دەنگی ده‌یان هه‌زار كورد له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌به‌رده‌م فه‌وتاندایه‌

April 14, 2018 at 7:40 pm

كه‌ركوك/هه‌ڵبژاردنی 2014/ دوو چه‌كداری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ناوه‌ندی شاره‌كه‌ ده‌پارێزن فۆتۆ: كاروان ساڵحی  

نارین رۆسته‌م – هه‌ولێر

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هێشتا سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ سندوقێكی ده‌نگدان له‌ ‌ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین بۆ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ دانه‌نێت كه‌ به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو پارێزگاكه‌یان جێهێشتووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار كوردی ناوچه‌كانی جێناكۆك ده‌نگه‌كانیان له‌به‌رده‌م فه‌وتاندایه‌.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوودا، كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشێی كرد، ده‌یان هه‌زار خێزانی كورد به ‌تایبه‌ت لە‌ كه‌ركوك و قه‌زای دوزخورماتوو و ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون.

هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی ئه‌و خێزانه‌ گه‌ڕانه‌‌وه‌ شوێنی خۆیان، به‌ڵام هێشتا هه‌زاران ده‌نگده‌ر ترسی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ شاره‌كانیان، هه‌روه‌ها به‌هۆی داخستنی رێگای سه‌ره‌كی كه‌ركوك – هه‌ولێر ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ رۆژی ده‌نگدان-دا نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

نەبەز باپیری (32ساڵ)و خوشكه‌كه‌ی به‌فرین، یه‌كێكن له‌و خێزانانه‌ی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك و له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن، ‌له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ده‌یانه‌وێت له‌و مافه‌یان بێبه‌شنه‌بن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كاری ده‌نگدانیان وه‌رگرتۆته‌وه‌.

“ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ركوك، چونكه‌ ناتوانین مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی خێزانه‌كانمان دروستبكه‌ین”، نه‌به‌ز باپیری بۆ‌ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

هه‌روه‌ها به‌فرین باپیری وتی “پێویستە لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵبده‌ن بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ هه‌ولێر بكه‌ینه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئاواره‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌نگبده‌ن”.

پێویستە لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵبده‌ن بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ هه‌ولێر بكه‌نه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئاواره‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌نگبده‌ن

حكومه‌تی عیراق، ئه‌و خێزانانه‌ی وه‌كو ئاواره‌ی ناوخۆ نه‌ناساندوه‌ كه‌ به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ناوچه‌كانیان جێهێشتووه‌، بۆیه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئاماده‌نییه‌ بنكه‌ی ده‌نگدانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ ژماره‌یان 148 هه‌زار خێزان ده‌بێت و هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ “بونی شانه‌ی نوستوی داعش” گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌.

كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم له‌ پشكی پارتی له‌ كۆنفرانسێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ترو و وڵاته‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌كان، بۆ راگه‌یاندنی پلانی فریاكه‌وتنی مرۆیی بۆ ئاواره‌كان 10ی نیسان، وتی “تائێستا ژماره‌ی هه‌ره‌ زۆریان لێره‌ن (هه‌رێمی كوردستان) و نه‌یانتوانیووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه”.

به‌پێی به‌دواداچونێكی (كه‌ركوك ناو) ئه‌وانه‌ی تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی خۆیان زۆرینه‌یان ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی دیموكراتی كوردستان بون، یان له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌و حزبه‌ كارده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌و حزبه‌  له‌ ناوه‌ڕاستی كانونی دوه‌می ئه‌مساڵ، بڕیاریدا بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوك بكات، هۆكاره‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ گەڕانده‌وه‌، كه‌ ناوچەكانی جێناكۆك لەلایەن هێزەكانی سەر بە حكومەتی ناوەندیەوە كراون بە “سەربازگه‌”.

كه‌ركوك/25ی ئه‌یلولی 2017/ به‌ڕێوه‌چونی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگده‌رانی كورد به‌دوای ناوه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان-دا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

“كه‌ركوك لەژێر داگیركاریی سەربازیدایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا بەڕێوەناچێت”، به‌پێی وته‌ی عه‌دنان كه‌ركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیانی پارتی بۆ (كركوك ناو).

تاریق مەولود (74ساڵ)، لیوای خانەنشینە له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی کەرکوکەوە، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌ولێر ده‌ژیت، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كه‌ركوكمان جێهێشت كه‌س پرسی پێنه‌كردین، ئێستا بۆ دەنگدان پرسمان پێدەکەن؟ من بۆ ده‌نگدان ناگه‌ڕێمه‌وه‌ كه‌ركوك”.

كه‌ركوكمان جێهێشت كه‌س پرسی پێنه‌كردین، ئێستا بۆ دەنگدان پرسمان پێدەکەن

جوتیار عەباس، پێشمه‌رگه‌یه‌كی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و پیشتر ده‌وامه‌كه‌ی له‌ ئاڵتون كۆپری (پردێ) بوو، ده‌ڵێت له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی داوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ناچار نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك.

رێگای كه‌ركوك – هه‌ولێر له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی تره‌ بۆ ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له‌و رۆژە‌دا بۆ ده‌نگدان بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك ده‌بێت دوو كاتژمێر و نیو به‌ڕێگایه‌كی جیاوازتردا بڕوات تا ده‌گاته‌ بنكه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ی.

به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا جیاوازتره‌، به‌هۆی كردنه‌وه‌ی رێگای مه‌خمور كه‌ هه‌ولێر به‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌به‌ستێته‌وه‌.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان له‌ڕێی (كه‌ركوك ناو)ەوە‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ ده‌نگده‌رانی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌‌ دابنێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌ داده‌نرێن كه‌ به‌ ئاواره‌ هه‌ژماركراون.

سه‌عید كاكه‌یی، ئەندامی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیارانی سه‌ر به‌ كۆمسیۆن وتی “ئەوە ئەرکی ئێمە نییە سندوق ببەینە بەردەمی دەنگدەر تا دەنگ بدات، ئەوە ئەرکی دەنگدەرانە بچنەوە شارەکانی خۆیان و دەنگبدەن”.

ئەوە ئەرکی ئێمە نییە سندوق ببەینە بەردەمی دەنگدەر تا دەنگ بدات، ئەوە ئەرکی دەنگدەرانە بچنەوە شارەکانی خۆیان و دەنگبدەن

پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا 63 هه‌زار ده‌نگی له‌ كه‌ركوك هه‌بوه‌ و ئێستا له‌گه‌ڵ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌، له‌ راگه‌یاندنه‌كانییه‌وه‌ كه‌ركوك به‌ “شارێكی نائارام” داده‌نێت.

نەوزاد عەبدوڵڵا (44ساڵ)، خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌ و له‌ هه‌ولێر له‌ دوكانێكی بۆیه‌ فرۆشتندا كارده‌كات، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كه‌ركوك داگیركراوه‌ و فرۆشراوه‌، ده‌نگدان به‌من چی؟، من بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و رۆژە پاره‌ بۆ خێزانه‌كه‌م په‌یدابكه‌م”.

هه‌ولێر/10ی نیسانی 2018/ دوو هاوڵاتی ئاواره‌ی كه‌ركوك داواده‌كه‌ن سندوقی ده‌نگدانیان له‌ هه‌ولێر بۆ دابنرێت چونكه ده‌ڵێن‌ بۆ ده‌نگدان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك فۆتۆ: نارین رۆسته‌م

به‌ڵام هێزه‌ كوردییه‌ ركەبه‌ره‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی پارتی (یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان) كه‌ خاوه‌نی 209 هه‌زار ده‌نگه‌ به‌پێی دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، پێیوایه‌ ده‌نگده‌ران مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه‌ و ده‌توانن بۆ ده‌نگدان بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود، جێگری مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركوك.

ره‌وه‌ند به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی پارتییه تا خه‌ڵك بترسن و ده‌نگ نه‌دەن،‌ كه‌س هه‌ڕە‌شه‌ی له‌سه‌ر نییه‌ و ده‌رگا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان كراوه‌یه‌”، زیاتر وتی “حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت ئه‌ی بۆ ناتوانێت بۆ كردنه‌وه‌ی رێگای پردێ رێكبكه‌وێت”.

جگه‌ له‌و خێزانانه‌ی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوكیان جێهێشتووه‌، چەندین هه‌زار خێزانی تری كوردی كه‌ركوك كه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا پێش 2003 به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان كۆچیان كردوه‌ یان ده‌ركراون، ده‌بێت بۆ ده‌نگدان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌ندێك ئاماری ناڕە‌سمی كه‌ له‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزبه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو) زیاتر له‌ 40 هه‌زار ده‌نگده‌ری كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ ده‌ژین و زۆرینه‌یان له‌ هه‌ولێرن. حزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك، جگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، پێنجشه‌ممه‌ 12ی نیسان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌ كه‌ركوك داوایانكرد كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان سندوقی ده‌نگدان ببرێته‌ ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو بێبه‌شنه‌بونی ئه‌و هه‌زاران ده‌نگده‌رانه‌.

زیاتر له‌ 40 هه‌زار ده‌نگده‌ری كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ ده‌ژین و زۆرینه‌یان له‌ هه‌ولێرن

پێده‌چێت سیاسییه‌كانی كورد هه‌ستیان به‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و مه‌ترسییه‌ كردبێت،
فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ وتارێكیدا له‌ كۆنفرانسی كوردستان دوای داعش كه‌ 30ی ئازاری رابردوو له‌ پاریس به‌ڕێوه‌چوو، وتی “كورد له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ عیراق 10 كورسی په‌رله‌مان له‌ده‌ستده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردو، هۆكاره‌كه‌شی بۆ روداوه‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن