ئه‌نفال برینێكی ساڕێژ نه‌بوه‌
30 ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانی هاوژینه‌كه‌یدا

April 14, 2018 at 10:44 am

كەركوك گوندی تۆپزاوا/نیسانی 2015/ لە ساڵیادی ئەنفالدا كەسوكاری قوربانیان داوای گۆڕی كەسوكارییان دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

پێنج مانگ بوو شومكردبوو، هاوسەرەكەمیان ئەنفال كردوو نەمبینیەوە”، ئەمە وتەی ئەو ژنەیە كە بەئاواتی هاتنەوەی هاوسەرەكەیەوە چاوانی لێك دەنێت.

ئاوات عەلی ژنێكی تەمەن (53) ساڵە‌و دانیشتوی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكەو باسی لەوە كرد كە حەمیدی هاوسەریان ئەنفال كردووە، له‌وكاته‌ی ته‌نیا پێنج مانگ بوو هاوسه‌رگیریان كردبوو.

پاش چەند مانگێك لەبێسەرو شوێنیبونی حەمید، كچەكەی لەدایك دەبێت‌و هەرگیز سۆزی باوكی نابینێت، “لەپاش باوكی، بەقوڕ بەسەریی‌و بەپارەی گسك فرۆشتن‌و نانكردن بۆ ماڵان كچەكەمم پێگەیاند”.

ئاوات تاساڵی  (2003) متمانەی هەبووە رۆژێك هاوسەرەكەی بگه‌ڕێتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، “ئێستا دەزانم كە ئەویش وەكو ئەو هەزاران كەسەی تر ئەنفال كراوە، بەڵام هەر بەئاواتی گەڕانەوەی ئەوەوە شەوان چاولێك دەنێم”.

حەمید پێشمەرگە بوەو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لەگوندی (ناسرومیسر) ژیاون، كاتێك بەسەردان له‌ ساڵی 1988 گەڕاونەتەوە كەركوك، هاوسەرەكەی دەستگیر كراوە، ئه‌وه‌ش دواجار بووە یەكترببینن.

ئاوات فرمێسكی چاوەكانی نەیدەهێشت چیرۆكەكەی تەواوبكات، جارجار چاوەكانی دەسڕیی ‌و دەستی به‌ قسه‌كردن دەكردەوە، “تەنیا خەم بۆ كچەكەم دەخۆم كە باوكی نەبینیوە و نازانێ سۆزی باوك چۆنە بۆ منداڵەكانی”.

ئەو (24) ساڵە جلوبەرگی رەش دەپۆشێت ‌و بەخەیاڵی ئەوە رۆژی بەڕێكردووە كە رۆژێك حەمید بگەڕێتەوە و كچەكەی ببینێت چۆن گەورەبووە، “یەكێك بوو لەهاوڵاتیانەی ده‌ڵێن لە گوندەكانی شوان – باكوری كه‌ركوك- كردویانەتە ژێر گڵەوە”.

پڕۆسەی ئەنفال‌ له‌ 14ی نیسانی 1988 لە شارە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، به ‌بڕیاری راسته‌وخۆی سه‌دام حسێن، سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی عیراق، دژ به‌ پێكهاته‌ی كورد و به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم 182 هه‌زار منداڵ، گه‌نج و ژن‌و پیاو ئەنفالكران‌و بەزیندویی كران بەژێر خۆڵەوە. ئەنفال هەزاران هاوسەری لەیەك كرد‌و منداڵی بێ باوك كرد.

كەركوك/مانگی ئەیلولی 2013/ وەزارەتی شەهیدان‌و كاروباری ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان روفاتی (81) ئەنفالكراوی لە ناوچەی تۆپزاوا لە كەركوك بەخاكسپارد فۆتۆ: كەركوك ناو

ناهیدە فایەق دانیشتوی ناحیەی قەرەهەنجیرە له‌ خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك و یەكێكە لەو كەسانەی لەشاڵاوی ئەنفالدا رزگار بووە، بەڵام هاوسەرەكەیی‌ و سێ برای ئەنفالكراون‌و كوڕو كچێكی لەزینداندا گیانیانلەدەستداوە.

كاتێك شاڵاوی ئەنفال دەستیپێكردووە، ئەوان نیشتەجێی گوندی (بان گۆلی) جەباریی بون، “من‌و هاوسەرەكەم‌ و منداڵەكانم دەسگیركراین ‌و گوێزراینەوە بۆ زیندانی دوبز ‌و لەوێوە هاوسەرەكەمم نەبینییەوە”، ناهیده‌ وای وت.

ئەو باسی لەچۆنیەتی گیان لەدەستدانی كوڕو كچەكەی كردو وتی “شارۆ كچه‌كه‌م بەسكی برسییەوە لەباوەشمدا گیانی لەدەستدا‌و كوڕەكەشم نەخۆش كەوت‌ و لەناو زینداندا ئەویشم لەدەستچوو”.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی 2005 – 2010 ده‌ستیكرد به‌ هێنانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوان و دروستكردنی مۆنۆمێنتێك له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، له‌ 17ی نیسانی 2010 روفاتی 107 ئەنفالكراوی گەڕاندەوە بۆ ئه‌و مۆنۆمێنته‌ و له‌ نێویاندا روفاتی دوو منداڵەكەی ناهیده‌ی تێدابوو، ئه‌و وتی “ئێستا لەو مۆنۆمێنتە بەخاكسپێردراون”.

ئه‌مڕۆ 30 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفالدا، به‌ڵام كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ناڕازین له‌ قه‌ره‌نه‌بوكردنه‌وه‌یان و ئاواده‌ننه‌كرانه‌وه‌ی گوند و شارۆچكه‌كانیان، هێشتا سیمای ئه‌نفال به‌ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌ دیاره‌.

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان موچه‌ی مانگانه‌ی بۆ ئه‌و خێزانانه‌ بڕیوه‌ته‌وه كه‌ كه‌سوكارین ئه‌نفالكراون، ‌به‌ڵام ماوه‌ی چوار ساڵه‌ موچه‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدا نادرێت، هێشتا موچه‌ی چه‌ند مانگێكی ساڵانی رابردویان وه‌رنه‌گرتوه‌.

“دایكم تاگیانی لەدەستدا، چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوكم بوو”، ئەمە وتەی یەكێكە لەو گەنجانەی تەمەنی دوو ساڵ بووە كە باوكی ئەنفال كراوە.

توانا ریاز كورێكی تەمەن (32) ساڵە‌و دانیشتوی گەڕەكی پەنجە عەلی شاری كەركوكە، ئەو دەڵێت “بەئاواتەوەبووم گۆڕی باوكم یان هه‌ر پێنج مامه‌كانم بزانیایە، چونكە دڵنیام ئەوان گیانیانلەدەستداوە”.

ئەو گەنجە باسی لەوەكرد كە هەموو ساڵێك له‌ 14ی نیسان ئەوان زامەكانیان دەكولێتەوە، “ئەوكەسانەی دان بەمافەكانی كوردا نانێن بابێت سەیری گۆڕە بەكۆمەڵەكانمان بكەن ‌و بزانن ئەنفال چی كردووە بە كورد”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن