لیزا فەلەکەدین کاکەیی: ئەگەر ئاسایشى تەواو بۆ کاکەییەکان دەستەبەربکرێت، ئەوا داوای كورسی كۆتا ده‌كه‌ن

April 16, 2018 at 10:01 pm

لیزا فەلەكەدین كاكەیی فۆتۆ: پەیجی تایبەتی لیزا لەتۆِری كۆمەڵایەتی فەیسبوك

كه‌ركوك ناو

لیزا فه‌له‌كه‌دین، كچی كه‌سایه‌تی كۆچكردوی دیاری كاكه‌ییه‌كان (فه‌لاكه‌دین كاكه‌یی) رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئەگەر ئارامى و ئاسایشى تەواو بۆ کاکەییەکان دەستەبەربکرێت، ئەوا کاردەکەن بۆ ئەوەى وەکو پێکهاتەکانی دیکە بگەن بە مافەکانیان، “لەناویاندا مافى بەدەستهێنانى کورسی کۆتا”.

ئه‌و وتانه‌ی لیزا كاكه‌یی كه‌ له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا كاری سیاسیی ده‌كات، له‌كاتێكدایه‌ كاكه‌یی تاكه‌ پێكهاته‌ن له‌ عیراق كورسی كۆتایان له‌ په‌رله‌مان بۆ ده‌ستبه‌رنه‌كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌دواین  هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ 11ی شوباتی ئه‌مساڵ بڕیاردرا به‌ زیادكردنی كورسییه‌كی كۆتا بۆ كوردانی فه‌یلی له‌ پارێزگای واست.

لیزا وتی “ئەو ناوچانه‌ی كه‌ کاکەییەکان تێیدا دەژین، بەزۆرى ناوچەکانى هێڵى تەماسی نێوان پێکهاتەکانى دیکەن بە تایبەتى کورد و عەرەب، بۆیە هەمیشە ترسیان هەیە لە بە ئامانجگرتنیان، بۆیە خۆیان داوەتە پاڵ پێکهاته‌ی زۆرینەى ئەو ناوچانە”.

لیزا له‌ راپۆرتێكی (كه‌ركوك ناو)دا له‌باره‌ی نه‌بونی كورسی كۆتا بۆ كاكه‌ییه‌كان، وتی “ئەگەر ئارامى و ئاسایشى تەواو بۆ کاکەییەکان دەستەبەربکرێت، ئەوا کاردەکەن بۆ ئەوەى وەکو پێکهاتەکانی دیکە بگەن بە مافەکانیان، لەناویاندا مافى بەدەستهێنانى کورسی کۆتا”.

تائێستا ئه‌و پێكهاته‌یه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ په‌رله‌مانی عیراق به‌رزنه‌كردۆته‌وه‌، به‌وته‌ی زانا رۆستایی ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بۆ (کەرکوک ناو)، ئەوە تاکە رێگایە بۆ ئەوەى بتوانن ببنە خاوەن کورسی کۆتا.

كاکەییەکان لەچەندین ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان و عیراق بڵاوبونەتەوە، بە زۆرى لە پارێزگاى کەرکوک، قه‌زای هەڵەبجە له‌ پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها قەزاى قەرەقوش له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ پارێزگای هه‌ولێر و له‌ قه‌زای خانەقین و مەندەلى و جەلەولا له‌ پارێزگای دیاله‌، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەیان لە سەرتاسەرى عیراق بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

ئه‌و پێكهاته‌یه‌ هاوشانی كه‌مینه‌كانی تری وه‌ك توركمان، كریستیان، ئێزیدیی روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 بۆ كۆتایی 2017، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كان هێشتا له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن