له‌ كۆمسیۆنه‌وه‌ بۆ لیسته‌كان: له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كان دوربن

April 15, 2018 at 8:50 pm

كه‌ركوك، 14-4-2018، ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

عومه‌ر جه‌واد – كه‌ركوك ناو
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، داوای له‌ لیست و قه‌واره‌كان كرد دوربن له‌ شوێنه‌ پیرۆز و ئاینییه‌كان له‌ كاتی بانگه‌شه‌دا، هۆشداریشیدا له‌ پێشێلكردنی رێنمایی و رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پرۆسه‌یه‌.
ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15-4 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)ی ئاماده‌ی بوو رێنماییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی رونكرده‌وه‌.
عه‌بدولباست ده‌روێش، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی له‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی پێوسته‌ كاندید و لیست و هاوپه‌یمانییه‌كان شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت به‌كارنه‌هێنن بۆ بانگه‌شه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ هه‌ر لایه‌نێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ كاربكات رێكاریی به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

به‌پێی رێكاره‌كانی كۆمسیۆن سزای غه‌رامه‌كردن تا ئاستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ لیست و كاندید و قه‌واره‌كان دانراوه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی بكه‌ن له‌ بانگه‌شه‌دا.
لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمسیۆن به‌پێوستی زانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پله‌وپایه‌ی حكومی به‌كارنه‌هێنرێت بۆ خزمه‌تی تاكه‌كه‌س و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، ده‌بێت لانیكه‌م 100 مه‌تریش له‌ بنكه‌كان و ناوه‌نده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دوربن.
به‌كارهێنانی ماده‌ی لكێنه‌ر و هه‌ڵواسینی پۆسته‌ر و پرۆوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ دیوار و شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌.
هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، 14-4 ده‌ستیپێكرد و تا 10-5 به‌رده‌وامی ده‌بێت.
نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید له‌رێی 88 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاره‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن