ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك روویدا
كوژراوێك و زیاتر له‌ 10 بریندار هه‌یه‌

April 15, 2018 at 6:21 pm

كه‌ركوك، 15-4-2018. ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك له‌ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی – عومه‌ر جه‌واد
هاوڵاتییه‌ك كوژراو زیاتر له‌ 10 كه‌سی تر برینداربوون، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ له‌ شاری كه‌ركوك كه‌ به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان، كاندیدێكی هه‌ڵبژاردنی كردۆته‌ ئامانج.
ته‌قینه‌وه‌كه‌ ده‌مه‌وئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15-4 له‌ ناوچه‌ی پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل روویداوه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌زرا له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك، به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌ك كوژراوه‌ و ژماره‌ی برینداره‌كانیش له‌ نێوان 10 بۆ 12 كه‌سدایه‌ له‌ نێویاندا سێ پاسه‌وان.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌رێی ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپل ئۆمیگاوه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی عه‌مار كه‌هیه‌، كاندیدی لیستی (توركمانی كه‌ركوك) بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كردۆته‌ ئامانج”.
ته‌قینه‌وه‌كه‌ ته‌نیا رۆژێك دوای ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق دێت كه‌ بڕیاره‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌رێوه‌بچێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ كه‌سێك كوژراوه‌ و 12ی تر برینداربوون، له‌ نێویاندا سێ پاسه‌وانی ئه‌و كاندیده‌.

كه‌ركوك، 15-4-2018. ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك له‌ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار هیدایه‌ت كه‌هیه‌، كاندیدی هه‌ڵبژاردن و هاوكات راوێژكاری فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق بووه‌.
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه‌ له‌ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی نزیك پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل راگیراوه‌ و له‌ كاتی تێپه‌ڕینی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانیدا ئه‌و كاندیده‌ی كردۆته‌ ئامانج.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وت كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌ك و 11 كه‌سی تر برینداربوون و سێ كه‌س له‌ برینداره‌كان پاسه‌وانی كاندیده‌كه‌ بوون.
دوایین ته‌قینه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك 25ی شوباتی ئه‌مساڵ بوو، كاتێك خۆكوژێك هه‌وڵیدا بگاته‌ باره‌گای عه‌سایب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق له‌ شاره‌كه‌ و له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی ئه‌و باره‌گایه‌وه‌، ته‌قه‌ی لێكرا و ته‌قییه‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن