عه‌ره‌ب‌ له‌ كه‌ركوك: په‌رته‌وازه‌ترین پێكهاته‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژارنه‌كاندا

April 16, 2018 at 7:49 pm

كەركوك، نیسانی 2014، بەشداری كۆچبەران لە هەڵبژاردنە گشتیەكانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

عه‌ره‌ب وه‌ك په‌رته‌وازه‌ترین پێكهاته‌ له‌ كه‌ركوك ده‌چێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ و به‌‌ نۆ لیست و هاوپه‌یمانێتی به‌شداریی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌كات.

په‌رته‌وازه‌یی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ كه‌ركوك، له‌كاتێكدایه‌ ده‌یان هه‌زار ده‌نگیان له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوو له‌ده‌ستدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌دوو لیست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردودا به‌شداربون.

“هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك” كه‌ راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، محه‌مه‌د ته‌میم په‌رله‌مانتاری ئێستای شاره‌كه‌‌، له‌ دیارترین پێكهێنه‌رانی ئه‌و هاوپه‌یمانێتی-یه‌ن كه‌ ئه‌و پێكهاته‌یه پێكیهێناوه‌.

“لیستی تەزامون” بە سەرۆکایەتی ئه‌نوه‌ر عاسی، سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی عوبێدی‌، لیستی “فه‌تح” به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ژمارەیەکی تری لیستی عه‌ره‌بین.

هاوکات، هاوپه‌یمانێتی “نه‌سر”ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و ره‌وتی “حیكمه‌”ش‌ به ‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم و چه‌ند لیستێكی تر له‌ پارێزگاكه دەنگدەری عەرەبیان بەسەردا دابەش دەبێت‌.

ئه‌سیل یاسری، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی كۆنگره‌ی نیشتیمانی عیراقی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌شداربوانی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت  “١٠ پارتی ساسیی عه‌ره‌بی له‌ ‌نێویاندا ئێمه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌‌مان پێكهێناوه‌… عه‌ره‌بی كه‌ركوك رێككه‌وتون كه‌ یه‌كڕیزیمان بپارێزین له‌ پێناو پڕۆژە‌یه‌كی نیشتیمانیی ئه‌وه‌ش له‌‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی هاوبه‌ش و ستراتیژی كه‌ به‌رژە‌وه‌ندی گشتی تێدا به‌دیبێت”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ کێبڕکێی زیاتر له‌سه‌ر ده‌نگی عه‌ره‌ب له‌ پارێزگاكه هەیە‌، به‌تایبه‌ت لەلایەن هاوپه‌یمانێتییه‌كانی نه‌سر، فه‌تح و ره‌وتی حیكمه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی 2014ی په‌رله‌مانی عیراقدا، دەنگدەری عه‌ره‌ب به‌هۆی په‌رته‌وازه‌ییه‌وه‌ نه‌یتوانی پارێزگاری له‌ كورسیی و ده‌نگه‌كانی بكات، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ كۆی 12 كورسی پارێزگاكه‌ تەنیا دوو كورسی بەدەستهێنا.

ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق پێی نایه‌ رۆژی سێیه‌مه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12ی ئایاری رابردو بۆ به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراق به‌ڕێوه‌بچێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری