ئاواره‌كان به‌ چوار شێوە ده‌نگ ده‌ده‌ن

April 10, 2018 at 9:02 pm

كه‌ركوك/4-10-2017/ ساتی گه‌یشتنی ژمارەیەك هاوڵاتی لە نێویاندا ژن‌و منداڵ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌ب خالید له‌ باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

فراس حه‌مدانی

هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ناوخۆیی له‌ عیراق، به‌ چوار شێوەی جیاواز رێگه‌ی به‌شدارییان پێده‌درێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراقدا، له‌ نێویاندا ده‌نگدانی مه‌رجدار.

ئاواره‌كان كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ دوو ملیۆن كه‌س ده‌بێت، له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئەمساڵی عیراق بۆ چوار گروپ دابه‌شبون؛ به‌شێكیان كارتی بایۆمه‌تری وه‌رده‌گرن و ئه‌وانیتر به‌ كارتی ئه‌لیكترۆنی یان كارتی ماوه‌ كورت یاخود ده‌نگدانی مه‌رجدار به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ته‌غريد سباح، ژنه‌ فه‌رمانبه‌ر و ئاواره‌ی نیشته‌جێی كه‌ركوك ده‌ڵێت “چاوه‌ڕێنه‌بوین بچین بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئێستا كه‌ زانیمان ده‌توانین ده‌نگبده‌ین به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رمان له‌ په‌رله‌مان”، ئه‌وه‌ی به‌ ته‌غرید وتراوه‌ ده‌نگدانی مه‌رجدار ده‌یگرێته‌وه‌ و رۆژی ده‌نگدان پێویسته‌ پێناسێكیان پێبێت.

خه‌ڵه‌ف عه‌واد عوبێدی، ئاواره‌ی سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك) کە به‌هۆی ئاواره‌بونیه‌وه ‌دەنگدانه‌كه‌ی به‌ هه‌مانشێوه‌ مه‌رجداره‌‌، وتی “حه‌ز ده‌كه‌م به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌م بۆ دیاریكردنی نوێنه‌ری خۆم لە پەرلەمان”.

چاوه‌ڕێ نه‌بوین بچین بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئێستا كه‌ زانیمان ده‌توانین ده‌نگبده‌ین به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ین

ده‌نگدانی مه‌رجدار، به‌شێكی زۆر له‌ ئاواره‌كان ده‌گرێته‌وه‌ ئەویش به‌هۆی له‌ده‌ستدانی به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان و كارتی كۆنی ده‌نگدانەوە؛ له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و هاوڵاتییانه‌ له‌رێی پێناسێكه‌وه کە‌ وێنه‌ی خۆیانی لەسەرە‌ فۆڕمێكی تایبه‌ت به‌ زانیارییان بۆ پڕدەكرێته‌وه‌ و ده‌نگ ده‌ده‌ن.

عه‌بدولباست ده‌روێش، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان له‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنه‌كان رونیكرده‌وه‌ ده‌نگدانی مه‌رجدار بۆ ئاواره‌كان و زیندانییه‌كانه‌ به‌ ئامانجی گره‌نتی به‌شدارییه‌كی به‌رفراوان له‌ هه‌ڵبژاردن و فه‌راهه‌مكردنی مافی خه‌ڵك له‌ دیاریكردنی نوێنه‌ری خۆیان.

له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق، ئێستا زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌س وه‌ك‌ ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كان یان دوور له‌ ناوچه‌كانی خۆیان نیشته‌جێن، ئه‌وه‌ش به‌پێی دوایین ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ.

سامر ناجی، له‌ دایكبونی ساڵی 2000ـه‌ و دڵخۆشه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بكات، وه‌كو هاوڵاتییه‌كی ئاواره‌ بۆ هه‌لبژاردنه‌كه‌ كارتی ماوه‌ كورتی ده‌نگدانی پێده‌درێت؛ ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌ڵێت دڵنیایی وەرگرتووه‌ بۆ پرۆسه‌كه و‌ كارتی ماوه‌كورتی ده‌نگدانی پێده‌درێت و له‌ هه‌ڵبژاردن بێبه‌ش نابێت.

موسڵ، 25-4-2017، خێزانێكی ئاوارە لە كەمپی خازر چاوەڕێی هاوكاریی دەكەن فۆتۆ: فەرمان سادق

كارتی ماوه‌ كورت، ته‌نیا بۆ به‌شدارییه‌ له‌ یه‌ك ده‌نگدان و ده‌درێته‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌وانه‌ی به‌ڵگه‌ی پێویستی فه‌رمییان هه‌یه‌ و نه‌یانتوانیووه‌ كارته‌كانی تری ده‌نگدان ده‌ربكه‌ن.

نور حسێن، كچه‌ خوێندكاری ئاواره‌ی زانكۆ كه‌ له‌ به‌شه‌ ناوخۆیی ده‌مێنێته‌وه‌، له‌رێی كارتی ماوه‌ كورته‌وه‌ به‌شداری ده‌نگدان ده‌كات و هه‌رچه‌نده‌ هێشتا بڕیاری كۆتایی نه‌داوه‌، وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت “من و هاوته‌مه‌نه‌كانم بێومێد بوین له‌ ئه‌دای په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كانی پێشتر چونكه‌ خواسته‌كانیان به‌دینه‌هێناین”.

لێپرسراوه‌كه‌ی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن باسی له‌وه‌كرد كارتی ماوه‌ كورت چاپ كراوه‌ بۆ له‌دایكبوانی (1997، 1998، 1999 و 2000) كه‌ سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی تۆماریان نه‌كردووه‌.

عه‌بدولباست ده‌روێش ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ به‌شێكی تر له‌ هاوڵاتیان و ئاواره‌كان كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان وه‌رده‌گرن، دوای ئه‌وه‌ی تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌شی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی كۆمسیۆنیان نه‌كردووه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و كارته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆیان كراوه‌ ده‌توانن ده‌نگبده‌ن.

له‌ كۆی 10 ملیۆن كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆنی دابه‌شكراوه‌ و دراوه‌ته‌وه‌ خاوه‌نه‌كانیان

كارتی نوێی بایۆمەتری دەنگدان، لە رێی وەرگرتنی پەنجەمۆرەوە تۆماردەكرێت و وێنەی دەنگدەری لەسەر دەبێت، بەڵام كارتی كۆنی ئەلیكترۆنی دەنگدان وێنەی لەسەر نییە.

رزگار حه‌مه‌ محێدین، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرایكرد زیاتر له‌ 10 ملیۆن كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان چاپكراوه‌ و له‌و ژماره‌یه‌، زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن كارت دابه‌شكراوه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش تا مانگی داهاتوو له‌لایه‌ن خاوەنەكانیانەوه‌ وه‌رده‌گیرێنه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمسیۆن گرێبه‌ست ئه‌نجامدراوه‌ بۆ چاپكردنی پێنج ملیۆن كارتی تری بایۆمه‌تری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن تا به‌ر له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ 12ی ئایار دابه‌شیبكه‌ن.

به‌پێی هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه‌ 22-1ی ئه‌مساڵ په‌سه‌ندكرا، حكومه‌تی ناوه‌ندی پابه‌ندەکراوە بە جێبەجێكردنی هه‌شت خاڵ بۆ رێکخستنی پرۆسه‌كه،‌ له‌نێویاندا گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان، زامنكردنی‌ به‌شداریكردنی‌ هه‌موو هاوڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و دانانی‌ سندوقی‌ ده‌نگدان بۆ ئاواره‌كان له‌پارێزگا جیاجیاكاندا.

لای راست كارتی بایۆمەتری و لای چەپ كارتی كۆنی ئەلیكترۆنی دەنگدانە

سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌ بڕیاری راگرتنی نوێکردنەوەی زانیاریەکانی کارتی دەنگدەرانی بایۆمەتری دراوه‌ لە سه‌ره‌تای مانگی نیسانه‌وه‌ تا 31ی ئایاری 2018، له‌ پێناو خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدەران.

ئه‌و بڕیاره‌ دوای دروستبونی مشتومڕی لایه‌نه‌كان هات له‌سه‌ر ده‌نگدانی ئاوارەی ناوخۆ‌ و تۆمه‌تباركردنی كۆمسیۆن به‌ سستی له‌ جێبەجێکردنی كاره‌كانیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حزبه‌كان ناكۆكن له‌سه‌ر شێوازه‌كانی ده‌نگدان بۆ ئاواره‌كان و به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبون.

جگه‌ له‌ ئاواره‌كانی سه‌رده‌می هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، سه‌دان خێزانی تر له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆكی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ ئاواره‌ بون له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عیراقی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌.

ده‌نگدانی مه‌رجدار بۆ ئاواره‌كان و زیندانییه‌كانه‌ به‌ ئامانجی گره‌نتی به‌شدارییه‌كی به‌رفراوان له‌ هه‌ڵبژاردن

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بۆ ئاواره‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر سندوقی ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكانی خۆیان دابنرێت.

لێپرسراوی راگه‌یاندن له‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی شاری كه‌ركوك كه‌ له‌ پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن، بەمەبەستى دەنگدان ده‌بێت بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک.

ده‌یان هه‌زار ده‌نگده‌ری تری كه‌ركوك و به‌شێك له‌ پارێزگاكانی تری عیراق، كه‌ تا پێش 2003 له‌لایه‌ن رژێمی حزبی به‌عس به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن به‌ زۆره‌ملێ راگوێزراون یان دواتر به‌هۆكاری جیاواز شوێنی نیشته‌جێبونی خۆیان به‌جێهێشتووه‌، پێویسته‌ له‌ پارێزگا و ناوچه‌كانی خۆیان ده‌نگبده‌ن.

دانیشتوانی عیراق 37 ملیۆن كه‌سی تێپه‌راندووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌، زیاتر له‌ 24 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌‌یه‌ بۆ هەڵبژاردنی 329 كورسی په‌رله‌مان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری