ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هۆشداری ده‌داته‌ كاندیده‌كان

April 16, 2018 at 11:44 am

كه‌ركوك، 14-4-2018، ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو
ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ عیراق، هۆشداری ده‌كاته‌ كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن له به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت به‌بێ به‌ڵگه‌ و شكاندنی یه‌كتری، به‌وپێیه‌ی دواتر روبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ی یاساییان ده‌كاته‌وه‌.
هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، 14-4 ده‌ستیپێكرد و بڕیاره‌ تا 24 كاتژمێر به‌ر له‌ واده‌ی ده‌نگدان به‌رده‌وامی هه‌بێت.
ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ داوای له‌ كاندیده‌كان كردووه‌ وریابن له‌ بانگه‌شه‌دا و ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ به‌كارنه‌هێنن كه‌ ده‌بێته‌ تاوان و به‌پێی یاسا سزای له‌سه‌ره‌.
هه‌روه‌ها رونیكردۆته‌وه‌ نابێت كاندیده‌كان یه‌كتری ته‌نیا به‌ قسه‌ و به‌بێ به‌أگه‌ تۆمه‌تباربكه‌ن، یان هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر و هه‌وڵی خستنی به‌رانبه‌ره‌كانیان بده‌ن له‌رووی سیاسیه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ روهبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ یاساییان ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كاره‌ به‌و پاساوه‌ رزگاریان نابێت كه‌ قسه‌كانیان به‌شێك بووه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه.
نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید له‌رێی 88 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاره‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، زنجیره‌یه‌ك رێنمایی هه‌یه‌ بۆ بانگه‌شه‌ و له‌باری سه‌رپێچیكردنیدا رێكاری جیاوازی بۆ دانراوه‌، كه‌ له‌ غه‌رامه‌ی داراییه‌وه‌ تا ئاستی دورخستنه‌وه‌ی تێدایه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری