سێ كچی ئێزیدی له‌ سوریا رزگاركران

April 17, 2018 at 11:27 am

دهۆك، 7-11-2017، شادبوونەوەی كچە رزگاربویەكی ئێزیدی بە كەسوكاری فۆتۆ: نوسینگەی كاروباری رفێنراوان

كه‌ركوك ناو

له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی سوریا، سێ كچی ئێزیدی رزگاركران دوای چه‌ند ساڵێك له‌ رفاندیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بەپێی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

حسێن قائیدی، لێپرسراوی ئەو نوسینگەیە لە به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد یه‌كشه‌ممه‌ 16ی ئه‌م مانگه‌ له‌ شارێكی وڵاتی سوریا، كچێكی ئێزیدی كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رفێنراو توانرا رزگاربكرێت.

ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌ ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌ و خه‌ڵكی تل عه‌زیزه‌ له‌ سنوری قه‌زای شه‌نگال.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌ش نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی ئاماژه‌ی به‌ دۆزینه‌وه‌ و رزگاركردنی دوو كچی تری ئێزیدی كردووه‌ له‌ سوریا.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تائێستا، كه‌متر له‌ 15 هاوڵاتی ئێزیدی رفێنراوی لای داعش رزگاركراون و گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ نێو كه‌سوكاریان، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا لە تەواوی ساڵی 2017دا، تەنیا 349 هاوڵاتی ئێزیدی رزگاركراون كە زۆرینەیان منداڵ بوون، بەپێی ئامارەكانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان.

بە نادیاری مانەوەی چارەنوسی هەزاران ئێزیدی لە كاتێكدایە، زیاتر له‌ چوار مانگه‌ حكومەتی ناوەندی بە فەرمی نەمانی دەسەڵاتی داعشی لە تەواوی عیراق راگەیاندووە ‌و لە سوریاش ئەو رێكخراوە، بەرەو كۆتایی دەڕوات.

بەپێی ئامارەكانی حكومه‌تی هه‌رێم هێشتا چارەنوسی زیاتر لە سێ‌ هەزار هاوڵاتی ئێزیدی دیارنیین، لە نێویاندا نزیكەی هەزار‌و 500 كەس لە رەگەزی مێ‌، ئەوەش لە كۆی شەش هەزار‌و 417 رفێنراو كە لە چەند ساڵی رابردووەوە تائێستا زیاتر لە سێ‌ هەزاریان رزگاركراون.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری