“هه‌ندێك پاڵێوراو لەئێستاوە پێشێلکاریی دەکەن، ئەگەر بگەنە پەرلەمان چی!”

April 13, 2018 at 12:00 pm

كه‌ركوك/ 2014/ چه‌ند كارمه‌ندێكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ بنكه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

کەرکوک ناو

رەئوف ئەحمەد، وەک شۆفێری تەکسی، ڕۆژانە بەهۆی کارەکەیەوە بەشەقامەکانی بەغدادا دەسوڕێتەوە، ئەو چەندین لافیتە و پۆستەر دەبینێت کە ناو و وێنەی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانی تێدایە و لەسەر باڵاخانە و چوارڕیانە دیارەکانی شارەکە، هەڵواسراون. ڕەئوف هەرچەندە لەهەواڵەکاندا گوێی لێبووە کە هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێنەکردوە، بەڵام دەپرسێت ئەمانە بۆچی هەڵواسراون؟

هەندێک پاڵێوراوى لیستەکان چەند ڕۆژێک پێش وادەی دیاریکراو لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە بەشێوەیەکی فەرمی، هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان دەستپێکردوە. ئەمەش بەپێشێلکردنی پەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن دادەنرێت کە کۆمسیۆن کاری پێدەکات.

“یاسا، ڕێگەنادات بە پاڵێوراو یان هەر قەوارەیەکی سیاسی، هەڵمەتی هەڵبژاردن پێش وادەی دیاریکراو لەلایەن کۆمسیۆنەوە، دەستپێبکات”، محەمەد ئەلبەتات شیکەرەوەی سیاسی و ئەکادیمی، وای وت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی 14ی ئەم مانگەی دیاریکردووە وەک وادەی دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و تا 11ی ئایار واتە 24 کاتژمێر پێش کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان، بەپێی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ژمارە (11)ی ساڵی 2018، بەردەوام دەبێت.

 

(کەرکوک ناو) چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، چەندین لافیتە و پۆستەری بەدیکردووە کە لەسەرە ڕێگاکانی بەغدا و نەینەوا دانراون و بریتیین لەوێنەی کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان و ناوی ئەو کوتلانەی لەسەر نووسراوە کە ئەو کەسایەتییانە سەرۆکایەتی دەکەن.

شێوازێکی دیکە، کە لەژێر ناونیشانی “پێشێلکاریی ڕێوشوێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن” تۆمارکراون، بریتیین لە دانانی لافیتە و پۆستەر کە تیایدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی پاڵێوراوێک کراوە و وێنەکەیشی لەگەڵدا دانراوە، بەپێی لافیتەکە دانیشتووانی ناوچەیەک، یان هۆز و عەشرەتی پاڵێوراوەکە پیرۆزبایی لێدەکەن بەبۆنەی پاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنەکان.

ئەلبەتات بە(کەرکوک ناو)ی وت “هەندێک پاڵێوراو دەیانەوێت خۆیان لەپەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن ژمارەی 11ی ساڵی 2018 بدزنەوە بەوەی وێنەی خۆیان و ناویان بڵاودەکەنەوە به‌ پاساوی ئەوەی دانیشتووانی فڵان ناوچە یان فڵان هۆز و عەشیرەت پیرۆزبایی لەڕۆڵەکەی خۆیان دەکەن بەخۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنەکان، زۆرجار ژمارەی لیستەکەیان یان ڕیزبەندییەکەیان تیادا نانووسن”.

ئەلبەتات رونیکردەوە ئەو ڕێوشوێنانە بریتیین له‌ “بانگەشە، لەچەمکی سیاسییدا”، ئەوەش ئەوەیە کە “پاڵێوراو یان لیستەکە دەیەوێت بە جەماوەرەکەی بڵێت خۆی بۆ هەڵبژاردن پاڵاوتووە، زمانی حاڵیشی دەڵێت تکایە دڵتان لام بێت”.

ئەو شیکەرەوە سیاسییە کە وانەی سیاسەت لەزانکۆی موستەنسرییە دەڵێتەوە جەختی کردەوە ئەو شێوازە بە”بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنرێت کە پاڵێوراوەکان دەیانەوێت گەمە بکەن یان دەقە یاساییەکە بگونجێنن، بەپاساوی ئەوەی ژمارەی لیستەکەیان نانووسن، یاخود دەڵێن ئەوان لافیتەکەیان هەڵنەواسیوە بەڵکو دانیشتووانی ناوچەکە یان هۆز و عەشیرەتەکە دانانناوە و هەڵیانواسیوە”.

تاریق حەرب، شارەزای یاسایی ئەو شێوازەی بەسەرپێچییەکی رونی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دانا کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە کاری پێدەکرێت.

“پێشێلکردنی ڕێوشوێنەکانی پەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن” تەنها لەسەر زەوی کورتنەکراوەتەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ لاپەڕەکانی جیهانی ئەنتەرنێت.

بەپێی لێدوانێکی تاریق حەرب بۆ (کەرکوک ناو)، “پێشێلکاریی یاسای هەڵبژاردن زۆرە، ژمارەیەکی زۆر پاڵێوراو پێیهەستاون، ئەو پاڵێوراوانەی ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەواقیعدا یاساکەیان نەشکاندبێت ئەوا لەجیهانی ئینتەرنێتدا لەپێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوکدا پێشێلی یاساکەیان کردووە”.

مەنار عیزەددین کچە ڕۆژنامەنووس تێبینی ئەوەی کردووە بڵاوبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووکدا هەندێکیان “باربۆکراون”، واتە بەپارە بانگەشەکە کراوە و پاڵێوراوەکان دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە بگەنە زۆرترین ژمارەی خەڵک.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سزای دارایی “غەرامە”ی بۆ سەرپێچیکاران دیاریکردووە کە لەسێ ملیۆن دیناری عێراقییەوە دەستپێدەکات و دەگاتە پەنجا ملیۆن دینار لەحاڵەتی دوبارەبونەوەی سەرپێچییەکە لەلایەن پاڵێوراوەکەوە.

ئەلبەتات، لای خۆیەوە ڕوونیکردەوە پەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن هەموو جۆرێکی بانگەشە قەدەغە دەکات، چەندین ڕێنمایی گشتیی لەخۆدەگرێت، بانگەشە لەجیهانی واقیعی و لەشەقام و باڵاخانەکاندا ڕێکدەخات، هەروەها لەجیهانی ئەنتەرنێت و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و تویتەر و یوتیوبیشدا.

ئەو شیکەرەوە سیاسییە داوای لەکۆمسیۆن کرد زیاتر مکوڕ بێت لەسەر دەرکردنی سزاگەلێک کە سەرپێچیکاران بسڵەمێنێتەوە، بەتایبەتی کە تەنها چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشە و “هیچ هەڵوێستێکی توند و بەبڕشت لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەرنەکراوە”.

لەپێشێلکردنی ڕێوشوێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، تەنها پاڵێوراو سەرزەنشت ناکرێت، بەڵکو چەندین هۆکاری ڕاگەیاندن بەشدارن لەو سەرپێچییەدا، بەپێی وتەی تاریق حەرب شارەزای یاسایی.

“هۆکانی ڕاگەیاندن لەکاتی روماڵکردنە رۆژنامەوانییەکانیاندا میوانەکانیان بەسیفەتی پاڵێوراو بەجەماوەرەکەیان دەناسێنن نەک بەپێی پۆستە ئاساییەکانیان وەک وەزیر یان بەڕێوەبەر یان پزیشک… هتد، هەروەها هەلیان بۆ دەڕەخسێنن بانگەشە بۆ خۆیان بکەن”.

هەندێک لەهۆکانی ڕاگەیاندن دەستیانکردووە بەبانگەشەی هەڵبژاردن، یەکێک لەکەناڵە ئاسمانییەکان لەبەشی سەرەوەی لای ڕاستی شاشەکەیانەوە دروشمی یەکێک لەلیستەکانی هەڵبژاردنی  داناوە، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری هۆکانی ڕاگەیاندن میوانداریی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکان دەکەن و هەلیان بۆ دەڕەخسێنن تا باس لەبەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان بکەن.

تاریق حەرب وتی “هۆکانی ڕاگەیاندن بەمەبەست دەیانەوێت ئەو پاڵێوراوانە بخەنە سەرشاشە، بۆنمونە شیکەرەوەیەکی سیاسیی پاڵێوراو بۆ هەڵبژاردنەکان میوانداریی دەکرێت لەکاتێکدا دەیان شیکەرەوەی سیاسیی دیکە هەن کە کاندید نین (بەڵام میوانداریی ناکرێن)”.

ئەو دەپرسێت بۆچی هۆکانی ڕاگەیاندن لەکەناڵە ئاسمانییەکان یان ڕادیۆکان یان ڕۆژنامەکان تەنها میوانداریی پاڵێوراوەکان دەکەن کە ژمارەیان لەحەوت هەزار پاڵێوراو تێپەڕ ناکات، حەرب داوای لەهۆکانی ڕاگەیاندن کرد لەم ماوەیەدا پاڵێوراوەکان نیشان نەدەن و خەڵکانی دیکە بهێنن لە36 ملیۆن دانیشتووانەکەی عێراق.

ئەو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە پارەی هەڵبژاردنەکان ڕۆڵی هەیە لەهەڵبژاردنی میوانانی هەواڵ و بەرنامەکان کە سەکۆ جۆربەجۆرەکانی ڕاگەیاندن بەرهەمی دەهێنن.

شێوەیەکی دیکەی “بانگەشەی نایاسایی هەڵبژاردن”، وەک تاریق حەرب رونیکردەوە بریتییە لەڕێکخستنی کۆڕ و ڤیستیڤاڵ بەچاودێریی هەندێک پاڵێوراو.

ماددەی (23)ی پەیڕەوەکە دەڵێت “کۆمسیۆن بۆی هەیە سزای “غەرامە” بسەپێنێت بەسەر پاڵێوراوی حیزبی سیاسییدا یاخود پەسەندکردنەکەیان هەڵبوەشێنێتەوە یان بێبەشیان بکات لەپاڵاوتن بۆ خولێک یان دوو خول هەرکەسێک سەرپێچیی ئەم پەیڕەوە بکات یاخود سەرپێچیی بنەماکانی ڕەفتاری حیزبە سیاسییەکان بکات کە واژۆیان لەسەری کردووە، ئەمە سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی ئەوتۆ کە بتوانێت ئەو سزایانەی کە لەیاسای هەڵبژاردندا دیاریکراون، جێبەجێ بکات”.

لەلایەن خۆیەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند تیمی چاودێرییان لەسەرجەم پارێزگاکان هەیە بۆ تۆمارکردنی گشت سەرپێچییەک سەبارەت بەبانگەشەی هەڵبژاردنەکان.

ئەو تیمانە چاودێریی پێشێلکارییەکان دەکات کە لەواقیعدا و لەجیهانی ئەنتەرنێتدا ڕوودەدەن و ئەوانەش کە هۆکانی ڕاگەیاندن بڵاویدەکەنەوە یان پەخشی دەکەن، ئەمە ڕزگار حەمە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەکۆمسیۆن جەختی لەسەر کردەوە.

ئەو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا دە پێشێلکاریی پەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن تۆمارکراوە کە ژمارەیەک لەپاڵێوراوان ئەنجامیان داوە، سەرۆک لیستەکانیان لێ ئاگادار کراوەتەوە. سزای دارایی دەدرێت بەسەریاندا، لەحاڵەتی دووبارەکردنەوەیشیدا تاوانەکە دووهێندە دەبێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران دووپاتی کردەوە “کۆمسیۆن ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لەسەرپێچیکاران بەپێی پەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ژمارە (11)ی ساڵی 2018”.

  شۆفێری تەکسییەکە لەکاتێکدا نیشانەی سەرسوڕمان بەڕووخسارییەوە بوو وتی “ئەگەر پاڵێوراوەکان لەئێستاوە پێشێلی ئەو پەیڕەوە دەکەن کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دایناوە، دەبێت چی بکەن کاتێک بتوانن بگەنە ئەنجومەنی نوێنەران یان دەسەڵات!”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن