حزبه‌ كوردییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان چڕده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ دانانی سندوق له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك

April 15, 2018 at 4:49 pm

كه‌ركوك، 14-4-2018، ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك
حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ كه‌ركوك، جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ پێوستی دانانی سندوقی ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ بۆ ئاواره‌كانی چه‌ند مانگی رابردوو، داواشده‌كه‌ن بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بپارێزرێت نه‌ك هیچ هێزێكی تر.
داواكاری حزبه‌ كوردییه‌كان به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كه‌سیی یه‌كه‌میاندا هات له‌ كه‌ركوك، كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15-4 به‌رێوه‌چوو بۆ تاوتوێكردنی پرسی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌.
رێباز فازڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی له‌ كه‌ركوك له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌كانی تر جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێوستی دانانی سندوقی ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك و هه‌وڵدانی حزبه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
ئاشكراشیكرد به‌شی یاسایی و هەڵبژاردنی حزبەكان كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و پرسه‌ و رێگری له‌ ته‌زویر رێكده‌خه‌ن.
هه‌فته‌ی رابردو ئه‌و حزبانه‌ هه‌مان داواكارییان بۆ هه‌بونی سندوقی ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك هه‌بوو.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوایین ئاماریدا رونیكرده‌وه‌ زیاتر له‌ 148 هه‌زار كه‌س له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 ئاواره‌بون و زۆربه‌یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشتر رونیكرده‌وه‌ ئەو هاوڵاتییانه‌ی شاری كه‌ركوك كه‌ له‌ پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن، بەمەبەستی دەنگدان بگەڕێنەوە کەرکوک و سندوقی دەنگدانیان بۆ نابردرێته‌ شاره‌كانی هه‌رێم.
حزبه‌ كوردییه‌كان داوای ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن پۆلیسی شاری كه‌ركوك بنكه‌كانی ده‌نگدان بپارێزێت نه‌ك ده‌زگا و هێزی تری ئه‌منی چونكه‌ وه‌كو ئه‌وان ده‌ڵێن “بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان توشی ترس و دڵه‌راوكێ نه‌بن”.
لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی باسی له‌وه‌ كرد له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌ پێوستی گه‌رانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و به‌شداری خه‌ڵك له‌ ده‌نگداندا كراوه‌، به‌ تایبه‌ت وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان، تا له‌ پرۆسه‌كه‌ بێبه‌ش نه‌بن و ده‌نگی كورد كه‌منه‌كات.
حزبه‌ كوردییه‌كان گومانی خۆشیان نیشاندا له‌ شێوازی ده‌نگدانی ئاواره‌كان و به‌ وته‌ی ئه‌وان “134 هه‌زار كارتی ده‌نگدانی كاتی بۆ ئاواره‌كانی حه‌ویجه‌ و ده‌وروبه‌ری ده‌ركراوه‌”.
كارتی ده‌نگدانی كاتی بۆ ئه‌و ئاوارانه‌یه‌ كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و كارته‌كانی پێشوی ده‌نگدانیان نه‌ماوه‌.
ئاسۆ مامه‌ند، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی “پلانێك هه‌یه‌ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگی كورد له‌ شاره‌كه‌”، به‌بێ ناوهێنانی هیچ لایه‌نێك و ورده‌كاری زیاتر.
حزبه‌ كوردییه‌كان به‌ چه‌ند لیستێك به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركوك كه‌ بڕیاره‌ 15ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌رێوه‌بچێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن