۆلێژی زانستە سیاسیه‌كانی زانكۆی كه‌ركوك ده‌ڵێت یەكه‌مجاری بووه‌ به‌شداری هه‌ڵمه‌تێكی هاوشێوه‌ بكات، “سەرەتا كەمێك ترسم هەبوو بەڵام ئێستا لام ئاساییە و بەڵێن بێت بەردەوام بم لە خوێن بەخشین”.

ئه‌و خوێنه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا كۆكرایه‌وه‌، بۆ توشبوانی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە، تالاسیما و جۆرەكانی دیكەی نه‌خۆشییهكانی خوێنه‌.

دكتۆر عیسا حەبیب، بەرێوەبەری بانكی خوێن لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك وتی “رۆژانە پێویستیمان بە نزیكه‌ی 100 بوتڵ هەیە و مانگانەش نزیكەی هه‌زار و 800 بوتڵ خوێنمان ده‌وێت”.

ئه‌و خوێنه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا وه‌رده‌گیرێن، سه‌ره‌تا پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ نەخۆشیەكانی ئایدز و ڤایرۆسی جگەر، دواتر مۆری سوری  لێدەدرێت ئه‌گه‌ر لە پشكنین دەرچوو.

وەفا خالید، راهێنەر له لقی كه‌ركوكی رێكخراوی مانگی سوری عیراقی كه‌ هاوكاربون له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌ڵێت سه‌ره‌تا به‌ده‌مه‌وچونی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ لاواز بووه‌، بۆیه‌ تیمه‌كانیان راسپارد تا رێنمایی خوێندكاران بكه‌ن و هانیان بده‌ن بۆ به‌خشینی خوێن.

به‌شێك له‌ هاوڵاتیان و خوێندكاران، مانگانه‌ یان له‌ ساڵێكدا زیاد له‌ جارێك خوێن ده‌به‌خشن و پێیانوایه‌ سودی ته‌ندروستیشی هه‌یه‌.

“تائێستا چەندینجارە خوێن ببەخشم، ئەمجارەیان پێموابێت شه‌شه‌مینجارە چونكه‌ رێژەی خوێنم زۆرە و سەردانی پزیشكم كردوە پێیانوتوم دەتوانی خوێن ببەخشیت”، ئەحمەد محه‌مەد قوتابی كۆلێژی ئەندازیاری ئه‌وه‌شی وت “پێشتر لە كاتی تەقینەوەكاندا خوێنم بەخشیوە بۆ قوربانیان و ئه‌مجاره‌ بەباشمزانی خوێن بیبەخشم بۆ توشبوانی نەخۆشیەكانی خوێن”.

جگه‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ گشتگیرییانه‌ی ماوه‌یه‌ك جارێك له‌ شوێنه‌ گشتی و تایبه‌تییه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خوێن ئه‌نجامده‌درێن، بانگی خوێن ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خشی خوێن به‌خشیان هه‌یه‌ و به‌پێی پێویست خوێنیان پێده‌ده‌ن.

بەرێوەبەری بانكی خوێن لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك رونیكرده‌وه‌ كەسانی خۆبەخشیان هه‌یە كه‌ ناسنامەیان بۆ كراوه‌ و تێیدا ناو و ناونیشان و ژمارە ته‌له‌فۆنی تێدایە تا هەركاتێك پێویستیان بوو پەیوەندیان پێوە بكه‌ن به‌ تایبه‌ت بۆ خوێن له‌و جۆرانه‌ی زۆر كه‌م هه‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن