پۆلیسی كه‌ركوك: نۆ تۆمه‌تبار به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون

April 16, 2018 at 12:27 pm

كەركوك/2017/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو
پۆلیسی كه‌ركوك ئاشكرایكرد، هێزه‌كانیان توانیویانه‌ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیربكه‌ن و له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانیشیاندا، هه‌وڵێكی ته‌قینه‌وه‌ پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانده‌یی پۆلیس، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ نێو شاری كه‌ركوك ئه‌نجامداوه‌.
وه‌كو له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ له‌ 14-4 دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ توانیویانه‌ نۆ كه‌س له‌ تۆمه‌تبارانی بازرگانی و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیربكه‌ن به‌ تایبه‌ت ماده‌ی كریستاڵ.
ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكی هێزی نه‌هێشتنی ماده‌ی هۆشبه‌ر و پۆلیسدا بووه‌ و تۆمه‌تباره‌كانیش به‌پێی یاسا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ راگیراون.
له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیس باسى هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی حوسێنییه‌ك كراوه‌ له‌ نزیك گۆڕه‌پانی بۆنه‌كان له‌ كه‌ركوك و هاتووه‌، دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری توانراوه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرابكرێت كه‌ بۆمبی له‌و حسێنییه‌دا داناوه‌ و له‌هه‌وڵی ده‌ستگیركردنیدا رومانه‌ی راكێشاوه‌ و به‌ خۆیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌.
له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئه‌م مانگه‌شدا هێزه‌كانی پۆلیس له‌ كاتی دانانی بازگه‌ له‌ نزیك پری له‌یلان روبه‌روی ته‌قه‌كردن بونه‌ته‌وه‌ له‌ دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیكئابه‌وه‌ و دوای وه‌لامدانه‌وه‌یان، ده‌ست به‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كاندا گیراوه‌.
فه‌رمانده‌یی پۆلیس له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 15-4 نه‌داوه‌ له‌ نزیك پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتیه‌ك كوژرا و زیاتر له‌ 10 كه‌سی تر برینداربون.
پۆلیسی كه‌ركوك به‌ هه‌ماهه‌نگی و له‌ژێر فه‌رمانده‌یی دژه‌تیرۆری عیراق، دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشار به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017و گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی، كاتێك پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوره‌كه‌ كشایه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری