تاكه‌ پێكهاته‌ن كورسی كۆتایان نییه‌
كاکەییەكان ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ په‌رله‌مانی عیراق

April 11, 2018 at 6:01 pm

چه‌ند هاوڵاتییه‌كی پێكهاته‌ی كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق 44كم باشوری كه‌ركوك/ ئه‌و قه‌زایه‌ زۆرینه‌ی كاكه‌ییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك له‌خۆده‌گرێت فۆتۆ: یادگار جه‌لال\ مێترۆگرافی

عومه‌ر سابیر – كه‌ركوك ناو

به‌شێك  له‌ پێكهاته‌ی كاكه‌یی ناڕازین له‌ نه‌بونی كورسی كۆتا بۆ گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مانی عیراق، له‌كاتێكدا چەندین پێكهاته‌ی ئاینیی و نه‌ته‌وه‌یی تر ئه‌و مافه‌یان له‌ڕێی ده‌ستور یان به‌ پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بۆ فه‌راهه‌مكراوه‌.

لەکۆى 329 کورسی پەرلەمانى داهاتوو، نۆ کورسی بۆ کەمایەتییەکان تەرخانکراون، کە پێنجیان بۆ كریستیانه‌كان، یه‌كی كورسییه‌ك بۆ سابئەی مەندائییەکان، ئێزیدییەکان، شەبەک و فەیلییەکان.

په‌رله‌مانی عیراق له‌ 11ی شوباتی ئه‌مساڵ جارێكی تر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌مواركرده‌وه‌، زیادكردنی كورسییه‌كی كۆتا بۆ كوردانی فه‌یلی له‌ پارێزگای واست یه‌كێك بوو له‌ گۆڕانكارییه‌كانی هه‌مواره‌كه‌، ئه‌وه‌ش جارێكی تر ده‌رگای بۆ ره‌خنه‌گرتنی پێكهاته‌ی كاكه‌یی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا تاكه‌ پێكهاته‌ن سیستمی كۆتایان نییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مانی عیراق.

بۆ ئەوەى کاکەییەکان ببن بە خاوەن کورسی کۆتا کە مافى خۆیانه‌، دەبێت لەڕوى ئاینی-یەوە جیابکرێنەوە

ره‌جەب کاکەیی، چالاکوانى مه‌ده‌نی پێكهاته‌ی کاکەیی به‌ (کەرکوک ناو)ی وتى “کۆتا بۆ کەمیینەی ئایینی و نەتەوەییەکانە بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی عیراق و داكۆكییان لێ بكات، کاکەیی نه‌ كورسی كۆتای هه‌یه‌ نه‌ بە فەرمی له‌ ده‌ستوری عیراقدا ناسێنراوه‌”.

“چەند جارێک گفتوگۆ كراوه‌ و هه‌وڵ هه‌بوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی کورسی كۆتا، بەڵام به‌هۆى ئەوەی کاکەیی لەناو پێناسەکەیان لە خانەی ئایین بە موسڵمان نوسراون ناتوانن ببن بە خاوەنی کورسی کۆتا”، ره‌جه‌یب كاكه‌یی وای وت.

كه‌ركوك/ هاوڵاتییه‌كی پێكهاته‌ی كاكه‌یی له‌به‌رده‌م گوندێكی كاكه‌یینشین له‌ قه‌زای داقوق به‌ر له‌ هاتنی داعش بۆ عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كوردانی فه‌یلی-ش له‌ ده‌ستوردا نه‌ناسێنراون، به‌ڵام له‌ هه‌وڵه‌كانیان له‌ڕێی په‌رله‌مانه‌وه‌ توانیان كورسییه‌كی كۆتا به‌ده‌ستبهێنن به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن.

كاكه‌یی‌، خاوه‌نی ئاینى تایبەت بە خۆیانن “یارسان”، چه‌ندین مه‌زارگه‌ی ئاینیان له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا ئاینه‌كه‌یان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوه‌.

رەجەب کاکەیی وتی “بۆ ئەوەى کاکەییەکان ببن بە خاوەن کورسی کۆتا کە مافى خۆیانه‌، دەبێت لەڕوى ئاینی-یەوە جیابکرێنەوە، چونکە ئەوان موسڵمان نین و ئاینى یارسان پەیڕەو دەکەن، یەکەم هەنگاو بۆ ئەوەش دانانى پڕۆژە یاسایه‌کە کە تێیدا دان بنرێت بە ئەو ئاینانەدا کە لە دەستووری عێراقدا ناویان نەهاتووە”.

عیراق فره‌ پێكهاته‌ی ئاینیی و مه‌زهه‌بییه‌، جگه‌ له‌ سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ عه‌ره‌ب، كورد و توركمان، پێكهاته‌ی تری وه‌ك كریستیان، ئێزیدی، ئه‌رمه‌نی، شه‌به‌ك و كاكه‌یی تێیدا ده‌ژین.

دەستورى عیراق کە لە ساڵى 2005 په‌سه‌ندكرا، دانى بە چەند کەمە نەتەوە و ئاینیێکدا ناوه‌ و بەپێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئه‌و كه‌مینانه‌ ده‌توانن به‌پێی سیستمى کۆتا نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانی عیراق هه‌بێت.

له‌ ‌سێ خولی رابردوی په‌رله‌مانی عیراقدا كاكه‌ییه‌كان هیچ نوێنه‌رێكیان نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌ نێو لیست و قه‌واره‌كاندا كاندید كرابون، به‌ڵام ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌.

هه‌ندێك دەیانەوێت کاکەیی کورسیی کۆتای هەبێت، پێیانوایه‌ ده‌توانن زیاتر به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن و مافە ئاینییەکانیان بپارێزن

فەهمى کاکەیی کەسایەتى کاکەیی بە (کەرکوک ناو)ى وت، “وەک نەتەوە کورد و وەک ئایین بە موسوڵمان تۆمارکراوین، واته‌ نە به‌پێکهاتەیەکی نەتەوەیی جیاواز ناسێنراوین، نە پێکهاتەیەکی ئاینیی جیاواز، هیچ تایبەتمەندییەکمان لە ڕوی یاساییەوه‌ نییە”.

كاکەییەکان لەچەندین ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان و عیراق بڵاوبونەتەوە، بە زۆرى لە پارێزگاى کەرکوک، قه‌زای هەڵەبجە له‌ پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها قەزاى قەرەقوش له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ پارێزگای هه‌ولێر و له‌ قه‌زای خانەقین و مەندەلى و جەلەولا له‌ پارێزگای دیاله‌، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەیان لە سەرتاسەرى عیراق بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

ئه‌و پێكهاته‌یه‌ هاوشانی كه‌مینه‌كانی تری وه‌ك توركمان، كریستیان، ئێزیدیی روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 بۆ كۆتایی 2017، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كان هێشتا له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

كاكه‌ییه‌كان له‌ قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك) چه‌كیان دژی داعش هه‌ڵگرت و ناوچه‌كانیان پاراست ئه‌وه‌ش‌ بوه‌هۆی زیاتر ناساندنیان.

كه‌ركوك/2015/ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری كاكه‌یی به‌رگری له‌ گونده‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌ سنوری قه‌زای داقوق دژ به‌ هێرشی چه‌كدارانی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جگە لەبەربەستە دەستوریی و یاساییه‌كه‌ کە رێگرە لەبەردەم فه‌راهه‌مكردنی کورسی کۆتا بۆ ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییه‌، فەهمى کاکەیی پێیوایە بەشێک لە کاکەییەکانیش خۆیان هۆکارن کە نایانەوێت وەک پێکهاتەیەکی ئایینی حسابیان بۆ بکرێت و خۆیان بە موسوڵمان دەزانن، بڕێکی تریشیان مەسەلە نەتەوەییەکە بەلایانەوە گرنگە و نایانەوێت لە برا کوردە موسوڵمانەکان جیا ببنەوە.

“هه‌ندێك دەیانەوێت کاکەیی کورسیی کۆتای هەبێت، ئەمانیش کۆمەڵێک چالاکوانی مافپەروەر و ڕۆشنبیرن و پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌توانن زیاتر به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن و مافە ئاینییەکانیان دەپاریزرێن”، فه‌همی كاكه‌یی وای وت.

له ‌یه‌كه‌م دامه‌زراندنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 1992 فه‌لاكه‌دین كاكه‌یی كه‌سایه‌تی كۆچكردوی دیاری كاكه‌ییه‌كان، له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بوه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان، له‌ كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم-یشدا 2005 – 2009 ناوبراو وه‌زیری رۆشنبیری بوو.

له ‌ئێستادا له‌ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ به‌بڕیاری حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ پارێزگا بڕیاردراوه‌ كاكه‌ییه‌كان كورسی كۆتایان هه‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌.

ئەگەر ئارامى و ئاسایشى تەواو بۆ کاکەییەکان دەستەبەربکرێت، ئەوا کاردەکەن بۆ ئەوەى وەکو پێکهاتەکانی دیکە بگەن بە مافەکانیان، لەناویاندا مافى بەدەستهێنانى کورسی کۆتا

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، كه‌ له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستان كاری سیاسیی ده‌كات، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئەو ناوچانه‌ی كه‌ کاکەییەکان تێیدا دەژین، بەزۆرى ناوچەکانى هێڵى تەماسی نێوان پێکهاتەکانى دیکەن بە تایبەتى کورد و عەرەب، بۆیە هەمیشە ترسیان هەیە لە بە ئامانجگرتنیان، بۆیە خۆیان داوەتە پاڵ پێکهاته‌ی زۆرینەى ئەو ناوچانە”.

“ئەگەر ئارامى و ئاسایشى تەواو بۆ کاکەییەکان دەستەبەربکرێت، ئەوا کاردەکەن بۆ ئەوەى وەکو پێکهاتەکانی دیکە بگەن بە مافەکانیان، لەناویاندا مافى بەدەستهێنانى کورسی کۆتا”، لیزا كه‌ له‌ نوسین و هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رده‌وام داكۆكی له‌ پێكهاته‌ی ده‌كات وای وت. ‌

كاكه‌ییه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ كوردن و به‌ زمانی كوردی قسه‌ده‌كه‌ن، فه‌همی كاكه‌یی پێیوایه‌ ئەگەر بۆ مەسەلەی زیادکردنی کورسیی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا نەبێت، کاکەییەکان خۆیان جیانه‌كه‌نه‌وه‌ باشتره‌، “چونکە کورد ئەوەندە جیابونەوە و لێکترازانی تێدا بووە پێویست ناکات پێکهاتەیەکی تریش خۆیان لە دەرەوەی نه‌ته‌وه‌ی کورد رابگه‌یه‌نن”.

تائێستا ئه‌و پێكهاته‌یه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ په‌رله‌مانی عیراق به‌رزنه‌كردۆته‌وه‌، به‌وته‌ی زانا رۆستایی ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بۆ (کەرکوک ناو)، ئەوە تاکە رێگایە بۆ ئەوەى بتوانن ببنە خاوەن کورسی کۆتا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری