نوێترین راپرسی: هیچ لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌ك ناتوانێت 60 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت

April 16, 2018 at 5:04 pm

كه‌ركوك/نیسانی 2014/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ژماره‌ی كورسییه‌كانی پێكهاته‌ی شیعه‌ زیادده‌كات، له‌ به‌رانبه‌ردا لایه‌نه‌كانی كورد و سونه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كه‌مده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام هیچ لیست و هاوپه‌یمانییه‌ك ناتوانن 60 كورسی به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وه‌ش به‌پێی نوێترین راپرسی.

ناوه‌ندی رافیده‌ین بۆ دیالۆگ -گردبونه‌وه‌یه‌كی فكری سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ هاندانی دیالۆگی سیاسی و رۆشنبیری و دارایی-، خوێندنه‌وه‌ و پێشبینی بۆ دابه‌شبونی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان كردووه‌، به‌پشتبه‌ستن به‌ راپرسی و وه‌رگرتنی راوبۆچونی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی عیراق.

“دهنگی شیعه زیاددهكات”

به‌پێی ده‌ره‌نجامی راپرسییه‌كه‌ی ناوه‌ندی رافیده‌ین، هاوپه‌یمانی نیشتمانی (پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی شیعه‌كان) كه‌ ئێستا 183 كورسی له‌ په‌رله‌مان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگه‌كانی زیاد ده‌كات، ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ نزیكه‌ی 190 كورسی به‌رزده‌بێته‌وه‌.

وه‌كو له‌ راپرسییه‌كه‌دا هاتووه‌؛ هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیران و ژماره‌یه‌ك حزبی عیراقی له‌ نێوان 48 بۆ 50 كورسی به‌ده‌ستده‌هێنن، به‌دوای ئه‌واندا هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌خۆده‌گرێت 36 بۆ 40 كورسی مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.

هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ ره‌وتی سه‌در و چه‌ند حزبێكی تری تێدایه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت 33 بۆ 37 كورسی به‌ده‌ستبهێنن، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون-یش به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ نێوان 24 دا ده‌بێت، هه‌روه‌ها ره‌وتی حیكمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم 16 بۆ 20 كورسی به‌ده‌ستده‌هێنێت.

به‌پێی راپرسییه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ لیسته‌كانی دیكه‌ش چه‌ند كورسییه‌ك له‌ ناوچه‌كانی شیعه‌و وه‌كو به‌شێك له‌و پێكهاته‌ به‌ده‌ستده‌هێنن.

“كورسییهكانی سونه كهمدهبێتهوه

لیسته‌كانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سونه‌ كه‌ ئێستا 71 كورسییان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق، به‌پێی راپرسییه‌كه‌ی ناوه‌ندی رافیده‌ین ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ 51-62 كه‌مده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان و وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان و گۆڕانكاری دیمۆگرافی و دۆخی ئه‌منی.

ئیئتیلافی نیشتمانی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی چاوه‌ڕوانده‌كرێت 28 بۆ 32 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ دوای ئه‌واندا حزبی حه‌ل 11 بۆ 13 كورسی، هاوپه‌یمانی قه‌راری عیراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی 7 بۆ 10 كورسی و كاندیده‌كانی لیستی نه‌سریش له‌ناوچه‌ سوننه‌كان چاوه‌ڕوانده‌كڕێت 5 بۆ 7 كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

پێگهی لیسته كوردییهكان له ههڵبژاردندا

لیست و هاوپه‌یمانییه‌كانی پێكهاته‌ی كورد، كه‌ ئێستا خاوه‌نی 62 كورسی په‌رله‌مانی عیراقن وه‌كو له‌ ده‌ره‌نجامی راپرسییه‌كه‌دا هاتووه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌و ژماره‌یه‌ بۆ 56-60 كورسی كه‌مبێته‌وه‌.

كه‌ركوك/نیسانی 2014/  بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق له‌ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ناوه‌ندی رافیدین هۆكاری ئه‌و گۆڕانكارییه‌ له‌ ده‌نگی حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌ده‌بران (ناوچه‌كانی جێناكۆك).

ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ نێوان 23 بۆ 24 كورسیدا ده‌بێت، له‌ریزبه‌ندی دووه‌مدا لیستی نیشتیمان -بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح- 16 بۆ 18 كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ نێوان 14 بۆ 15 كورسیدا ده‌بێت و یه‌كگرتووی ئیسلامیش، به‌پێی راپرسییه‌‌كه‌ 3 بۆ چوار كورسی به‌ده‌ستده‌هێنێت.

راپرسییه‌كه‌ی ناوه‌ندی رافیده‌ین له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجامدراوه‌، له‌ رێی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی به‌ به‌شداری زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار كه‌س و وه‌رگرتنی بۆچونی ئه‌ندامانی ئه‌و ناوه‌نده‌ كه‌ له‌ 900 كه‌س پێكهاتوون له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ ئاینی و مه‌زهه‌بییه‌كان، جگه‌ له‌ كاری تیمی مه‌یدانی.

به‌شداربوانی ئه‌و راپرسییه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 18 تا سه‌روو 60 ساڵی بووه‌، سه‌دا 82یان له‌ ره‌گه‌زی نێر و سه‌دا 18 له‌ ره‌گه‌زی مێ پێكهاتوون، له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجامدراوه‌ و 10ی نیسانی ئه‌مساڵ كۆتایی هاتووه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، 88 لیست و هاوپه‌یمانی به‌ نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید، كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كه‌ن.

ناوه‌ندی رافیده‌ین بۆ دیالۆگ له‌ یه‌كی شوباتی 2014 له‌شاری نه‌جه‌ف له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسیی، ئه‌كادیمی و رۆشنبیره‌وه‌ دامه‌رزاوه‌ وه‌كو ناوه‌ندێكی ناحكومی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری