کاندیدەکان رێگای نوێ دادەهێنن بۆ گەيشتن بە پەرلەمان

April 19, 2018 at 10:07 pm

كه‌ركوك، 15ی نیسانی 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ وێستگه‌یه‌كی پاس فۆتۆ: كاروان ساڵحی

یاسین تەها

ره‌نگه‌ شێوازی دابه‌شكردنی به‌تانی و دیاری تایبه‌تی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆن بووبێت و وه‌ك جاران به‌های ئەوتۆی نه‌مابێت بۆ هه‌ڵبژارد‌نه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ى ئایاری داهاتوو، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ پاڵنه‌ر تا کاندیدەکان رێگای نوێ و نا ته‌قلیدی بدۆزنه‌وه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ هۆڵی په‌رله‌مان كه‌ به‌ پێی ئه‌زموونی سێ خولی ڕابردوو (2005 _ 2018) سه‌رچاوه‌ی خێر و بێرێکی زۆرە  بۆ په‌رله‌مانتاران و خێزان و بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌كانیان.

پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ هاتنی وه‌رزی هه‌ڵبژاردن داوه‌تی چه‌وری عه‌شایه‌ری له‌ هه‌ندێك پارێزگا به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیانكردووه‌، له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌ زۆری سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ تێیدا بوه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی دۆستانی ژینگه‌ و چاودێرانی ته‌ندروستی، ئەویش بەهۆی ئەو مه‌ترسیانەی لەسەر قه‌ڵاچۆكردنی سامانی ئاژه‌ڵ لەم پارێزگایەدا هەن و مه‌ترسی به‌كارهێنانی ئه‌و گۆشته‌ زۆره‌ی دوور له‌ چاودێری ته‌ندروستی به‌كارده‌هێنرێت و بەرێگای لاکۆڵان دابیندەکرێت.

پاڵێوراوانی لیسته‌كان رویانكردۆته‌ غه‌ساله‌كان بۆ ئه‌وه‌ی رێگا خراپه‌كانی گوندو شارۆچكه‌كانی بەشێوەی کاتی پێ چه‌وڕێژ بكه‌ن

دوور له‌ پارێزگای دیاله‌ش كه‌ مۆركی عه‌شایه‌ری به‌سه‌ریدا زاڵه‌ وه‌ك زۆربه‌ی پارێزگاكانی عیراق، پۆسته‌كانی فه‌یسبووك دەریدەخەن بەمدواییانە خواست له‌سه‌ر تێكه‌ڵه‌ی لم و چه‌و له‌ عێڕاقدا لەهەڵکشاندایە، چونكه‌ پاڵێوراوانی لیسته‌كان هه‌موو رێیانكردۆته‌ غه‌ساله‌كان بۆ ئه‌وه‌ی رێگا خراپه‌كانی گوندو شارۆچكه‌كانی بەشێوەی کاتی پێ چه‌وڕێژ بكه‌ن، به‌ڵكه‌ رێگای په‌رله‌مانیان بۆ ئاسان بكات. به‌م دواییانه‌ش له‌ عیراق ته‌نزێك زۆر بڵاوه‌ كه‌ ده‌ڵێت رێگای په‌رله‌مان پڕه‌ له‌ كێبه‌ڕكێ و مه‌ترسی و پێویستی به‌ چه‌ورێژكردن هه‌یه‌ له‌به‌ر سه‌ختییه‌كه‌یی و زۆری رێبواره‌ ركابه‌ره‌كانی كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندیده‌ بۆ ٣٢٩ كورسی په‌رله‌مانی.

فه‌لوجه‌، 20ی ئازاری 2018، محه‌مه‌د كه‌ربولی، یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان رێگایه‌ك رێكده‌كاته‌وه‌ و چه‌وڕێژی ده‌كات فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

ئه‌و كاندیدانه‌ی سپۆنسه‌ری هه‌ڵمه‌ته‌كانی چه‌وڕێژكردن ده‌كه‌ن سه‌ر به‌ لیستی جیاجیان و له‌ زیاتر له‌ یه‌ك پارێزگادان و خۆیان كردوه‌ به‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤ و جێگره‌وه‌ی شاره‌وانی پاش چه‌ندین ساڵ له‌ فه‌رامۆشكردنی رێگاوبانه‌كان و دوای خه‌موژانێکی زۆری خه‌ڵك له‌ هاتووچۆكردن به‌ سه‌ریاندا به‌ ناچاری.

هه‌ندێك له‌و پاڵێواراوانه‌ی ئه‌م خزمه‌ته‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ نزیك بارهه‌ڵگره‌كانی تێكه‌ڵه‌ی چەوو لم وێنه‌ ده‌گرن و هه‌یانه‌ ته‌نها لافیته‌یه‌ك ده‌نوسێت له‌باره‌ی چالاكییه‌كه‌ی، پاش هۆشداریدانی حكومه‌تیش له‌ تێپه‌ڕاندنی ڕۆڵی شاره‌وانی و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ پێشكه‌شكردنی پرۆژە، هه‌ندێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ په‌نا بۆ هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان ده‌به‌ن بۆ چاككردنی جاده‌كان، به‌ڵام رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در به‌ دوری ده‌زانێت چه‌وڕێژكردنی جاده‌كان ببنه‌ هۆی گۆڕینی بژارده‌ی ده‌نگده‌ر چونكه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌و “ده‌نگی ئه‌وان له‌ تێكه‌ڵه‌ی چه‌و و خۆڵ به‌ نرختره‌”.

هه‌ندێك كاندیدی تر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر كۆكردنه‌وه‌ی فایلی دامه‌زراندن

نرخی گه‌ڵابه‌یه‌ك تێكه‌ڵه‌ی چه‌و لەعیراق له‌ نێوان ١٠٠ _ ٢٠٠ هه‌زار دیناردایه‌، هه‌ندێ به‌ڵێنده‌ریش پێیانوایه‌ له‌مساڵدا بایی سه‌دان ملیۆن دینار لەم مادەیە كڕدراون، هه‌ر ئه‌و لیسته‌ سیاسیانه‌شی كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و ناتوانن خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش بكه‌ن به‌ پاساوی قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی پارەی تەرخانکراو‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ لەسەروبەندی هەڵبژاردندا خزمه‌تگوزاریی بێ سنوور پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ سه‌رچاوه‌ی نادیاره‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی پۆست وه‌رگرن یان له‌ كۆتایی ماوه‌ی کارکردنیان لە پۆستە فەرمییەکان.

جگه‌ له‌ تێكه‌ڵه‌ی چه‌وو لم كه‌ بۆته‌ بابه‌تێكی گاڵته‌ ئامێز له‌ شه‌قامی عیراقیدا، هه‌ندێك كاندیدی تر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر كۆكردنه‌وه‌ی فایلی دامه‌زراندن له‌ژێر ناوی حه‌شدی عه‌شایه‌ری یان خۆبه‌خشی ئه‌منی، هه‌ندێك له‌وانه‌ش پاره‌ ده‌ده‌ن به‌ خه‌ڵك وه‌ك مووچه‌ له‌و بڕە پارەیەی تایبه‌تیان كردوه‌ بۆ با‌نگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌لای خۆشییه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ هاوڵاتیان كه‌ ئاساییه‌ با پاره‌ی كاندیده‌كان وه‌ربگرن به‌ڵام ده‌نگیشیان بۆ نه‌ده‌ن وه‌ك سزایه‌ك له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ماڵ و دارایی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی.

بابل، كانونی دوه‌می 2018، نوسینگه‌ی عه‌سائیب ئه‌هلوحه‌ق چه‌ند رێگایه‌ك به‌ تێكه‌ڵه‌ و چه‌ورێژ چاك ده‌كه‌ن فۆتۆ: په‌یجی حه‌شدی حه‌ق مه‌ده‌نی

سەرباری سەرقاڵی هەندێ کاندیدیش بەخەرجکردنی پارە بۆ پرۆژەی ریکلام و هەڵبژاردن، هەندێک پەرلەمانتار پاڵێوراون و ئەزمونیان زیاترە وێنەی خۆیان لەگەڵ ئەو یارمەتیانەدا بڵاودەکەنەوە کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە دابەشدەکرێت و لەتەنیشتی وێنەکاندا دەنوسن بەهەوڵی “فڵانی کوڕی فڵان دابینکرا” به‌بێ ئەوەی باسی ئەوەبکەن ئەو یارمەتییانه‌ حکومین یان هی رێکخراوە خێرخوازییەکانن، لەسەر ئەم حاڵەتەش هەندێکجار لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران سکاڵایان بەرزکردۆتەوە چونکە پەرلەمانتارەکان تەنانەت ئەرکی ئەوەش ناخەنە بەرخۆیان کە بچن وێنەیەکی تازەی یارمەتییەکان بگرن بەڵکە هەر ئەوەی وەزارەت خۆی بەکاردەهێننەوە.

تا لەهەڵبژاردنیش نزیک ببینەوە هۆکارەکانی ریکلام و پڕوپاگەندەش زیاترو جۆراوجۆرتر دەبن وەک ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو هەندێک پەرلەمانتاری ژن بەگریان و هاوار هاوارکردنەوە لەبەردەم کامێراکان دەرکەوتن وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ دۆخی خراپی عیراقییەکان بەهیوای ئەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە ببێتە هۆی پەڕینەوەیان بۆ پەرلەمان، هەندێکیتر لەو ژنانە پەنا بۆ جوانترین ستایلەکانی مەیکەپ و جوانکاری دەبەن لەکاتی وێنەگرتنی پۆستەرەکان بۆ ئەوەی ببنە جێگەی سەرنجی ئەو گەنج و تویژە فزولییانەی لەماوەی رابردوودا تیروتوانجیان لە نەبوونی شیکپۆشی و روخساری ژنە پەرلەمانتارەکانی خولەکانی ڕابردوو هەبووە.

کاندیدەکان چەند قاتی ئەو بڕە موچەیه‌ی بڕیارە وەریبگرن پارە لەریکلام و هەڵمەتی هەڵبژاردندا خەرجدەکەن

هەندێ کاندیدیش کە پۆستی حکومییان هەیە خۆیان پێ نەگیراوە و رویانکردۆتە ناوەندەکانی خوێندن بۆ بەخشینەوەی یارمەتی یان بەسەرکردنەوەی خوێندکاران، بۆیه‌ لەگەڵ بەڕێوەبەرو ستافی کارگێڕی ئەو ناوەندانە بەشەڕ هاتوون و رەنگە بەوهۆیەشەوە لەبری قازانج زیانی گەورە بکەن، چونکە خۆپیشاندان لەدژیان رێکخراوە وەک ئەوەی لەگەڵ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا رویدا لەچەند رۆژی رابردوودا.

رێگا نوێیەکانی ریکلامی هەڵبژاردن بووەتە هۆی دروستکردنی سەرسوڕمان لای چاودێرانی سیاسی لەعیراق، چونکە کاندیدەکان چەند قاتی ئەو بڕە موچەیه‌ی بڕیارە وەریبگرن پارە لەریکلام و هەڵمەتی هەڵبژاردندا خەرجدەکەن بەتایبەت پاش کەمکردنەوەی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام رەنگە وەڵامەکە ئاسان بێت ئەگەر بزانین بوونە ئەندام لەئەنجومەنی نوێنەران دەرگا دەكاتەوە بۆ خێروبێرێکی زۆر و چەندین تۆمەتیش لەمبارەیەوە لەئارادان، كه‌ باس لەوەرگرتنی بەرتیل و دیاری و پێشەکی و پشکی گرانبەها دەکەن لەلایەن ئەندامانی ئەو لیژنانەی پەیوەندییان بەبەخشینی مۆڵەت و رەزامەندییەوە هەیە بۆ پرۆژە گەورەکانی حکومەت یان وەبەرهێنان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن