پۆلیس ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی له‌ موسڵ ته‌قانده‌وه‌

April 17, 2018 at 10:21 am

موسڵ، 16-4-2018، ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

نه‌ینه‌وا – كه‌ركوك ناو

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی موسڵ، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی له‌ نزیك پردێكی ئه‌و شاره‌ ته‌قانده‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی.

شه‌وی رابردوو 16-4 له‌ نزیك پردی چواری موسڵ، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پۆلیسی نه‌ینه‌وا، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ موسڵ بۆ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ له‌ جۆری كیای بارهه‌ڵگری دووته‌ن بوو، به‌پێی زانیاری هه‌واڵگری زانرا بۆمبڕێژكراوه و له‌ نزیك ئه‌و پرده‌ و به‌رانبه‌ر مزگه‌وتی مازن له‌ به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌ راگیراوه‌.

وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ هه‌مان شوێندا ته‌قێنرایه‌وه‌ به‌بێ هیچ زیانێكی گیانی.

ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی هه‌ڵمه‌تی گه‌ران و پشكنینی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌یان كه‌س به‌ تۆمه‌تی هه‌بونی په‌یوه‌ندی و ئه‌ندامێكی داعش ده‌ستگیركراون، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌دان پارچه‌ ته‌قه‌مه‌نی جیاواز و دۆزینه‌وه‌ی تونێل و حه‌شارگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌.

شاری موسڵ ‌و ناوچەكانی دەوروبەری له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، لە تەمموزی ساڵی رابردووەوە كۆنتڕۆڵكردنەوەی راگەیەندراوە بەڵام هێشتا دۆخی ئەمنی بە تەواوی جێگیر نییە ‌و بەشێكی زۆریش لە دانیشتوانەكەی نەگەڕاونەتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن